سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار: پێویستە دۆخی كەركوك چارەسەربكرێت

״پێكەوەژیان بەپێی دەستوور و دوور لە سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع״

سەرۆك كۆمار: پێویستە دۆخی كەركوك چارەسەربكرێت

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەمیانی پێشوازیی لە نوێنەری پێكهاتە جیاجیاكانی شاری كەركوك، «تەئكیدی لەسەر چارەسەری كێشەكان و زامنكردنی پێكەوەژیان لە شارەكەدا كردەوە دوور لە سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع».

سەرۆك كۆمار، جەختیشی لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی دۆخی شاری كەركوك كردەوە بە پشتبەستن بە دەستوور و خواستی دانیشتووانی رەسەنی شارەكە، كە پێشتر بەهۆی رژێمی دیكتاتۆری بەعس و گەندەڵی و سەپاندنی ئەمری واقیع و پەراوێزخستن، زیانی زۆری بەركەوتووە، لەو رووەوەشەوە تەئكیدی لە»كۆتاییهێنان بە باری نەخوازراوی پارێزگاكە كردەوە».

سەرۆك كۆمار، ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا دیالۆگی جددی لەنێوان پێكهاتەكانی شارەكە لەئارادایە بۆ گەیشتن بەچارەسەرێكی كەركوكیانە بەگوێرە‌ی دەستوور، بەجۆرێك دوور لە گرژی و ئاڵۆزیی؛ زامنی ئارامی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە بكات، لەوبارەیەشەوە تەئكیدیكردەوە «بۆ دەستەبەركردنی دیموكراسی و پێكەوەژیان وا پێویست دەكات خەڵكی كەركوك خۆیان بڕیارەكانیان بدەن»، بۆ ئەو مەبەستەش هەموولایەكی راسپارد بە دیدارو گفتوگۆی بنیاتنەرانە ناكۆكی و جیاوازییەكانیان چارەسەربكەن و شارەكەیان بەدووربگرن لەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و بەریەككەوتن. لەوڕووەشەوە مەترسیی ئەوەی روونكردەوە كە چارەسەرنەكردنی كێشەكان، ببێتە درزێك و تیرۆریستان هەوڵبدەن بیقۆزنەوەو هەڕەشە لەئارامی و ژیان و گوزەرانی كەركوك‌و دانیشتووانەكەی بكەن.

ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەو لە پێگەی خۆیەوە خەمخۆری كەركوكییەكانە بەهەموو پێكهاتە رەسەنەكانییەوەو چاودێری و بەدواداچوونی دۆخی شارەكە دەكات بۆ كەمكردنەوەی ئاستەنگەكان‌و وتی: حكومەتی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی، سوورە لەسەر ئاڕاستەی یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و هەنگاونان بەرەو چارەسەری پێویست. راشیگەیاند: كەركوك شارێكی دەوڵەمەندە بەسەرچاوەی سروشتی و مرۆیی، پێویستە ئەمە بخرێتە خزمەتی خەڵك و بنیاتنانی ژیانێكی شایستە بۆ هەموو عیراقییەكان.

ئامادەبووانیش، سوپاسی سەرۆك كۆماریان كرد لەسەر ئەو مكوڕی و بەدواداچوونە بەردەوامەی هەیەتی بۆ دۆخی كەركوك و دانیشتووانەكەی و خەمخۆریی لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگاریانەی روبەڕوی شارەكەو دانیشتووانەكەی دەبێتەوە.

لە كۆتایی دیدارەكەشدا، سەرۆك كۆمار، بەڵێنیدا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بەدواداچوون بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی پارێزگاكە بكرێت بەئامانجی هێنانەدیی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانەكەی و كۆتاییهێنان بەكێشەكان.

 94 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*