سەرەکی » زانست » كڵاوێكی زیرەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا

كڵاوێكی زیرەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا

خوێندكارانی ڤێتنامیی جۆرە كڵاوێكیان دروستكردووە بۆ كارمەندانی هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و ڕێگەیان دەدات بە ئاسانیی نانبخۆن و دەست لە سەریان بدەن بێ ئەوەی ترسی تووشبوونیان هەبێت.
سێ خوێندكاری ڤێتنامی كە یەكێكیان تەمەنی تەنها (١٤) ساڵە و پێشتر خەڵاتی باشترین دیزاین و داهێنانی پێدراوە جۆرە كڵاوێكیان داهێناوە و ناویانناوە(ڤێ هیلمێت) كە ناوەكەیان لە دوو پیتی یەكەمی ڤێتنام و هیلیمیتی ئینگلیزیی وەرگرتووە كە بە مانای خودە دێت و بە تایبەت بۆ ئەو كارمەندانەیان دروستكردووە كە لە بەرەكانی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرنادان.

ئەم كڵاوەیان بە شێوەیەك دروستكردووە كە پەیوەستە بە دەزگایەكی هەناسەدانەوە بەجۆرێك تەنها كارمەندان ناپارێزێت، بەڵكو ڕێگەشیان پێدەدات بەردەوام بن لە كارەكانیان و بەئاسوودەیی خزمەتەكانیان پێشكەش بكەن.

كڵاوەكە یان خودەكە كونێكی ناوەوەی هەیە بە دەستكێشەوە كە بەكارهێنەر دەتوانێت دەستی بخاتە ناوی بۆ ئەوەی ئارەقەكەی بسڕێت یان چاویلكەكەی ڕێكبخات، بێئەوەی ناچار بێت كڵاوەكە لابەرێت، هەروەها كڵاوەكە كە تێچوونەكەی كەمترە لە(٣٠٠) دۆلار پانتاییەكی ناوەوەی هەیە، بۆ دانانی ژەمێكی سووك و لوولەكێكی لێبەستراوە بۆ پاككردنەوەی هەوا و چەند گیرفانەیەكییشی بۆ كراوە بۆ ئەوەی بەكاربەر بە ئاسانی بتوانێت چەند بەشێكی سەری بخورێنێت.

هەرچەندە بەكارهێنانی ئەم كڵاوە كەسەكە پارێزراوتر دەكات بەبەراوورد بە ماسكی ئاسایی، بەڵام ڕەنگە زۆركەس ئاسوودە نەبن لە كاتی بەكارهێنانیدا، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمپانیای(ڤینسمارت) كە سەر بەكۆمپانیای (ڤینگروپ)ە، گەورەترین گروپی بەرهەمهێنانی ئامێری هەناسدانی دەستكردە رێككەوتنێكی ئیمزا كردووە بۆ یارمەتیدانی ئەو خوێندكارانە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وێنەی كۆتایی ئەو كڵاوە بە شێوەیەكی بەرفراوان.

سەرچاوە: sky news

print

 121 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*