سەرەکی » وتار » رەهبەر سەید برایم » ئاگر جێگەشی نزم بێ بڵێسەی بۆ سەرەوە دەچێ

ئاگر جێگەشی نزم بێ بڵێسەی بۆ سەرەوە دەچێ

بە پانایی مێژوویەك لە هۆكارەكانی ڕووخانی میرنشینەكانی كورد، ناتەبایی وناكۆكی ناخۆیی بووە ولەرقان بۆ بێگانە بوونەتە پرد، بەدەستكێشی بێگانە وشەڕی خۆكوژییان كردووە، بەدەستی خۆیان بەچەقۆی خۆیان، خۆیان لەناوبردووە، سەركردەو دەسەڵاتدارانی كورد بەویستی دەسەڵاتی تاكڕەوی خۆسەپێنەربووین، بۆ بێگانە چەماونەتەوە كەچی لەگەڵ یەك نەسەلمێنەربووین، قەت سنوور و دەسەڵاتیان جێگیر ودامەزراو نەبووە، بە بەردەوامی سنووریان دیاریكراونەبووە، بەپێی گۆڕانكاری وڕۆژگار، پێگەی جوگرافیان سنووریان كراوە دیار، بەگژ یەكدا چووین، هەتا تێدا چووین!!، شیعری حەزرەتی حاجی قادری كۆیی دەكەوتە بەریاد:

تا ڕێك نەكەون قەبیلی ئەكراد
هەروا دەبنە خەرابە ئاباد
***
بابانەكان(1669-1784ز) 115ساڵ حوكمڕان بووین، پاشای شاری سلێمانی وشارباژێر وشارەزوور وكۆیە وبەدرەوجەسان بووین، مێژوونووس وشاعیر (شێخ ڕەزای تاڵەبانی)مێژووی دوا میری بابانەكانی باسكردووە بەڕوونی وڕەوانی، كە خۆی كۆڤانی ئەو زەمان بوو:

لــــەبیرم دێ ســـــلێمانی کـــە دارولموڵکی بـــابـــان بوو
نەمەحکومی عەجەم نەسوخرە کێشی ئالی عوسمان بوو
لـەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاھید
مـــەتافی کــــەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لــــەبــــەر تابوری عەسکەر رێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
ســــــەدای مۆسیقا و نــــەققارە تا ئـــەیوانی کەیوان بوو
درێخ بۆ ئــــــەو زەمانە، ئـــــەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو رۆژە
کــــــەمەیدانی جریدبازی لـــــەدەوری کــانی ئاسکان بوو
***
عەرەب ئینكاری فەزلی ئێوە ناكەم ئەفزەڵن ئەمما
(سەڵاحەدین)كە دونیای گرت لەزومرەی كوردی بابان بوو
***
كە(عەبدوڵڵا پاشا) لەشكری والی سینەی شڕ كرد
(ڕەزا)ئەو وەختە عومری پێنج وشەش تفلی دەبستان بوو
میر عەبدول رەحمان پاشای بابان، لەژێر قەڵەمڕەوی بووە، كۆیە وسماقووڵیەكان ودۆڵی ئەسحابان، لە ساڵی 1795 زاینی، لەپێناوی زانست وپێشكەوتنی ئاینی، لە كۆیە كۆی كردۆتەوە و كەسایەتی ومەلای ئاینی وئەشراف وئەربابان، پرسیاری شەرعی كردووە، میر عەبدول رەحمان پاشای بابان، لەناو هەموو حاشاماتە، لەو مەیدانە كە بۆتە موجەللی، بەرەو سەرەوە چووە بڵێسەی ئاگری مەلا عەبدول رەحمانی كاكی جەلی، پاشای بابان پێی سەرسام بووە زیرەكی وشایستەیی لێ بینیوە، مزگەوتی مەلا ئەسعەدی لە كۆیە بۆ كردۆتەوە وچنارۆك وقەسرۆك وپێ بازۆك وگەلی گوڵانی پێ بەخشیوە، ئەو بنەماڵەیە گەورە وپڕ شكۆیە، لەو ڕۆژمێژووەوە لە گوندی (جەلی)یەوە هاتوونەتە كۆیە، بەناوبانگ بووین بە كاكی جەلی وجەلیزادە، كۆی ئەستێرەن لە بریسكەی سوورەییادا، كوردستانی گرتەوە بنەماڵەی جەلی! بڵێسەی ئاگریان بەهووڵەڵی! لەئاگردانی گەشاوەی بنەماڵەی مەزنی جەلیزادان، لەزانست وئەدەب وئاین ومێژوو دەكەونە بەریادان، حەزرەتی حاجی قادری كۆیی، بە مەزنایەتی خۆیی بە شكۆیی، پێی وایە بنەماڵەی جەلیزادە، ئەساسی عیلمیان داناوە لە بونیادا، بەبیری وردی، بەزمانی كوردی:

خسووسەن ئاستانەی ئەرجومەندی
جەلی زادێكە(عەبدوڵڵا)ئەفەندی
چ عەبدوڵڵا عوبەیدوڵڵای ئەحرار
موسغغەر بەندەێكە زەڕ خڕیدار
زەكاوەت كانی یەكە تۆی دەراوی
خەتی ئیقراری نوسیوە زەهاوی
مەلایەكی فەقێ یانە ویقارت
بەیانت(ئاوەگردە)ئیقتدارت
***
بـــە غـــەیـری جەددی ئێوە كێهە دانا
لە کوردستان ئەساسی عیلمی دانا
***
هەر حەزرەتی حاجی قادری كۆیی لە شیعرێكی دیكەش هاتۆتە گۆ:

لە شەرق وغەربەوە تاقیتعەیی كۆ
لەبەر گۆچانی ئەمرت بێ وەك گۆ
چەند جار ناوی هێناون دووپات:
مەماتم حەیاتە» حەیاتم مەمات
كەلێم توند دەبێ ئەو دەمی ئیلتیفات
لەبی (نازەنین)یبە خەتتی(جەلی)
لە (ئێران)ەوەی گرتووە تا هیرات

لە جوملەی ماجەرای حەزرەتی حاجی قادری كۆیی لە نامەی شیعری ناردوویەتی بەنامۆیی ومەلوولی:

(جەلی)مان نووسی ئەرقامی وسوولی
بە ئومێدی قبووڵی بێ فزوولی

شێخی شاعیران شێخ ڕەزای تاڵەبانی، لە شیعری داشۆرین وستایش وەستاكارە بەلێزانی، شیعری شیرینی پڕ شیلەترە:

حاجی مەلا عەبدوڵڵا لە ئادەم فیلترە
باوجودی مەرتەبەی پێغەمبەری
ئەم بەسەد شەیتان لە كۆیە دەرنەچوو
ئەو بەشەیتانێك لە جەننەت دەرپەڕی
***
حەلیمە سووری مەلا محەمەدی شێخ وەتمان، حەزلێكردەی حاجی مەلا عەبدوڵڵا بووە بە ئاشكراو بێ پەنهان، ئەو عەشقە بێ خەوشە دەنگی داوەتەوە، بنەماڵەی هەردوولا پێیان زانیوە وشەرمیان لێ نەهاتۆتەوە ونەشاردراوەتەوە، بەدڵ یەكتریان خۆش ویستووە، بۆیەك نەبووین وسەری نەگرتووە، عەشقی وا نەمر وپیرۆزە، گەرچی ئاڵۆزە، بەڵام پڕ سۆزە، حەلیمە شیعری بەسەردا هەڵداوە، نەترساوە لەبەڵا:
ئەگەر ژەهراوە دەینۆشم شەرابی دەستی عەبدوڵڵا
حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە، ئەویش شەیدا ومەستی بووە بێ بادە، وشەی ئاگرینی بۆ هەڵبەستووە، بۆ خۆشەویستی وخۆشی:
كە بێری هاتە ناو مێگەل سەراسەر قرمزی پۆشی
مەلا ئیدراكی چوو، شێخیش تەریق عاریف نەما هۆش
حەبیب» دیتی رەقیب وەستاوە چارۆگەی بەرودادا
گووتم هەوری سیاهات شەعشەعەی خورشیدی داپۆشی
حاجی مەلا عەبدوڵڵا لە ژیانیدا پێنج ژنی هێناوە حلیمەی بۆ نەبووە ئەمما، هەتا مردنیش بەچاوی تەڕەوە دەستی لەسەر دڵ دا دەنا وئەو برینەی حەلیمەی لەناو دڵ هەرما! حەلیمە لەداخان كۆچی دوایی كردوە، ئەو عەشقەی بۆ ناو گڵ بردوە! حاجی مەلا عەبدوڵڵا شیعری نەكردۆتە پیشە، هەر خەریكی شەریعەت و وانە گوتنەوە بووە هەمیشە، لە جوڵانەوەی شیعری كوردی بناغەی داڕشتووە، هەنگاوی بۆ نوێ بوونەوە و تازەگەری هاویشتووە، كەس بوختانی بۆ هەڵنابەستی، دیارە بەڵگە وهەڵبەستی:

