سەرەکی » ئاراستە » سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

بیره‌وه‌ریی شه‌ڕی دژی داعش

سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

وه‌ستا ره‌سوڵ

ئه‌م زنجیره‌ نووسینه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ دا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا پڕۆژه‌ی كتێبێكه‌ تایبه‌ت به‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆم له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا.

به‌ پێویستی ده‌زانم داوای لێبووردن بكه‌م له‌ ئه‌گه‌ری بیرچوونی رووداوێك، یاخود هه‌رشتێكی تایبه‌ت به‌و باسه‌، بۆیه‌ داواكارم له‌ هه‌ڤاڵان و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی لەم رووه‌وه‌ هه‌ر سه‌رنج و بیرهێنانه‌وه‌و پێشنیازێكیان له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بوو، بۆم بنێرن تاكو له‌ كتێبه‌كه‌دا جێگه‌ی بكه‌مه‌وه‌.

(5)

شەڕی‌ ڕێگای‌ بەشیر
ڕۆژی‌ (3ی‌ تەمموزی‌ 2014) لەسەر رێگای‌ گوندی‌ بەشیر شەڕ دەستی‌ پێکرد، هێرشەکە لەسەر هەردوو لیوای‌ دووی‌ تایبەت و سێی‌ تایبەتی‌ هەڤاڵ کۆسرەت بوو، بەو پەڕی‌ تواناوە بەرگریان کرد، هەردوو لیواکە شەهید و برینداریان هەبوو.

ئەم دوو لیوایە لەوبەری‌ پرۆژەی‌ ئاوی‌ کەرکوکەوە جێگیر کرابوون، شوێنەکانیان لەخاڵە پڕ مەترسیدارەکان بوو، بەردەوام شەڕی‌ گەرمیان لەسەربوو، فەرماندەکانی‌ ئەم دوولیوایە لەرووی‌ دیسپلینی‌ سەربازییەوە زۆر بەهێزبوون، چەکی‌ بچوک و مام ناوەندیان هەبوو، فەرماندەکانیان خەمخۆری‌ هێزەکانیان بوون و جێگەی‌ بڕواو پشت پێ بەستنی‌ ئێمەبوون، بە پاڵپشتی‌ هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو توانیان بەرپەرچی‌ هێرشەکەی‌ دوژمن بدەنەوە. ڕۆژانە هەردوو لیواکەو هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو لە بەرگری‌ و شەڕی‌ گەرمدا بوون. عەمید سەلیم دهۆکی‌ و عەمید روکن ڕێبوار عەلی کەریم فەرماندەی‌ هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو بوون لەو سنوورە و ڕۆڵی‌ قارەمانانەیان هەبوو.

گواستنەوەی‌ بارەگای‌ میحوەری (تازە)
لە راستیدا لە بەر دوو هۆکار دەمانویست بارەگای‌ میحوەر لە ناحیەی‌ تازەوە بگوازینەوە بۆ سەر هێڵی‌ کۆنی‌ شەمەندەفەری‌ کەرکوک، ئەو هۆکارانەش ئەمانەن:

1 ـ بارەگای‌ میحوەر مەترسی‌ زۆری‌ لەسەربوو، لە سەنگەرەکانەوە زۆر نزیکبوو، رۆژانە هاوەن باران دەکرا.

2 ـ جێگەمان نەبوو نوسینگەی‌ میحوەر و ژووری‌ هەیئەتی‌ میحوەرەکە دابین بکەین.
عەمید شێرکۆ پێی ووتین:من بینای‌ هێڵی‌ شەمەندەفەرەکە چۆڵ دەکەم، وەرنە شوێنی‌ ئێمە جێگەیەکی‌ بڵندەو لەناوەڕاستی‌ شەڕگەکانەوەیە، کە سەردانم کرد خەریکی‌ گواستنەوەی‌ کەل و پەلەکانیان بوون، ئێمەش هاتینە جێگەی‌ ئەوان،ئەم شوێنە بۆ ئێمە باشبوو بەتایبەتی‌ بارەگای‌ هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دووی‌ لێ بوو، ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو، بۆ رۆژی‌ دوایی کەلوپەلەکانمان گواستەوەو بارەگامان لەوێ دانا.

عەمید روکن مەریوان فەرماندەی‌ هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دووبوو لەهەمان کاتدا جێگری‌ میحوەربوو بۆ کاروباری‌ هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو، لەکاتی‌ شەر لەشەڕگەکان زووتر پێمان ڕادەگەیشت. پێکەوە بڕیارمان لە جووڵەی‌ تانک و زریپۆشەکان ئەدا.

