سەرەکی » ئابووری » هەرێم ئامادەكاری بۆ لیستی مووچەی تەندروستی و پەروەردە دەكات

لیژنەكە دەسەڵاتی هەیە

هەرێم ئامادەكاری بۆ لیستی مووچەی تەندروستی و پەروەردە دەكات

سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای لە لیژنەی وردبینیكردن لە مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی هەرێم كردوە بەزوترین كات كارەكانیان تەواو بكەن، ئەندامێكی لیژنەكەش وادەی یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەكە ئاشكرادەكات و وردەكاریی ئامادەكردنی لیستی مووچەخۆران رووندەكاتەوە و مژدەیەكیش ئاراستەی موچەخۆران دەكات.

حەیدەر عەبادی جدیە
د.ڤیان حسێن جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لەوەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم و ئەندامی‌ لیژنەی‌ وردبینیكردن لە مووچەی‌ فەرمانبەران، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند: «هەفتەی رابردوو ئەو لیژنە حەوت كەسییە پێكهێنراوە كە دوو ئەندامی‌ كوردن و ئەركیان وردبینیكردنە لەمووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حكومەتی هەرێم».
وتیشی:»یەكێك لەئەندامانی لیژنەكە كە لەبەغدایە پێیڕاگەیاندوم سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاگاداری كردونەتەوە دەبێت بەزویی كارەكانیان تەواوبكەن و خودی حەیدەر عەبادی جدیە لەم پرسە، مەبەستی سەرەكی كاری لیژنەكەش ناردنی موچەیە بۆ هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عیراق».

ناوی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست
بەوتەی بەڕێوەبەرەكەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، پێدەچێت رۆژی دوو یان سێی كانوونی دووەمی 2018 لیژنەكە كۆبوونەوەی یەكەم ئەنجامبدات، ئەگەرنا ئەوە بەدڵنیاییەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكە بەڕێوەدەچێت.
د.ڤیان جاف ئەوەشی‌ وت:»لیژنەكە دەسەڵاتی تەواوی هەیەو ئەگەر رەزامەندی لەسەر لیستی مووچەی هەردوو وەزارەتەكە دەربڕی، ئەوە دەستبەجێ حكومەتی عیراق مووچەی تەندروستی و پەروەردە خەرجدەكات».
سەبارەت بەناردنی ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ لیژنەكە، ئەو بەڕێوەبەرە رایگەیاند، «ناوی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست رەوانەی لیژنەكە دەكرێن كە ژمارەیان 53 هەزار مووچەخۆرە، بەڵام تائێستا میكانزمی وردبینیكردنەكە نازانین».

هەموو هەماهەنگییەك بكەن
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رۆژی 26ی كانوونی یەكەمی 2017 رایگەیاند: وردبینی بۆ مووچەخۆرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەوڵدەدەن مووچەكانیان بنێرن، بۆ ئەم مەبەستەش داوای هەماهەنگی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
دوو رۆژ دواتر، د.رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باس لەوە كرا هەموو هەماهەنگییەك بكەن لەپێناوی ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا. لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی تەندروستی بەزووترین كات لیستی مووچەخۆرانی رەوانەی بەغدا دەكات، بەمەبەستی دابینكردنی مووچەی وەزارەت لەلایەن بەغداوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*