بابكەم تەبدیلی نەزم وقافیە ورەوییە وعەرووز
بەم زوبانە هیچی تر شیعرم لە بۆ هەڵناستی
بكەمە كوردی زوبانی خۆمە چاكی تێ دەگەم
خوایە تۆفیقم بدەی من بەندە تۆ مەولا ستی

كاكی جەلی، شانازی بەخۆییەوە كردووە كەداهێنەرە:

دەفتەری ئەهلی هونەر بگرن لەم عەسرەدا
ماڵی بێ ئیقبال نەبێ وەڵڵا(جەلی)سەر دەفتەرە

مەولوودنامە كوردییەكەی حاجی مەلا عەبدوڵڵا، بە ئارایشتی سروشتی كوردانە پڕە لە نێرگس وشەهلا، داهێنانی پەخشانی كوردییە، گەرچی وەرگێڕانە بەڵام خۆ كردییە! بە دەق وشێوازێكی خۆش وپڕ لە جۆش وكەلە مەولودان دەیانگووتن:
گوڵی بەهەشتێ پشكوتن، نەسیمی بەهەشتێ ئەنگووتن، غونچە دەمی كراوە، كانی وشك ژیاوە، تەیر هاتنە خرۆش، جۆگەو جۆبار هاتنەجۆش، حۆرییان خۆیان بۆن خۆش كرد، والیدان شەرابەن تەهورەیان نۆش كرد، بولبول مەست بوون لەسەر چڵان، نەسیم وەربوون بەناو گوڵان، گڵوك سووربوون، گیا پڕنووربوون، گوڵ گەش بوو، وەنەوشە ڕەش بوو، نێرگز پشكووت لالەبزووت، درەخت هاتەبەر، میوەی كەوتە دەر،… …
***
شاری كۆیە فێرگەی خوێندن وداری عیلم بوو ئەوێ ڕۆژێ بەو ڕادە، بەهۆی بنەماڵەی جەلیزادان و رەئیسی عولەما بوو حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە، هێندە دەستنووس وئەرشیف وكتابیان خۆش ویستووە، بەگیان ودڵ بەشمشێری ڕووت كتێخانەیان پاراستووە، مفتی زەهاوی سینگ ومێشكی كراوە وكاكڵ بوو، لە ئاست حاجی مەلا عەبدوڵڵا گوێی خێل بوو، لە مەكە بووین هەندێ مەلای عەرەب لۆمەی كوردان دەكەن بەبێ تامی وبەرباد، كتێبیان لەسەر كوردان داناوە(ارشاد العباد، فی ژمه‌ الاكراد) حاجی مەلا عەبدوڵڵا بە مەلا عەرەبەكان دەڵێ لەمەراقا، ئەوەندەتان بەسە خوا دەفەرمووێ (الاعراب اشد كفرا ونیفاقا)!، ئەو زاتە مەزنە ساڵی (1908)، پەپوولەی گیانی دەفڕێ بۆ بەهەشت، خاتوو زەینەب شێخ عەبدولكەریم بەرزنجی كۆیی (حەزینە)لەناو گوڵدەستەی شاعیرانی ژن یەكەمینە، یەكەم شاعیری ژنە نامەی شیعری نوسیوە، ئەحواڵی خوشك ودایكی پرسیوە:

عەزیزم نووری چاوم نەونەهالم
لەدووریت هەروەكو بولبول دەناڵم
مەڵێ خوشكم لەبیری كردم ئاخر
بە وەڵڵا هەر لەكن تۆیە خەیاڵم
ببووسە دەستەكانی دا خەجیجم
سەرووڕووی خۆم بەخاكی پاكی دەماڵم
قسەم زۆرە بەرا وەعدی دەرەنگە
تەواو نابێ وەها زوو عەرزی حاڵم

پێنجەمین خێزانی حاجی مەلا عەبدوڵڵا بووە (حەزینە) یەكەم ژنە شاعیری ژنە لە بابەتی شینا، شاعیرێكی وا گەورە، گومناوە و مانگی بن هەورە، بە شیعر شینی گێڕاوە، بۆ كۆچی دوایی مێردەكەی شیعری داناوە، بە شیعرێكی ئاگرین ودڵ پڕ لە حەزین وبرین:

ئەی رەفیقانی تەریقەت بێن بكەین گریان وشین
حەیفە بۆ ئەو قوتبی كامیل كۆچی كرد بۆ ژێر زەمین
حەیفە بۆ ئەو كۆهی عیرفان و دەلیلی راهی هەق
پێشەوای ئەهلی موحیبەت ئەو رەئیس والعاشقین
ئەو چراغی خانەدانی عیلم وفانۆسی خودا
تالیبی راهی خودا وناسیبی ئەعلامی دین
وەك جەنابی حەق تەعالا مەرحەبای فەرموو لەوی
ڕووی لەوی كردو لەدونیای كرد ویداعی ئاخرین
***
ساخودا بمرم لە پاش تۆ، كاكە عەبدوڵڵای جەلی
ئەم ژیانەم بۆ چییە من پاشی تۆ بەدڵی خەمین
***
ئەی (حەزینە)بەسووتێ سوتنت بێ فایدەیە
بگرە سەبرێ بەڵكە مەئجووربین لە جوملەی سابرین
***
حەزینە(خاتوو زەینەب) شاگوڵی شیعر وئەدەب، حاجی مەلا عەبدوڵڵا گفتوگۆییان بووە لەگەڵ شێخ عەلی تاڵەبانی، كە دژی شێخە وكەچی كچی شێخە حەزینەی خێزانی، بەو وەڵامە ئەو قسەیەی خستۆتە ناو پەلی:
(هی من عالمێكە وەكو جەلی،
شێخێكە وەك شێخ عەلی)
ناوی خۆی بە خۆیەوە حەزین ودڵ پڕ لە سۆز وبۆنكرووز، لە ساڵی (1918) لە 13ی تەمووز، بەحەسرەتەوە ماڵئاوایی كردووە، چەند شیعرێك نەبێ شیعرەكانیشی بۆ ژێر زەمین بردبووە.
***
مەلا محەمەدی حاجی مەلا عەبدوڵڵا جەلیزادە ناسراو بە جەنابی (مەلای گەورە)، كە سنوور شكێن وكەڵەپچە پچڕێن وپێشكەوتوو بووە لەو زەمان ودەورە، كار وهەنگاوەكانی هونەر بوو، ئاگر پەرست نەبوو نەورۆز پەروەر بوو، لە نەورۆزی ساڵی (1938)، لە بەردەركی سەرای كۆیە بەرامبەر سروشتی شاخ ودەشت، عەلامەبوو بە عەمامە وجبە وعەباوە، بەو شێوازە وتاری داوە، لەدڵی پڕ گڕی وەك تەندوور:
(ئەمڕۆ ڕۆژێكە پڕ نوور، دونیا مالە مالە لە سروور، ژاڵە دەدرەوشێتەوە، لالە دەگەشێتەوە، دار ودرەخت دەپشكوون، بەرو سەمەر دەردەكەون، فەلەك وەك خێوەتی ژێر جەدی هەڵدراوە، زەمین كەوای ئەتڵەسی سەوزی گوڵگوڵی لەبەركراوە، ئافتابی عالەم درەخشانە، خورشیدی خاوەر بە ئەشیعەی زەهەبی زەڕ ئەفشانە، نزیكە بڵێم ئەرزو سەما، كەوتیتە رەقس وسەما، ئەمە چ باس وخواسە، چ ئەسەرە، چ خەبەرە.
بەڵێ بەڵێ ئەمڕۆ ڕۆژی مرادە، نەورۆزی گەلە، حەقە ڕۆژی زۆر موبارەكە، ئەوەلی بەهارە، یەكی ئیعتدالی لەیل ونەهارە، جەژنە جەژنی ئومەتە، جەژنی مەحەبەت وئولفەتە).
ئەو سەردەمە زۆر لەمەلا وشێخەكان هێزبوون، دژی ئاگركردنەوە وجەژنی نەورۆزبوون، مەلای گەورە ڕقی لە شێخانی تەریقەت بوو، بڕوای بە قورئان وشەریعەت بوو، بۆچوونەكانی، وشەی شیعرەكانی گەوهەر دەهێنێ:
هەتا شێخێ لە كوردستان بمێنێ
ئومێدی زیندەگانیت پێ نەمێنێ
تەریقی قادری ونەقشبەندی
بەبای دا رەونەق وئاهەنگی كوردی
***
بەریشی پان وپرچی پڕ لە ئەسپێ
بناغەی ئیشی كوردان چۆن دەچەسپێ
بە كەشكۆل وسواڵ وفەقر وزیللەت
محاڵە كاكی خۆم تەشكیلی دەوڵەت