فەوجێکی‌ لیوای‌ سێی‌ سلێمانی‌ بەفەرماندەیی عەمید عەلی‌ چیمەنی‌ لەسکەکە جێگیرکرا، وەکو هێزێکی‌ یەدەک لە بەردەستمان بوون. لەهەر جێگەیەک شەڕ و پێکدادان هەبوایە فەرماندەکانی‌ ئەم فەوجە بە خۆیان و هێزەکانیانەوە لە بەرەی‌ شەڕگەکان ئامادەی‌ ڕووبەڕووبوونەوەی‌ دوژمن دەوەستان و رۆڵی‌ قارەمانانەیان هەبوو لە بەرەکانی‌ شەڕ.

سەردانی‌ لیوای‌ یەک
ڕۆژی‌ (7ی‌ تەموزی‌2014) لەگەڵ عەمید ڕوکن مەریوان سەردانی‌ بارەگای‌ نوێی‌ (لیوای‌ یەک)مان کرد لە سەر ڕێگای‌ حوزەیران، لێکۆڵینەوەی‌ وردمان کرد دەربارەی‌ ئەو پروپاگەندانەی‌ کە لەلایەن کەسانی‌ ناحەز و دەروون ڕەشەوە دەکرا بەرامبەر بە فەرماندەکانی‌ هێزی‌ پێشمەرگە کە گوایە بازرگانی‌ دەکرێت لەو سنوورانە.

لە سنوری‌ میحوەری‌ چوار تەنها یەک بازگە هەبوو لە مەکتەب خالیدەوە هاتووچۆی‌ کەرکوک حەویجە دەکرا، ئەویش لیوای‌ یەکی‌ لێ بوو، عەمید شیرکۆ خۆی‌ راستەوخۆ چاودێری‌ خاڵی پشکنینەکەی‌ دەکرد.

لیوای‌ یەک بەرەیەکی شەڕی پێ سپێردرابوو سەرەڕای‌ ماندووبوونیان بەردەوام شەڕی‌ گەرمیان لەسەربوو، عەمید شێرکۆ پیاوێکی‌ پاک و دڵسۆز و نیشتمانپەروەربوو، زۆر لەخەمی‌ پاراستنی‌ کەرکوک بوو، لەگەڵ دەوروبەری‌ و خەڵکی‌ کەرکوک بەسادەیی هەڵسوکەوتی‌ دەکرد، زۆر بەڕاشکاوانە بەفەرماندەکانی‌ خوارووی‌ خۆی‌ ڕاگەیاند کە هەرکەسێ چاوی‌ لەهەرشتێ بێت لەو بازگەیە سزای‌ دەدەم، لەهەموو سنوری‌ میحوەری‌ چوار هیچ جۆرە بازرگانییەک لەگەڵ حەویجەدا نەبوو، هەموو ئەو پروپاگەندانەشمان ڕەتکردەوە کە هەندێ گرووپی‌ سیاسی‌ و کەسانی‌ دەروون ڕەش لە پشتیەوە بوون.

رۆڵی ئیدارەی یەکەی سەربازی
کاروباری‌ ئیداری‌ لەهەر یەکەیەکی‌ سەربازیدا یەکەم هۆکارە لەسەرکەوتنی‌ شەڕەکاندا، بەهۆی‌ ئەوەی‌ لەسنووری‌ میحوەری‌ چوار، عەمید کاوە کەریم لێپرسراوی‌ ئیدارەی‌ میحوەرەکەمان بوو بەردەوام لە خەمی‌ کاروباری‌ ئیدارەی‌ هێزەکاندا بوو، پیاوێکی‌ دەستپاک و دڵسۆزبوو، لەشەڕەکاندا بەردەوام بەخۆی‌ و ئۆتۆمبیلی‌ بارهەڵگرەوە لە ناوسەنگەرەکاندا بوو، هاوکاتیش وەکو فەرماندەیەکی‌ سەربازی‌ بەشداری‌ لەهەموو کۆبوونەوەکانی‌ فەرماندەکاندا دەکرد و ڕای‌ تایبەتی‌ هەبوو لەسەر پێشهات و نەخشە سەربازییەکان، ئەگەرچی‌ لێپرسراوی‌ ئیدارەی‌ میحوەری‌ چوار بوو، بەڵام لە کاتی‌ شەڕەکاندا سەرپەرشتی‌ ئیدارەی‌ هەموو میحوەرەکانی‌ دەکرد.مامۆستا کاوە وەکو هاوڕێیەکی‌ دڵسۆزی‌ من لە زۆربەی‌ شەڕەکانی‌ پێشووتریش هەر پێکەوە بووین، خەم خۆری‌ هێزی‌ پێشمەرگە بوو.

