سەرەکی » ئاراستە » بۆچی ئەردۆغان ئەیاسۆفیا-ی لە مۆزەخانەوە گۆڕی بۆ مزگەوت؟

بۆچی ئەردۆغان ئەیاسۆفیا-ی لە مۆزەخانەوە گۆڕی بۆ مزگەوت؟

نەورەس غەریب

لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوە

لە ماوەی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەبێ راوێژێکی نێودەوڵەتی، بڕیاری گۆڕینی ئەیا سۆفیا-ی لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت دەرکردو لە راگەیەندراوێکی سەیریشدا جێبەجێکردنەکەیی راگەیاند.

پرسیارەکە لەوەدایە ئەو پاڵنەرە چی بوو وایکرد ئەردۆغان ئەم هەنگاوە بهاوێت؟
ئەیا سۆفیا کە بە لاتینی بە واتای»دانایی پیرۆز» دێت، چوار سەدە لەمەوبەر وەک کڵێسایەکی بێزەنتینییەکان بنیاتنرا، بەڵام بە بڕیاری دادگا و بە رەزامەندیی کۆتا سەرۆکی تورکیا؛ گۆڕدرا بۆ مزگەوت.

زۆرێک لە چاودێران بڕیارەکە بە هەنگاوێکی دژە کریستییان (مەسیحییەکان) وەسف دەکەن، بەڵام لە راستیدا بڕیارەکە بۆ راکێشانی هەست و سۆزی عەرەبە موسڵمانەکانە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاواتەخوازی ئەوەیە وەک مەرجەع و رێنیشانەدەری بەرەی موسڵمانانی سوننە مەزهەب تەماشابکرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

سەرۆکی تورکیا، شارەزایانە رادەی بیر و باوەڕی توندی ئایینی خۆی بەکاردەهێنێت، تەنانەت هاوسەرەکەشی (ئامینە ئەردۆغان) حیجاب دەپۆشێت و جلوبەرگی ئیسلامییانە لەبەردەکات.

هەروەها، ئەردۆغان بە بەردەوامی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز لە قسەکانیدا بەکاردەهێنێت و زۆرجاریش لەبەردەم جەماوەردا نوێژ دەخوێنێت و نزا دەکات.

سەرۆکی تورکیا هەمیشە خۆی وەک رێبەری جیهانی ئیسلامی دەبینێت و خەون بەوەوە دەبینێت کە دەسەڵاتی (ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی) زیندوو بکاتەوە، کە دەکرێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە وەک هێمایەک بۆ ئەو ویستە لەقەڵەم بدرێت و ئەوانیش لەم خاڵانەدا بەدیار دەکەوێت:

*هەوڵەکانی تورکیا بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی باکووری قوبرس.

*رەوانەکردنی سەربازانی تورکیا بۆ لیبیا لەماوەی رابردوودا.

*داگیرکردنی خاکی سوریا لەلایەن سوپای تورکیاوە و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی هەندێک لە شارۆچکە کوردنشینە سنوورییەکان.

*پاڵپشتیی نهێنی و ژێربەژێری چەکدارانی داعش لەلایەن تورکیاوە.

*شەپۆلی هاتنی هەزاران چالاکوانی میسری لە کۆمەڵەی «ئیخوان موسلیمین» بۆ تورکیا و دانی پێناسەی ئاوارەیی پێیان لەلایەن تورکیاوە.

*هەنگاونان بۆ داگیرکردنی جوگرافیایەکی فراوان لە ناوچەکەدا، بۆنموونە سودان.

*هەوڵدان بۆ لاوازکردنی پێگەی سعودیە کە هەردوو شارە پیرۆزەکەی جیهانی ئیسلامی لەخۆ گرتووە، ئەوانیش مەککە و مەدینەن.

*دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئیسرائیل و هەروەها کێشە و ململانێی ئەو وڵاتە لەگەڵ فەلەستینییەکان.

ئەردۆغان هەوڵدەدات خۆی وەک پارێزەری فەلەستینییەکان و مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم لە قەڵەم بدات، ئەم خۆنمایشکردنە، بەشێکە لەو هەوڵەی کە دەیەوێت بازنەی چالاکییەکانی تورکیا فراوان بکات و هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر جیهانی عەرەبیدا بگرێت.

دوای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا، گرژیی کەوتە پەیوەندیی نێوان قەتەر لەگەڵ هەریەک لە سعودیە، میسر، بەحرەین و ئیماراتەوە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دابەشی چەند بەرەیەک کرد، تورکیا لەهەمان کاتدا ئێرانیش؛ بوون بە پارێزەری قەتەر.

ئەمەش بوو بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگێکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ریاز و ئەنقەرەدا و کە دەکرێت دۆسێی تیرۆرکردنی (جەمال خاشقجی) بە بەرزترین ئاستی تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لە قەڵەم بدرێت.
سەرباری ئەمەش، سوپای تورکیا بنکەی سەربازیی لە قەتەر جێگیر کردووە و پارێزگاریی لە میر و خاکی قەتەر دەکات، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە لەبەردەم سعودیەدا، چونکە ئەگەر تورکیا لە قەتەر بوونی سەربازیی نەبوایە، ئەوا سعودیە بژاردەی داگیرکردنی قەتەری لەبەردەمدا بوو، بۆیە ئێستا ئەنقەرە بەربەستە لەبەردەم داگیرکردنی قەتەردا لەلایەن سعودیەوە.

