سەرەکی » مانشێت » عیراق چۆن سنوور بۆ توركیا دادەنێت؟

شرۆڤەی رۆژ

عیراق چۆن سنوور بۆ توركیا دادەنێت؟

هەواڵ و بەدواداچوون

رۆژانە هێرش و بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە. عیراق لە ماوەی رابردوودا چەندینجار لە رێگەی وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگریی و سێ سەرۆكایەتییەكەوە، هەڵوێستی لەسەر هێرش و پەلامارەكانی توركیا لە ناو خاكی وڵاتەكەی پیشانداوە و بە پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسایی زانیووە، بەڵام توركیا بەردەوامە لە بۆردومان بە بیانووی هێزەكانی پەكەكە و بوونی مەترسی لەسەر سنوورەكانیدا.

رووداوەكەی رۆژی سێشەممەی رابردوو كە بەهۆیەوە دوو ئەفسەری هێزەكانی سەرسنوور شەهید بوون، دووبارە حكومەتی عیراقی هێنایەوە دەنگ. بەغدا دەیەوێت توركیا لە هێرشەكانی سەر خاكی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بوەستێنێت، بەڵام توركیا لەمەدا تائێستا قسەیەكی جددی لەسەر وەستاندنی هێرشەكان نییە، ئەمەش تا ئاستێك بۆ رۆڵ و كارەكتەری نێوان هەردوو وڵات لە ناوچەكەدا دەگەڕێتەوە.

توركیا بەهۆی رۆڵی لاوازی كارەكتەری عیراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەكە بەتایبەتی گوێ بە هەڕەشە و گوشارەكانی عیراق نادات. ئەمەش وایكردووە بەردەوام بێت لە هێرشەكانی و سەروەریی خاكەكەی پێشێل دەكات. هەروەك توركیا ئێستا زیاتر بە هەژموونی خۆی لە ناوچەكە دەنازێت.

بەغدا هێشتا هەڵوێستێكی وای لەسەر دوایین بۆردومانی توركیا كە راستەوخۆ پەیوەندیی بە هێزی پاراستنی سنوورەكانییەوە هەیە، دەرنەبڕیوە، ئەوە نەبێت سەردانی وەزیری بەرگریی توركیای بۆ عیراق هەڵوەشاندەوە.

ئەوەی توركیا دەیەوێت ئەوەیە؛ بەغداش ناچار بكات بەشدار بێت لە هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە، بەڵام پێناچێت بەغدا هیچ نەبێت لەم دۆخەی ئێستادا نییەتی ئەو هەماهەنگییەی هەبێت. ئێستا تەنیا رێگەی بەغدا بۆ وەستاندنی هێرشەكانی توركیا و پێشێلكارییەكانی پەنابردنە بەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشە.

دوای سوریا، ئێستا توركیا بۆ لیبیا و عیراق بۆتە كێشە. هێشتا كێشەی لیبیا بەهۆی دەستوەردانەكەی توركیاوە، چارەسەر نەبووە، وا عیراقیشی هاتۆتە سەر. بەم كێشە دروستكردنەش پێناچێت توركیا زۆر گوێ بە گوشارە نێودەوڵەتییەكان بدات.

هەڵوێستی داهاتووی عیراق ئەگەر نەچێتە باری كردارییەوە و توركیا بۆ ئەمە هەست بە جددیبوونی هەڵوێستەكە نەكات، ئەوا دەرفەت بۆ هێز و هێرشی توركیا زیاتر دەكات كە قووڵایی خاكی عیراق ببەزێنێت.

print

 363 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*