لە بەشەکانی‌ ئیدارە کۆمەڵێ کادیری‌ دڵسۆز و دەستپاکی‌ لەگەڵ بوو، بەردەوام لەخەمی‌ هێزەکاندا بوون، لەگەڵ ئەوەی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە وەکو پێویست بەردەستی‌ و خۆراکی‌ پێشمەرگەی‌ پێنەدەداین، بەڵام ئیدارەی‌ میحوەری‌ چوار، بەردەوام پاشەکەوتی‌ خۆی‌ هەبوو لە هەموو جۆرەکانی‌ تەقەمەنی‌ و سۆپا و ڕایەخ و نایلۆنی‌ سەر سەنگەرەکان و خۆراکی‌ پێشمەرگە و سووتەمەنی‌ وهتد. لەماوەی‌ شەڕەکاندا نەیانهێشت هێزەکانمان کەم و کوڕییان پێوە دیار بێت.
لە ڕاستیدا بەهیمەتی‌ ئەم پیاوە ئازایانەی‌ ئیدارەبوو لە ئیشوکارەکانمان کەموکوڕیمان پێوە دیارنەبوو، کە من یا لیوا هیوا ڕەش جێگری‌ میحوەر لەوێ نەبووینایە کاروباری‌ سەربازیشمان بە عەمید کاوە دەسپارد. هەموو فەرماندەی‌ لیواکان گوێڕایەڵی بوون و ڕێزی‌ زۆریان بۆ دادەنا.

دەتوانم بڵێم کەم هەبوون لە کەسانی‌ بەرپرسی‌ ئیدارە بە هۆی‌ کارەکەیانەوە لەلایەن هێزی‌ پێشمەرگەو فەرماندەکان خۆشەویست بن. بە پێچەوانەوە عەمید کاوە کەریم لە هەموومان خۆشەویست تر بوو لەلای‌ فەرماندەکان، رائد تەحسین و رائد کازم عوسمان و شێرزاد و کازمی‌ مەخزەن و عەباس و غازی‌ و محەمەد شەو و رۆژیان نەبوو بەردەوام بوون لەکارکردن، بەهۆی‌ سیستماتیک کردنی‌ کاروباری‌ ئیدارە لە میحوەری‌ چوارەوە، هەموو کادیرانی‌ ئیدارە لە ناو لیوا و فەوجەکان بەدڵسۆزییەوە کاری‌ خۆیان دەکرد. لەکاتنێکدا ئەم نووسینە دەنووسمەوە مامۆستا کاوە پلەکەی‌ بەرزکرایەوە بۆ لیوا.

بەشی‌ هەواڵگری‌ میحوەر
ئەم بەشە یەکێک بوو لە بەشە چالاکەکانی‌ میحوەرەکەمان کە عەمید ڕوکن خالید عەودل سەرپەرشتی‌ دەکرد، سەرەڕای‌ کارەکەی‌ خۆی‌ بەوپەڕی‌ دڵسۆزییەوە کە ئەنجامی‌ دەدا و کاری‌ هاوئاهەنگی‌ نێوان هێزی‌ پێشمەرگەی‌ لە سەنگەرەکانەوە بۆهاوپەیمانان دەکرد، پیاوێکی‌ زۆر بەتوانا و لێوەشاوەبوو، بەوردی‌ مۆڵگەکانی‌ دوژمنی‌ لەسەر نەخشە دیاری‌ دەکرد بەمەبەستی‌ بۆردمانکردنی‌ لەلایەن فڕۆکەکانی‌ هاوپەیمانانەوە. مامۆستا کامل جێگری‌ دەکرد پیاوێکی‌ پڕ لە زانیاری‌ و پاک و دڵسۆزبوو. لەم بەشە کار و چالاکی‌ زۆر ئەنجام دەدرا بەردەوام جموجۆڵی‌ دوژمنان لە ناو شانە نووستووەکانی‌ دوژمن دەستنیشان دەکرد و گروپی‌ جۆراوجۆری‌ تیرۆرستانیان دەست گیردەکرد و بە پێی تاوانەکانیان رادەستی‌ دادگای‌ دەکردن .

