سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » روسیا: هەوڵدەدەین ئابڵوقەی سەر سوریا بشكێنین

روسیا: هەوڵدەدەین ئابڵوقەی سەر سوریا بشكێنین

دوای هەشت ساڵ لە سەردانێكی بۆ ئەو وڵاتە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بە سەرۆكایەتیی وەفدێكی باڵای وڵاتەكەی، رۆژی دووشەممەی رابردوو گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەوێوە جەختیكردەوە لە پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و ئەمنی و سەربازییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات
وەفدەكە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا چەند كۆبوونەوەیەكیان كرد، بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگی سیاسی و سەربازی و ئابووری.

دوای كۆبوونەوەكەش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ یوری بۆریسۆڤ جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا و وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا، لاڤرۆڤ جەختیكردەوە، كە پێویستە سورییەكان لە نێوان خۆیاندا ریزەكانیان یەكبخەن و یەكگرتوو بن. وتیشی: لە سەردانەكەماندا بۆ سوریا، باسمان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردووە.

روسیا باشترین وێستگەیە بۆ لایەنە سیاسییەكان
دەربارەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و حزبی ئیرادەی گەل، لاڤرۆڤ ئاشكرایكرد: روسیا باشترین وێستگەیە بۆ لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا وتوێژەكانیان لەسەر قەیرانەكانی سوریا بكەن، بۆیە ئەنجومەنی سوریای دیموكرات و پارتی ئیرادەی گەل، روسیایان بۆ دیالۆگ هەڵبژاردووە.

وتیشی: لە یاداشتنامەكەدا، هەردوولا جەختیانكردۆتەوە لەوەی تەواو پابەند دەبن بە سەربەخۆیی سوریا و سەروەری و یەكێتیی خاكەكەیەوە.

زیاتر لە 40 پڕۆژەی نوێ
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیرانی روسیا رایگەیاند: گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنی سوریادا بەسوود و بنیاتنەر بووە و وتوێژیان لەبارەی پتەوكردنی هاوكاریی ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا كردووە. وتیشی: روسیا هەوڵدەدات هاوكاریی سوریا بكات لە شكاندنی ئابڵوقەی ئابووری، كە لە چوارچێوەی یاسای قەیسەر-دا، ئەمریكا بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوویەتی.

روونیشیكردەوە: ئەو سزایانەی لە چوارچێوەی یاسای قەیسەردا بەسەر سوریادا سەپێنراون، رێگە نادەن بە وەبەرهێنان بۆ ئابووری ئەو وڵاتە. وتیشی: ئەم ئابڵوقەیە كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی خۆرئاواوە بەسەر سوریادا سەپێنراوە، رووخێنەرە و ئێمەش هەوڵی هاوبەش دەدەین بۆ شكاندنی.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە مانگی تەمموزی رابردوودا، مۆسكۆ پڕۆژەیەكی روسی لەبارەی فراوانكردنی هەماهەنگیی بازرگانی و ئابووریی نێوان هەردوو وڵات رادەستی دیمەشق كرد. وتیشی: رێكەوتننامە تازەكە، زیاتر لە 40 پڕۆژەی نوێ لە بوارەكانی بنیاتنانەوەی كەرتی كارەبا و چەند وێستگەیەكی وزەی كارۆئاوی و دەرهێنانی نەوت لە دەریا لەخۆدەگرێت.

گفتوگۆكانیان بە سوود بوون
لای خۆشیەوە، وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند: گفتوگۆكانیان لەگەڵ وەفدی روسیا لە سەرجەم سێكتەرەكاندا بە سوود بوون. روونیشیكردەوە: ئایندەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ روسیا لە بوارەكانی ئابووری و سیاسیدا دەبنە مایەی خێر و خۆشی بۆ وڵاتەكەیان.

رۆژی 17ی حوزەیرانی مانگی رابردوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستیكرد بە جێبەجێكردنی یاسای قەیسەر و بەپێی ئەوە، سزای بەسەر 39 كەسایەتی و قەوارەی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتدارانی سوریاوە سەپاند، لە نێویشیاندا بەشار ئەسەد سەرۆكی ئەو وڵاتە و هاوسەرەكەی بوون.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

print

 101 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*