سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید عه‌لی چوارتایی

ونناوەکانی شۆڕش

شه‌هید عه‌لی چوارتایی

ئازاد سه‌راوی

به‌فر سێ ڕیزه‌ ده‌باری به‌ سه‌ر سه‌رو ئه‌گریجه‌ و په‌رچه‌می دێیه‌كانی كورده‌واری، به‌فر دنیای سپی پۆشكرد، زۆپای ماڵان كڵپه‌ی ده‌سه‌ند هێنده‌ی تر وه‌رزه‌كه‌ی خۆشكرد، به‌ ده‌م باڕێزه‌و به‌فره‌وه‌ ده‌هاتن و كلوه‌كانیان تێكده‌هاڵان، خۆیان ده‌كرد به‌ بانیژه‌و سه‌ر ته‌نورو ده‌رگای ماڵان، له‌ درزی په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه‌ خۆیان ده‌كرد به‌ ژورێداو تۆپه‌ڵ ده‌بوون ده‌بوونه‌ گه‌مه‌ی مناڵان.

زستانی كورده‌واری زوو به‌فر هێنده‌ی باڵای پیاوێك، یان به‌ ئه‌ندازه‌ی لاولاوێك له‌ ناو ئاوایی ده‌كه‌وت و به‌ به‌فرماڵ، لایان ئه‌داو ده‌یانماڵی، به‌ر هه‌یوان و سه‌ربانی به‌فر لێنیشتووی زستانی ساڵ.

له‌ ده‌وروو به‌رو ئاوایی سوتووی ده‌شته‌ تاڵی بانه‌، به‌فر هه‌تا گوێسه‌بانه‌، به‌فرێكی ئه‌ستوور باریبوو، بڕستی له‌ گه‌له‌ گورگ و له‌ ڕێبواری ڕێ بڕیبوو، به‌فر ده‌هات هه‌تا دره‌نگ نه‌ده‌چوه‌وه‌، تازه‌ زه‌وی نێر ده‌بوه‌وه‌، گوڵاڵه‌ سه‌ریان ده‌ردێنا، به‌فر خه‌ت و خاڵی مابوو به‌ قه‌راخ و به‌ قه‌دپاڵه‌وه‌ جێمابوو، وه‌رزی زستانێكی (سوتوو)یان به‌هارێ، من نازانم پایزێك یان به‌فرانبارێ، عه‌لی چوارتایی له‌ سووتو له‌ دایك بوو، هه‌ر له‌وێشدا بێ باوك بوو.
سوتوو زێدو نیشتمانی مناڵی عه‌لی چوارتایی و یه‌كه‌م گڕوگاڵی ئه‌و بوو، یه‌كه‌م نیگای چاوه‌كانی وه‌ك گزنگی ده‌م به‌یانی هه‌ناسه‌ی دوای نیوه‌ شه‌و بوو، عه‌لی لێره‌وه‌ پێگه‌یی وه‌كو مانگ خه‌رمانه‌ی دابوو، هێنده‌ نه‌بوو سه‌رو زمانی پژا بوو، هێنده‌ نه‌بوو خۆی ده‌ناسی هێشتا له‌ خه‌م نه‌ڕه‌خسیبوو، هێشتاكه‌ ده‌ورو زه‌مانه‌ی نه‌ناسیبوو، باوكی كۆچی دوایی كردبوو باڵنده‌یه‌كی ته‌ریو بوو.

خێزانی عه‌لی چوارتایی له‌ به‌نه‌ژاژ له‌ ده‌شته‌ تاڵی بانه‌وه‌، به‌و هه‌موو ئێش و ژانه‌وه‌ كۆڵ به‌ كۆڵ و خه‌م له‌ كۆڵ و ئازار له‌ كۆڵ له‌ گه‌ڵ دایكێكی زه‌حمه‌تكێش، به‌ نه‌ژاژو ده‌شته‌ تاڵیان به‌جێهێشت و له‌ ماره‌ ڕه‌ش گیرسانه‌وه‌، چوارتا بووه‌ دوا وێستگه‌یان، هه‌ر له‌وێدا بووژانه‌وه‌.