بۆ فەرموودەكانی پێغەمبەر، قورئانی كردۆتە پێوەر، بڕوای بە نوێژەباران و گەڕانەوەی عیسا وهاتنی محەمەدی مەهدی ودەجال نەبوو، بڕوای بە دەروێشی مونتەشاو شان بەكۆڵ وبەرماڵ نەبوو، بڕوای بە زانست وكەلامی خوابوو بەڕاڤە وتەفسیر:

عیسا لە ئاسمان، مەهدی لەناو بیر
ئیشمان شلۆقە یاران چ تەدبیر
نە ئەو دێتەخوار نە ئەو دێتەدەر
دەجالیش زۆرن گشتی سواركەر
لەدێ ولەشار سەربەست دەگەڕێن
بەناوی دینی باش دەلەوەڕێن
***
بڕوای بە تەقەو تەنەكەلێدان نەبوو بۆ مانگ گیران، دژی كۆنەپەرستی ونازانستی بوو بەرامبەر تاریكبیران، بێ منەت ئەو ڕایەی خستۆتە پێش چاو:

مەهدی دێتەدەر وەك بڵقی سەرئاو
دونیا دەگرێ بە دوعاو سڵاو
پف چەندە خۆشە ئەوجا مامۆستا
هەستە لەخەوێ تالعت هەستا
***
مەلای گەورە هێزێكی مەعنەوی هەبووە لە كەسایەتی، ناسراوبوە بە جەنابی مەلای گەورە وزیرەك وئازایەتی، پێگە ومەقامی بنەماڵەكەیان وباوكی برادەری حەزرەتی حاجی قادری كۆیی وحەزرەتی نالی بووە، لەدایكەوە حاجی بەكراغای حەوێزی دەبێتە باپیری وئەمین غای ئەختەر مێردی پووریی وخاڵی بووە، حەماغای كۆیە كەسایەتیەكی گەورەو ودەوڵەمەند وخانەدان ونانبدە وسەرۆك عەشیرەتی غەفووری بووە، پێنج ژنی هێناوە دوو لە ژنەكانی كچی خاڵی مەلای گەورەو یەك لە ژنەكانی پووری بووە، باوكی دەرسی گوتۆتەوە بە شێخ ڕەزای تاڵەبانی وكەیفی جوانڕۆیی، لەسەر شیعری داشۆری نێوان تێكچووە هەردوو شاعیر بۆیە كەیفی جوانڕۆیی» لەداخان لە كۆیە ڕۆیی، (ئەمما بە عاجزی)وهەست بریندار:

ئەی نووحی نەجاتم لە دەسی چەرخی جەفاكار
وەی رووح وسەرو ماڵی منت جووملە بەنیسار
باخاكی بەری پێت بێ دڵی زار ونەزارم
بافەرشی سەری ڕێت بێ گوڵ وگوڵشەن وگوڵزار
***
(من جوملە)كە نوسیووتە، بۆ نایەوە كۆیە
چۆن بێمەوە ئێستەش كە لەسەرمایە شەڕی پار
ئێستەش وەكو مورغێ كە زەدەی چەنگی هەڵۆ بێ
بێ هۆشم وئینفادە پەرێشان ونگونسار
بێ غیرەت وبێ عارم ئەگەر بێمەوە كۆیە
وەك پەیكەری پێ ڕووت و وەكو سەرڕەشی موختار
***
خۆت واقیفی ئەسراری كەچۆن ئاخری كاریش
بێ حورمەتی كردم بە قسەی موفسید وبەدكار
چۆن هیبەتی بردم لە حوزووری حەزراتی
چۆن هەیئەتی كردم بە سەروسورەتی دیوار
هەرچەندە جەفای دام وسەفام لێ نەدی ئەمما
شاهانە دەكەم مەدح وسەنای چاكی بەئەشعار
***
خانەوادەی جەلیزادان ئاوەدان بووە حوجرە وماڵیان، بەهۆی ژێرخان وپاشخان وباش وخۆش بووە ژیان وحاڵیان، مەلای گەورە بەژیانی بەڕاتبە ورەحمەتی نەیخوێندووە، بەداهاتی موڵكی خۆیان هی چنارۆك وهیزۆپ وجەلی وپێ بازۆك وقەسرۆك وگەلی گوڵان گوزەرانیان كردووە، چاوی لەدەستی كەس نەبووە بژێوی ژیان نەبۆتە گرفتی، خۆی پێش نوێژ و وتاربێژ و پەرلەمانتار بووە بۆتە قازی ومفتی، جەمیلاغا حەوێزی قائیمقام مێردی پووریی و كوڕی خاڵی بووە، خزم بووین لەگەڵ شێخانی سندۆلان وبەرزنجیەكانی كۆیە، چی دیار وكەسایەتی بووە لە پاڵی بووە، هەموو هێزبووین بۆ مەلای گەورە، بۆی كێوێك بووە لە توانا وشایستەیی ولە (ورە)! بەهۆی زیرەكی وئامۆژناكی، بەخزمی دەسەڵاتدار وچاكی، بەداهاتی ئاو وبەراو خاكی، بۆی بۆتە هێزێكی ماكی ومیناكی، وەك زانایەكی رەوشەنبیر وپێشەوای دین ومیللەت وكوردایەتی، بێ منەت هەڵوێستی سیاسی وزانستی وهەبووە بە مەبەستی نەتەوایەتی، خەباتی كردووە بۆ زانست ودین وقەوارەی سەربەخۆیی:

هەستە پێشكەوە ئەی لاوی كۆیی
ئاگات لە خۆبێ كارون وا ڕۆیی
بەنووری عیلمی ڕێگا بە دەرخە
بەزۆری بازوو باری بەسەرخە
بەباڵی عیلمی بفڕە وەك تەیران
بەهێزی عیلم هەروە بن بەحران
عیلمی تەبیعەت عیلمی خودایە
قالە وقوولە گشتی هەبایە
عیلمی كیمیات گەر نەخوێندووە
بەخوا نازانی خوا چی كردووە