دروستکردنی ژووری ئۆپراسێۆنەکان
لە بارەگای‌ میحوەر ژوورێکمان پێویست بوو بە ناوی‌ ژووری‌ ئۆپراسیۆنەکان، کە گرنگییەکی‌ زۆری‌ هەبوو وەکو بەشێکی‌ سەرەکی‌ لەمیحوەر، لە ڕووی‌ سەربازییەوە سوودی‌ زۆری‌ بەهێزەکانمان دەگەیاند، ئەو کۆمەڵە ئەفسەرە ئەکادیمیانەی‌ لە سەرەتای‌ شەڕەکانەوە هاتنە میحوەرەکەمان بۆ دامەزراندنی‌ ژووری‌ ئۆپراسیۆن بریتی‌ بوون لە :

عەقید ووریا شێخ حەسەن ساڵەیی لە سوپای‌ عیراقەوە گەڕایەوە بۆلامان .
عەقید شێرزاد زەنگەنە لە سوپای‌ عیراق فەرماندەی‌ فەوج بوو، هاتە لامان، پاشان بوو بە جێگری‌ لیوا لە لیوای‌ (134) و لە شەڕێکی‌ قارەمانانە لە(30/1/2015) لە سنووری‌ نەهرەوان شەهید بوو.
عەمید ڕوکن خالید عەودل لە وەزارەتی‌ پێشمەرگەوە هاتبوو .
عەمید ڕوکن قەیس لە وەزارەتی‌ پێشمەرگەوە هاتبوو پێشتر ئەفسەری‌ سوپای‌ عێراق بوو.

ئەم ئەفسەرانە بە شان و بازووی‌ خۆیان کاریان لەسەر کەلوپەلی‌ بەجێماوی‌ ناو سەربازگەی‌ کەیوان دەکرد، توانیان ژووری‌ ئۆپراسیۆن دروست بکەن، هەموویان کەسی‌ دڵسۆز و شارەزای‌ بواری‌ سەربازی‌ بوون. زۆر ماندووبوون لەگەڵ دروستکردنی‌ ژووری‌ ئۆپراسیۆن بە هەموو نەخشەی‌ سەربازی‌ و پەڕاوگە و پێویستییەکانیەوە، هەرچی‌ وەفدی‌ وەزارەت و بێگانە دەهاتنە لامان لە ڕێگەی‌ ژووری‌ جموجوڵەوە شیکاری‌ شەڕگە و مۆڵگەکانی‌ دوژمنمان بۆیان دەکرد.

تا ئێستاش لە بەشە سەرکەوتووەکانی‌ میحوەرەکەمان لە رووی‌ مەیدانییەوە بەباشی‌ بە ئەرکی‌ خۆیان هەڵدەستن، ئێستا لیوا روکن قەیس لێپرسراوی‌ ئەم بەشەیە و عەمید سعود خاڵۆبازیانی‌ و عەمید سعود قۆجەلی و نەقیب هیوا کاری‌ لەگەڵ دەکەن، بەردەوام نەخشەی‌ شەڕگە و جموجۆڵی‌ دوژمن و ئاڵوگۆڕی‌ لیوا و فەوجەکان لە سەر (احداثیات) دیاری‌ دەکەن.

شەڕی‌ تەللوەرد
رۆژی‌ (15ی‌ تەموزی‌2014) من مۆڵەت بووم لە سلێمانی‌، لە کاتژمێر (5:00) عەمید شیرکۆ فەرماندەی‌ لیوای‌ یەک، بەتەلەفۆن پێی‌ ڕاگەیاندم کە داعشەکان لەناو گوندی‌ (دور کارەبا) دەیانەوێ بۆ سەر ئاوەکە سەنگەر لێ بدەن، بەوەش ڕێگای‌ هاتووچۆی‌ بەرزاییەکانی‌ تەللوەرد دەکەوێتە مەترسیەوە. من ووتم: سەرەتا بانگیان بکەن و پێیان بڵێن: ڕایگرن، ئەگەر نەوەستان تەقەیان لێبکەن با ڕایگرن.

عەمید سەید ساڵح فەرماندەی‌ لیوای‌ (6) کە شەڕەکە لە سنوری‌ ئەوان بوو، مۆڵەت بوو، عەمید شێرکۆ زۆر هەوڵیدابوو کە حەفارەکە ڕابوەستێنی‌ و نەیەتە پێشەوە، بەڵام داعشەکان گوێیان بە داواکەیان نەدابوو، تەقە دروستبوو بوو، شەڕەکە گەورەبوو، داعش کوژراویان هەبوو.