عه‌لی چوارتایی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كه‌م ده‌سته‌ی پارتیزان بوو، وریا زرنگ بوو كارزان بوو، كه‌ڵه‌ پشكۆی ئاگردان بوو، هه‌ناسه‌یه‌كی ته‌زیوی نیشتمان بوو، له‌ به‌ر خۆره‌تاوی شۆڕش گه‌رم ده‌بوه‌وه‌ هه‌ناسه‌ی، كوردستان هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی بووه‌ ناسنامه‌و پێناسه‌ی.

كێ ناتناسێ و كوێ ناتناسێ، كام شاخ و لوتكه‌ و قه‌دپاڵ و كامه‌ ڕێگه‌، گورجی هه‌نگاوتی نه‌دیوه‌، كامه‌ جێگه‌، كام داستان و نه‌به‌ردیه‌ جێگه‌ په‌نجه‌ی تۆی لێ نیه‌، كام سه‌نگه‌رو كامه‌ شه‌ڕگه‌، كام توله‌ ڕێ و هه‌ورازه‌ ڕێ و سه‌ره‌ ڕێیه‌، كامه‌ ماڵ و كام كۆڵیته‌ كامه‌ دێیه‌، كام به‌ر به‌ڕۆژو هه‌تاوه‌ كام نسێیه‌، هه‌ر كوێ ده‌چی هه‌ر كوێ ده‌ڕۆی جێگه‌ هه‌نگاوو شه‌قاوو گڕه‌ی هه‌ناسه‌ی تۆی لێیه‌.

چناره‌ گه‌وره‌كه‌ی چوارتا باڵای كه‌ڵه‌گه‌تی تۆیه‌، له‌ ئاستی گه‌وره‌یی تۆدا چۆته‌ سه‌ر چۆك، هه‌موو ڕۆژێك چه‌ند كاتژمێرێك بێده‌نگه‌و وه‌ك ده‌ڵێن ده‌سته‌و ئه‌ژنۆیه‌، كه‌ شه‌ماڵێك له‌ سه‌ڵڵاوه‌ هه‌ڵده‌كات و ڕایده‌ژه‌نێ، له‌ خوێنی ڕژاوی تۆدا ده‌ڵێن شمشاڵێك ده‌ژه‌نێ ئاوازێكی غه‌مگین، غه‌مگین هه‌ندێك جاریش كه‌ بارانێكی پایزه‌ سه‌رو پرچی ده‌شواته‌وه‌و ڕووت ده‌بێته‌وه‌ له‌ گه‌ڵا له‌ مه‌راقدا پێده‌كه‌نێ، ئه‌و سوره‌ چناره‌ پیره‌ كه‌ڵه‌گه‌ته‌ كه‌ ناوی تۆی لا ده‌هێنن هێنده‌ غه‌ریبی تۆ ده‌كات خه‌ریكه‌ خۆی له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵده‌كه‌نێ، جار هه‌یه‌ زۆر به‌ كوڵ ده‌گری، جاریش هه‌یه‌ بێده‌نگ ده‌بێ سه‌ری له‌ ناو ئه‌ژنۆی ده‌نێ.

به‌یانیه‌ك زڕه‌ی زنجیری ده‌بابه‌ گه‌یشته‌ كه‌توو، مانگی پێنج بوو، بنارو هه‌واری كه‌توو گڕوبڵێسه‌ی ئاگر بوو له‌ ئۆردوی داگیركه‌ر به‌ر بوو، دۆزه‌خێكتان بۆ داگیركه‌ر داخستبوو پیری شه‌وكێڵ هه‌ر دۆزه‌خی داگیركه‌ر بوو.
تۆی فه‌رمانده‌ گیانت به‌و داستانه‌ سپارد، پێڵۆی چاوه‌كانت داخست، كۆستی هه‌موو كۆستانت خست.

 322 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*