سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » تێگەیشتن لە رێكەوتنی هەرێم و بەغدا

تێگەیشتن لە رێكەوتنی هەرێم و بەغدا

لە چەند گۆشەیەكەوە دەتوانین بڵێین، ئێمە ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێكەوتنیش نەكەین، دواجار هەر لە بەغداین، واتە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر نەوت و مووچە تاقە رێگە نییە هەولێر ببەستێتەوە بە بەغداوە، راشكاوانەتر بڵێین، راستییەكە ئەوەیە كاتێك میللەت توانای لێبڕاو قەهری ناسیۆنالیستی و نیشتمانپەروەری تێپەڕاند، ئەوا بەبێ تەكەلوف و راپێچكردنی زۆرەملێ لە خۆمان دووركەوتووینەتەوە و چووینەتە لای ئەویتر، ئەویتریش لە ناو ئەم فەزا سیاسییەدا كە ناوی عیراقە، بەغدایە.

بڕوابوون بە گوزارەیەك كە پێی دەوترێت گەڕانەوە بۆ بەغدا، بڕوابوونێكی هەڵەیە، پێش هەر شتێك كورد بەغدای تێنەپەڕاندووە، یان جێینەهێشتووە تاكو ئێستا بۆی بگەڕێتەوە و ئاوێتەی ببێتەوە، راستە رۆژانێك بۆچوونێكی لەو شێوەیە هەبووە كە چیتر كورد دەوڵەتێكە لە ناو دەوڵەتی عیراقدا، بەڵام ئەوەش شتێكی تیۆری بووە نەك كرداری، رێكەوتن لەگەڵ بەغدا ئەو پێكە ژەهرە نییە كە خواردنەوەی بمانكوژێت و هاوكات ئەو گوللەیەش نییە وا لێی بڕوانین كە رێكەوتنمان لەگەڵ بەغدا مانای خۆڕادەستكردنمان بێت بە دوژمنێك و دەبێت گوللەیەک بەخۆمانەوە بنێین و ئەو رادەستبوونەمان قبوڵ نەكەین.

رێكەوتن لەگەڵ بەغدا مانای تەسلیم بوون نییە، لەنێوان رێكەوتن لەگەڵ بەغدا و سوێندخواردن بە یەكێتیی خاكی عیراق، ئەوەی مانایەك بە گەڕانەوە و تەسلیمبوونی تێدا هەڵدەگۆزرێت ئەوا خودی ئەو سوێندخواردنەیە بۆ یەكێتیی خاكی عیراق خوراوە لەلایەن نوێنەرانی ئەو حزب و لایەنانەوە كە بەشداریی حكومەتەكانی عیراقیان كردووە و نابێت لێی پەشیمان ببنەوە و لێی لابدەن. هەر خوێندنەوەیەكی دژ لە ساحەی سیاسیی كوردستاندا هەبێت بەرامبەر ئەم رێكەوتنە و بە گەڕانەوە یان تەسلیمبوونەوەی بە بەغدا لێكبدرێتەوە، ئەوا جۆرێكە لە یاریكردن لە دەرەوەی ئەو واقیعەی كە كورد لە عیراقدا هەیەتی، یاریكردنیش لە دەرەوەی ئەو واقیعەی كە هەندێك پرس هێناویەتییە بوون، خۆكوشتنێكی لەسەرخۆ و بێئەنجامە.

مادام زەمەن و سەردەمانێك بەغدا وەك قووڵایی ستراتیژی ئێمە وەسفكراوە، ئەوا نەك دووركەوتنەوە لەم قووڵاییە ستراتیژییە گرنگ نییە، بە پێچەوانەوە لەم قووڵاییە ستراتیژییەدا دەكرێت دەروازەی جیاوازتر و رێگای نوێ لە بەردەم كورددا ئاوەڵا بكرێت و پانتایی زیاتر بە كورد بدرێت تاكو باشتر و جیاوازتر لە رابردوو جووڵە سیاسییەكانی بكات، بۆ كورد نەك پێویست نییە بەغدا جێبهێڵێت و لێی تەوەللا ببێت، بەڵكو لە روانگەی ئەو بەرژەوەندییە جیاوازانەوە كە بۆ زۆرێك وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی هەیە لە بەغدا، بۆ كوردیش گرنگە بە هەر شێوازێك بێت نەهێڵێت ئەم كەلێنەی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەندە گەورە ببێتەوە كە چیتر بوون و نەبوونی كورد لەلای بەغدا وەك یەكی لێبێت.

 207 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*