هەتا مرد لە بۆ كوردان ناڵاندی، ئەویش هەروەكو غاندی، لە 12/10/1943، زنجیرەی تەمەنی دەپسێ، لەسەرەمەرگ دەستی هەڵدەبڕێ دەڵێ(بەدوعا و ویداعێكی ئەبەدی) مەلا مەعسوومی هەورامی مێژووی مەرگی بەو شێوەیە دەرخستووە، (گوڵی باغی من بابردی) پیرەمێردی نەمریش نوسیویەتی(ئۆف نەمردم مەرگی ئەویشم دی)! ئەو ڕووناكییە ڕۆیی بە تەمەنی 67 ساڵی، هەرما ناو ونیشان وعەباو بەرماڵی، لە كۆیە دەنێژرێت لە گۆڕستانی (دەروێش خدر)دا.
ئەستێرە هەموو مەحوە لەنێو نووری قەمەردا
***

تێبینی:
+/ (ئاگر جێگەش نزم بێ بڵێسەی بۆ سەرەوە دەچێ)، وتەی مەلا عەبدول رەحمانی كاكی جەلی یە بە عەبدولرەحمان پاشای بابانی گوتوە لە خوارێ دانیشتووە، پاشا گوتویەتی وەرە سەرێ مادام هێندە زیرەكی وبەتوانای ئەویش ئەو قسەیەی كردووە پاشای بابان هێندەی دی پێی سەرسام بووە!.

+/ بە پانایی مێژوو: شێخ شەرەفی شێخ نوورڵڵای تاڵەبانی بەكاری دەهێنا!.

+/ هەتا مرد بۆ كوردان ناڵاندی، ئەویش هەروەكو غاندی ئاماژەیە بۆ شیعری مەلای گەورە.
هەتا دەمرم لەبۆ كوردان دەناڵم
عیلاجیان چۆن بكەم هاوار بەماڵم

منیش هەروەكو غاندی
هەناسەسارد وماندی

+/ موجەللی: بەو ئەسپە دەگوترێ كە یەكەم بێ لە مەیدانی غارغارێندا!.

+/ كۆڤان: شاهد. د. جەمال نەبەز بەكاری هێناوە!.

+/ مونتەشا: تەورێكی بچكۆڵەیە دەروێش هەڵی دەگرێ.

+/ ئامۆژناك: كوردییەكی پەتیە بەواتای خاوەن سەبر وخۆگرییە لە كۆیێ دەگوترێ فڵانە كەس ئامۆژناكە. زاراوەسازی پێوانە-مەسعوود محەمەد ل181.

+/ میناكی: مەعنەوی. د.جەمال نەبەز بەكاری هێناوە.

سەرچاوەكان:
1. مێژووی حوكمڕانی بابان لە قەڵاچوالان تا دروستبوونی شاری سلێمانی 1669-1784، نوسینی تۆفیق قەفتان.

2. هۆكارەكانی سەرهەڵدان وڕووخانی میرنشینە كوردییەكان لەسەردەمی عەباسیدا، لێكۆڵینەوەیەكی شیكاری مێژووییە(كامەران عەزیز عەبدوڵڵا).

3. مێژووی جەلیزادە(نەجیبەخانی جەلیزادە).

4. بیرەوەری وڕوانینەكانی مەلای گەورە(هێمن عومەر خۆشناو).

5. گەشتی ژیانم(مەسعوود محەمەد).

6. مەلای گەورە زاناو ئەدیب وشاعیر(عەبدول خالق عەلائەدین).

7. سەرجەم بەرهەمەكانی (حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە) دكتۆر كەمال مەعروف.

8. دیوانی نالی.

9. دیاری مەلا محەمەد كۆیی.

10. دیوانی حاجی قادری كۆیی.

11. دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی.

12. كەوچكێك شەكر بۆ قاوەی تاڵ (مەسعوود محەمەد).

13. بڕگەكانی ڤیستڤاڵی یادەوەری مەلای گەورە-سەرۆكایەتی زانكۆی كۆیە.

14. مەلای گەورە(مومتاز حەیدەری).

15. جەماغای گەورە: مەسعوود محەمەد.

 441 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*