هەندێک لە شارەزایان لەو بڕوایەدان کە لەڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە، ئەردۆغان دەیەوێت رۆڵی سعودیە وەک پارێزەری عەرەب، موسوڵمانان و هەروەها هەردوو شاری پیرۆزی مەککە و مەدینەش کە لەنێو خاکی سعودیەدان بۆخۆی بەدەستبهێنێت و ئەو رۆڵە لەژێر دەستی سعودیە دەربهێنێت.

هەروەها پشتیوانیی جەماوەریی زۆرینەی گەلی عەرەبی بەدەستهێناوە، بەتایبەتی کاتێک کە ئەردۆغان وەک دوژمنی ئیسرائیل خۆی نمایش دەکات. هاوکات، لەدوای سوپای ئیسرائیل، سوپای تورکیا بە دووەم گەورەترین سوپای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

ئەردۆغان دەیەوێت بەدوای دوو کەروێشک بکەوێت و هەردووکیشیان بگرێت، وەک ئەوەی پێشوازیی لە کۆمەڵەی (ئیخوان موسلیمین) کرد کە لە میسرەوە بەرەو تورکیا کۆچیان کردووە، یان وەک دەوترێت لە میسر دەرکراون؛ کە نەیاری حکومەتی میسر بوون و دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان رێکدەخست. بەڵام، ئەردۆغان دادگایی و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ کۆمەڵەی LGBT لە تورکیا نەکرد، تەنانەت مۆڵەتی بە پرۆسەی کردنی ئاڵوگۆڕی رەگەزیی دا. هەرچەندە ئەردۆغان هێرشی سەربازیی دەکردە سەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بازرگانیی لەگەڵ هەمان رێکخراودا دەکرد.

سەرۆکی تورکیا پاڵپشتی جووڵانەوەی ئیسلامی لە ناوجەرگەی خاکی ئیسرائیلدا دەکرد، تا رادەی پارەڕژندان و هەڵڕشینی هاوکاریی دارایی ئەو لایەنانەی کە ئەرکی پاراستنی مزگەوتی ئەقسایان لە ئەستۆدابوو، هەروەها هێرشی زارەکی و میدیایی دەکردە سەر ئیسرائیل و (IDF) هێزی بەرگری ئیسرائیل، بەڵام لەهەمان کاتیشدا چاوی بە سەرکردە بەناوبانگە ئەمریکییە جولەکەکان دەکەوت و پەرەی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەدات.

جێگای ئاماژەپێکردنە هێشتاش ئیسرائیل ساڵانە بەبڕی نزیکی یەک ملیار دۆلار کاڵا لە تورکیاوە هاوردە دەکات، لەکاتێکدا تورکیا هەوڵدەدات ببێت بە مەرجەعی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی موسڵمانی سوننە مەزهەب، بەڵام کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی لەگەڵ ئێرانی شیعە مەزهەبیشدا هەیەو دەیکات، «کە دوژمنی لەمێژینەی سوننەکانە».

ئەردۆغان هەرچەندە دژی داگیرکارییەکانی کەناری خۆرائاوایە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەڵام خۆی چەند ناوچەیەکی سوریا و قوبرسی داگیر کردووە و جگەلەوەش؛ هێزی سەربازیش بۆ لیبیا دەنێرێت.

هەروەها، سەرۆکی تورکیا هێرش دەکاتە سەر ئەوروپییەکان و لەهەمان کاتدا خوازیارە کە ببێت بە بەشێک لە ئەوروپا. بانگەشەی ئازادیی و دیموکراسی دەکات و بە سەدان رۆژنامەنووس راپێچی زیندان دەکات.
دەیەوێت رابەرایەتی جیهانی ئیسلامی بکات، بەڵام تاوانی جەنگ بەرامبەر کوردەکان پەیڕەودەکات؛ لەکاتێکدا موسڵمانیشن.

سیاسەتی ئەردۆغان لێوانلێوە لە ناڕوونی و ناچوونییەکی، هەندێک پێیانوایە کە کەسێکی پڕاگماتیکییە و هەندێکی دیکەش بە کەسێکی دووڕووی لەقەڵەم دەدەن.
هەوڵدەدات لەسەر حسابی لایەنی بەرامبەر مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت.

لەڕاستیدا تورکیا مزگەوتێکی دیکەی پێویست نییە، هۆکاری سەرەکی گۆڕینی ئەیاسۆفیا بە مزگەوت لەلایەن ئەردۆغانەوە، بریتییە لە وروژاندنی درووشمەکانی موسڵمانان لەپێناوی ئامانجە پۆپۆلیستییەکاندا لە جیهانی عەرەبی ئیسلامیدا کە سەردەکێشێت بۆ سەرلەنوێ ململانێیەکی دیکەی فراوانخوازی هەژموونی دەسەڵات لە ناوچەکەدا.

ئەمەش بەیەکێک لە قۆناغەکانی کێبڕکێی تورکیا لەگەڵ سعودیەی عەرەبی دادەنرێت؛ لەپێناوی فراوانکردنی هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان لە جیهانی موسڵمانانی سوننەدا.

سەرچاوە: www.besacenter.com

print

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*