سەرەکی » دۆسێ » عیراق به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختە

كازمی‌ بڕیاریدا

عیراق به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختە

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، دواجار بڕیاری‌ سازدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌ختەی‌ ده‌ركرد و مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ داهاتووشی‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ دیاریی‌ كرد.

ئه‌م بڕیاره‌ی‌ مسته‌فا كازمی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق، له‌لایه‌ن هه‌ندێكه‌وه‌ وه‌ك پابه‌ندبوون به‌ به‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ پێش پێكهێنانی‌ حكومه‌ت و له‌لایه‌ن هه‌ندێكی‌ تریشه‌وه‌ به‌ پێشێلكردنی‌ بڕگه‌كانی‌ ده‌ستوری‌ عیراقی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ بۆكرا.

كازمی‌ بڕیاریدا
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كابینه‌كه‌ی‌ وه‌ك حكومه‌تی‌ كاربه‌ڕێكه‌ر له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوودا متمانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ پێبه‌خشرا، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق مانگی 6ی 2021ی بۆ ئه‌نجامدامی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ دیاری كرد.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ له‌ 31ی‌ ته‌مموزی‌ 2020 رایگه‌یاند، مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عیراق ئه‌نجام ده‌درێت.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، كازمی به‌ڵێنیدا هه‌موو پێداویستییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ن.

ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و ده‌ربازكردنی عیراق له‌ قه‌یرانی دارایی ئه‌و دوو ئامانجه‌بوون كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی له‌پێناویاندا پێكهێندراوه‌ و پێشتر هه‌ندێك لایه‌ن به‌ گومانه‌وه‌ ده‌یانڕوانییه‌ جددی بوونی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌.

هه‌ڵوێستی‌ یۆنامی‌
تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق «یونامی» خۆشحاڵی‌ به‌رانبه‌ر به‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌رده‌بڕێت كه‌ له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراقه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا.

دوابه‌دوای‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ كازمی‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ داهاتوو، نێرده‌ی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق كه‌ به‌ «یونامی» ناوده‌برێت، پشتیوانی خۆی بۆ دیاریكردنی كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عیراق راگه‌یاند و ئاماده‌یی‌ خۆی‌ بۆ پێشكه‌شكردنی‌ پشتیوانی‌ و هاوكاریی‌ له‌و رووه‌وه‌ خسته‌ڕوو.

جینین بلاسخارت نێرده‌ی‌ تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق رایگه‌یاند، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و گشتگیر به‌ شێوه‌یه‌كی دروست، ده‌كرێت ببێته‌ هۆی چالاككردنی سیستمی سیاسی و بنیتنانانی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ عیراقدا و به‌جێگه‌یاندنی‌ خواستی گه‌ل له‌لایه‌ن له‌ نوێنه‌رانی‌ سیاسی‌ كه‌ ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ باشتر و شیاوتر له‌لایه‌ن چینی‌ سیاسییه‌وه‌ بهێنرێته‌دی‌.

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ره‌خنه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌گرێت
دوای دیاری كردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ره‌خنه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌گرێت و داوای كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی په‌ڕله‌مان ده‌كات و ده‌ڵێت: “ئێمه‌ش هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختمان ده‌بێت، به‌ڵام به‌پێی ڕێكاره‌كانی ده‌ستوور”.

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ 31ی‌ ته‌مموزی‌ 2020، بڕیاریدا له‌ ڕۆژی 6-6-2021 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عیراق ئه‌نجام بدرێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌ڕله‌مانی عیراق له‌ هه‌ژماری خۆی له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ (تویته‌ر) رایگه‌یاند»پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی و كراوه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان ئه‌نجام بدرێت بۆ گفتووگۆكردن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان».

به‌ وته‌ی‌ حه‌لبوسی‌«»ئێمه‌ش هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختمان ده‌بێت، به‌ڵام به‌پێی ڕێكاره‌كانی ده‌ستوور».
حه‌لبوسی وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رانبه‌ر بڕیاره‌كه‌ی كازمی، ده‌قی ڕێكاره‌ ده‌ستورییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ تێیدا به‌ڕوونی ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، یان به‌زۆرینه‌ی ڕه‌های ژماره‌ی په‌ڕله‌مانتاران هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ به‌ داواكاری دوو له‌سه‌ر سێی په‌ڕله‌مانتاران و یان به‌ داوای سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك كۆمار، هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمار بانگه‌واز بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌كات».

كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌یه‌
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، پاش جێبه‌جێكردنی چه‌ند داواكارییه‌ك ئاماده‌ن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ داهاتوو.

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق داواده‌كات یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هه‌مواربكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای دادگا به‌پێی یاسا ته‌واوبكرێت، بۆئه‌وه‌ی بڕیار له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بدات.

كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق داواشی كردووه‌، حكومه‌تی عیراق بودجه‌ی پێویست بۆ ڕاییكردنی كاره‌كانی كۆمسیۆن دابین بكات.
هه‌روه‌ها داواشی له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌ و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه‌، چاودێری و هاوكاری بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجامبدرێت.

«ده‌بێت سه‌رۆك كۆمار واده‌كه‌ دیاریی‌ بكات»
دوای بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ به‌غدا ده‌ڵێت: “دیاری كردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن سه‌رۆكی كۆماره‌وه‌ ده‌بێت».

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاریدا له‌ ڕۆژی 6-6-2021 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌ عیراق ئه‌نجام بدرێت.

سه‌لیم شووشكه‌یی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی عیراق له‌ هه‌ژماری خۆی له‌سه‌ر تۆڕی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ (فه‌یسبوك» رایگه‌یاندووه‌، هه‌ڵبژادنی پێشوه‌خته‌ پێویستی به‌چه‌ند ڕێكارێكه‌ له‌وانه‌، ته‌واوكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌نگدانی كۆتایی له‌سه‌ری، له‌ئێستادا ئه‌و یاسایه‌ ماویه‌تی ته‌واو بكرێت، چونكه‌ ئه‌و خشته‌یه‌ی چڕی دانیشتوان دیاری ده‌كات ته‌واو نه‌بووه‌ و ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌دراوه‌، پاشان هه‌مواركردنی یاسای دادگای فیدڕاڵی عیراق بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژادنه‌كان په‌سه‌ند بكات.

به‌ وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌«هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان و دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن سه‌رۆكی كۆماره‌، نه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران».

شوشكه‌یی‌ پێیوایه‌« به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌م ڕێكارانه‌ هه‌ڵبژاردن له‌عیراق ناكرێت و چوار چێوه‌ی یاسایی وه‌رناگرێت».

به‌پێی ڕێكاره‌ ده‌ستورییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان، له‌ ده‌قه‌كانی‌ ده‌ستوری‌ عیراقیدا هاتووه‌« یان به‌زۆرینه‌ی ره‌های ژماره‌ی په‌ڕله‌مانتاران هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ به‌ داواكاری دوو له‌سه‌ر سێی په‌ڕله‌مانتاران و یان به‌ داوای سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك كۆمار، هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمار بانگه‌واز بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌كات».

print

 217 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*