سەرەکی » ئابووری » گەندەڵی گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر عیراق

گەندەڵی گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر عیراق

لەدوای تیرۆر، گەندەڵی بەگەورەترین مەترسی لەسەر عیراق دادەنرێت كە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە زیانی گەورەی بە ئابووریی گەیاندوەو بەڕێگەی جیاواز سەدان ملیۆن دۆلار براوەتە دەرەوە.
بەوتەی عەبدولكەریم عەبتان، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەهۆی دیاردەی گەندەڵییەوە لەماوەی ١٤ ساڵی رابردوودا عیراق بەبڕی ٣٥٠ ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە.

٥٠٠ ملیار دۆلار
ئاشكرایكردووە: زۆرینەی گەندەڵییەكان لەڕێی بەتاڵانبردنی سامان‌و گرێبەستە ساختەكان‌و پڕۆژە خەیاڵییەكانەوە ئەنجامدراون. بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، حكومەت دەتوانێت لەڕێی وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی لەساڵانی رابردوودا بەتاڵان براونەتە دەرەوەو لە بانكە نێودەوڵەتییەكاندا بلۆك كراون، چارەسەری بەشێك لەو گرفتانە بكات كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە وڵاتەكەدا دروستبووەو هاوكات دەتوانێت لەڕێی ئەو پارانەوە قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی بداتەوە كە ١٢٠ ملیار دۆلاری تێپەراندووە.
ئەندامەكەی لیژنەی دەستپاكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە تائێستا داهاتە داراییەكانی عیراق هەزار ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە كە لەكۆی ئەو برە پارەیە تەنها ٥٠٠ ملیار دۆلار بۆ بودجەی كارپێكردن خەرج كراوە.

هێزی حكومەت لاوازترە
دیاردەی گەندەڵی لەدیارترین ئەو دیاردانەیە كە لەساڵانی رابردوودا لەدامودەزگا حكومییەكانی عیراقدا بڵاوبونەتەوەو زیانی گەورەی بەعیراق گەیاندووە، ئەگەرچی بەوتەی لێپرسراوانی حكومیی عیراقییش لە قۆناغی دوای داعشدا كاری سەرەكی حكومەتی عیراق بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی‌و گەندەڵكاران دەبێت، بەڵام هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەكان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە هێزی حكومەت لاوازترە لە هێزی ئەو كەسانەی لەپشتی گەندەڵییەوەن، بۆیە ئەگەر حكومەتی عیراق بیەوێت لە رووبەڕووبوونەوەی پرسی گەندەڵیدا سەركەوتووبێت، پێویستە دوو رێگەی سەرەكی بگرێتەبەر، رێگەی یەكەم ئەوەیە حكومەتی عیراق بە هێزێكی ئەمنی پشتوانی لەدەسەڵاتی دادوەری‌و دادگاكان بكات‌و دەستكراوەیان بكات لەدەستبردن بۆ هەموو دۆسێیەكی گەندەڵی‌و دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەموو ئەو كەسانەی تێوەگلاون لەگەندەڵی لەهەر پۆست‌و پلەو پایەیەكدا بن، رێگەی دووەمیش ئەوەیە بەغدا هەمانگی تەواو لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دروست بكات كە پارەی عیراقیان تێدا كۆكراوەتەوە، بۆ ئەوەی لەپێدانی زانیاری‌و گەڕاندنەوەی ئەو پارانە هاوكاری حكومەتی عیراق بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*