من گەڕامەوە بۆ کەرکوک لەگەڵ عەمید ئاسۆ بارام و عەقید تالیب جێگری‌ فەوج بە هێزێکەوە بەرەو تەللوەرد چووم .

عەمید سەید ساڵح گەڕابۆوە تەللوەرد بۆ هەڵسەنگاندنی‌ بارودۆخەکە لەناو سەنگەرەکان کۆبوونەوەیەکمان کرد، دواتر گەیشتینە ئەو بڕوایەی‌ کە داعش جارێکی‌ تر پەلاماری‌ تەللوەرد و مەکتەب خالید دەداتەوە.

لە کۆبوونەوەی‌ شەوی‌ (15/ 16ی‌ تەموزی‌ 2014) وا ڕێککەوتین بەمشێوەیە دابەش بین کە عەمید شیرکۆ، عەمید سەید ساڵح، عەمید سەرحەد لە تەللوەرد بمێننەوە، من و عەمید ئاسۆ و هێزەکانی‌ فەوجەکەی‌ عەقید تالیب بچینە سەر پردەکەی‌ مەکتەب خالید، شەوەکەی‌ لەناو کارگەی‌ (غازی‌ باکور) لە بارەگای‌ عەقید کامەران ئەحمەد بەرپرسی‌ پۆلیسی‌ نەوت مامەوە.

لە کاتژمێر (7:00) لە هەموو لایەکەوە شەڕ دەستی‌ پێکرد. دوژمن لە چەند قۆڵێکەوە پەلاماری‌ تەللوەرد و پردی‌ مەکتەب خالیدی‌ داو شەڕێکی‌ قورس ڕوویدا، شەهید وبریندارمان زۆر بوو، هێرشەکانی‌ دوژمن لە هەموو لایەکەوە شکان، تا کاتژمێر (14:30) شەڕ بەردەوام بوو، دوژمن کوژراوی‌ زۆری‌ هەبوو .

دیاربوو لە رێگای‌ عەشایەری‌ عەرەبەوە داوا لە هەردوولا کرا شەڕەکە ڕابگرن، داوام لە هێزەکانی‌ پشتیوانی‌ دوو کرد کە عەقید تەیب و عەمید لوقمان و عەقید سیروان لەوێ بوون بە هەموو چەکەکانیان پردی‌ فەتحەی‌ موسڵ بۆردومان بکەن. ئەوانیش زۆر بەوردی‌ ناو گوندی‌ سوڵتان مەرعی‌ و پردەکەیان کردە ئامانج، دیاربوو زیانی‌ زۆر بە دوژمن گەیشت، بۆیە داوای‌ ڕاگرتنی‌ شەڕەکەیان کرد، ئەوەی‌ لەو بارەیەوە تەلەفۆنی‌ بۆ عەمید شێرکۆ کردبوو پێم وابێ ( ئیسماعیل حەدیدی‌ ) بوو، عەمید شیرکۆ داوای‌ لە من کرد شەڕەکە ڕابگرین. ئەگەر چی‌ من پێم باش نەبوو.

ئێمە تەقەمان ڕاگرت، لە تەللوەرد هاوانێک کەوتە ناو سەنگەرەکەی‌ عەمید شێرکۆ و بە سەختی‌ برینداری‌ کرد و شەهید و برینداری‌ تریشمان هەبوو، بە برینداربوونی‌ عەمید شێرکۆ پشێوی‌ دروست بوو، خێرا هێزە یەدەکەکەی‌ خۆمم ناردە تەللوەرد و بە تەلەفۆن بە عەمید سەرحەدم ووت: کەتۆ لەم چرکەیەوە فەرماندەی‌ لیوای‌ یەکی‌، بڕۆ بۆ سەرەوە و سەنگەرەکان چۆڵ نەکەی‌، تەنها عەقید فەتاح محەمەد چۆڵی‌ لە سەنگەرەکەی‌ پێشەوە مابوو لە لیوای‌ یەک وەکو فەرماندە، دەستبەجێ لەگەڵ هێزەکانی‌ لیوای‌ (6) توانرا سەنگەرەکان بەباشی‌ ڕێک بخرێتەوە . عەمید سەید ساڵح خۆیشی‌ لە ناو سەنگەرەکان هێزەکانی‌ دابەش کردەوە. بۆ ڕۆژی‌ دووەمیش تەقە هەرمابوو. لە تەللوەرد دوژمن لای‌ مەبەست بوو تەللوەرد بگرێت لە سێ لاوە پەلاماری‌ ئەدا.

 166 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*