سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » با گوندەکان نەبنە مۆڵگەی داعشپەڕە 3

وتەی ئەمجارە

با گوندەکان نەبنە مۆڵگەی داعش

37

دەبێت بڵێین بە داخەوە لە چەند شەوی ڕابردوودا لە گوندێکی خوارووی خانەقین و وەک پیشەی چەندەمینجاریان تیرۆریستان و شەمشەمە کوێرەکانی داعش دیسان بە دنیابینییە ڕەش و تاریکەکەی خۆیان پێشمەرگەیەکیان شەهید کرد و تیرۆریستانی داعشیش هەڵهاتن بۆ شوێنێکی نادیار. ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کەس نازانێت ئەم تیرۆریستانە لەکوێوە دێن و دەردەکەون و کردەوە قێزەوننەکانیان ئەنجام دەدەن و دواتر بۆ کوێ هەڵدێن و لەکوێ خۆیان دەشارنەوە و ئەو لایەن و کەسانە کێن هاوکاری داعشن بۆ خۆشاردنەوە؟

پرسیار لەسەر شوێنی نوێی تیرۆریستانی داعش و هاوکاری هەندێک گوندو ناوچەی عەرەبی بۆ داعش و بەهێزبوونی داعش لەسایەی خێڵ و هۆزەکانی ناوچەکەدا، یەک لەو گومانانەیە چۆن سوپای عێراق کێوماڵی ئەم تیرۆریستانە ناکات لەکاتێکدا یەک ڕۆژ دوای دەستبەکاربوونی (مستەفا کازمی) وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ بڕیاری کێوماڵکردنی داعشی دەرکردو لەهەندێک ناوچەیش پرۆسەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە؟
ونبوونی داعش لە ڕیزی هاوڵاتیانداو تێکەڵبوونیان بەهاوڵاتی گوندنشینەکان، سەرەداوی حەقیقەتێکە کە داعش لەدوو ئەگەردا بەردەوامە:

یەکەم / یان داعش تەنها ڕەمزێکی تیرۆرەو ماوەتەوەو ئەوەی ئەم کردەوانە ئەنجام دەدات هاوڵاتیان و گوندنشینان خۆیانن و عوقدو نێتی خراپی ناسیۆنالیستی و خێڵەکی پاڵیان پێوەدەنێت و ئەم کردەوانە ئەنجام دەدەن.

دووەم / یان بەڵێ ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە تیرۆریستانی ڕاستەقینەی داعشن و لەڕیزی هاوڵاتیان یان گوندنشیناندا ماونەتەوە و لە ڕێگای هەڕەشەو ترساندنەوە وایان لەهاوڵاتیان کردووە کە نەتوانن شوێنی داعش بۆ هیچ هێزێکی کوردی یان عێراقی ئاشکرا بکەن.

هەر یەکێک لەو دوو ئەگەرەی سەرەوە، وادەکات هێشتا ناوی داعش لەناواندا بێت و چاوەکان تەنها لەسەر جوڵەی داعش و دەرکەوتنی داعش بێت، لەبەرامبەریشدا بێئاگاییەکی تەواو هەیە لەئاست هەموو ئەو نێتە خراپ و شەڕەنگێزی و ویستە خێڵەکی و ….هتدەی دەیەوێت ئەمنییەتی ناوچەکە تێک بدات.

باشترین مەقاشێک بتوانێت لەنێو ئاگرو کورەی ئەم جەنگەدا تیرۆریستانی داعش و چەکدارە نامۆو نەناسراوەکان دەربهێنێت و ڕیشەکێشیان بکات ئەوەیە؛ هێزی نهێنی دژ بەم چەکدارانە بخزێنرێتەنێو هاوڵاتیانی گوندەکانی ئەو ناوچانەوە و گەرای دژە داعش و هەر نێتێکی دیکەی دژە کورد و کوردستانی کەشف بکات و هەموو ئەو پیلانانەی دژی پێشمەرگە لەئارادایە پوچەڵ بکەنەوەو چیتر خوێنی پێشمەرگەو هاوڵاتی کوردی ناوچەکە نەڕژێت بەبێ هۆ و لەخۆڕا.

ئەگەر وردتر لەم دۆخەدا، بەراوردی نێوان ئێستای داعش بکەین لەو ناوچانەدا بەبەراورد بەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەردەمی شاخدا، دەبینین کە، سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگە خەباتێکی پیرۆزی دەکرد و لە پێناو مافەکانی کورد تێدەکۆشاو تەواوی خاکەکەیش هی خۆی بوو، کەچی بەعسی خوێنمژی فاشیست هەم جاشەکانی دژی پێشمەرگە بەکاردەهێناو هەم ڕەبییەو بنکەی ئیستیخباراتی لەگوندەکانی کوردستاندا دروست کردبوو، تەنانەت ڕێگاوبان قیرتاوکردنی گوندەکان لەلایەن بەعسەوە نیشانەی دڵسۆزی بەعس نەبوو بۆ کوردو گوندنشینان و ناوچە کوردنشینەکان، بەڵکو بۆ ئەوەبوو بتوانێت بەتەواوەتی کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات و ڕێگری لەهەموو چالاکییەکی پارتیزانی هێزەکانی پێشمەرگە بکات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەعس دەیویست جاسووس و پیاوەکانی خۆی بخزێنێتەنێو ڕیزەکانی خێزانەکانیشەوەو زۆرجار ژنەفتومانە کە باوک و براکان نەیاندەوێرا لەلای یەکتریشدا خراپەی بەعسییەکان باس بکەن.

بۆئەوەی گوندەکان نەبنە مۆڵگەی داعش و چیتر کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش و هاوشێوەکانی بەردەوامیان نەبێت، دەبێت خودی گوندەکان بکرێتە ناوچەیەکی ترسناک و نادڵنیایی لەلای تیرۆریستانی داعش، دەبێت هەموو خاڵە دوورمەوداکان و بچڕاوەکان لەنێوان ناوچەو گوندەکانی نێوان هەرێم و ناوەنددا بگەیەنرێتەوە بەیەکترو هەموو پانتاییە ماوە دوورو فراوانەکان بگۆڕدرێت بەجێگای سەربازی و ئەمنی تاکو چیتر داعش نەتوانێت بەویستی خۆی ئەو پانتایی و بیابان و ناوچە چۆڵ و کاکی بەکاکییانە نەکاتە شوێنێکی پڕ دڵنیایی و سەلامەت بۆ خۆیان.

 241 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*