سەرەکی » ئابووری » وادەی خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق دیاریكرا

وادەی خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق دیاریكرا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكرد، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2020 گەیشتۆتە لیژنەكەمان و هەوڵدەدەین لەم هەفتەیەدا خوێندنەوەی بۆ بكەین و دواتر ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی دەكەین بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كارەوە، دەشڵێت: «ئامانجی حكومەت لەناردنی ئەم پڕۆژەیاسایە وەرگرتنی قەرزە».

ئەحمەد حاجی رەشید، بە ماڵپەڕی (SNN)ی راگەیاندوە: لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە پڕۆژەبودجەی گشتی بۆ ساڵی 2020 پەسەندكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە لەوێشەوە رەوانەی لیژنەكەی ئێمە كراوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكەین، بۆیە سەرەتا ئێمە لە لیژنەی دارایی خویندنەوەی یەكەمی بۆ دەكەین و دواتر رەزامەندی دەردەبڕین بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵدەدەین تاڕۆژی پێنج شەممە لە لیژنەی دارایی خوێندنەوەی بۆ بكەین و ئامادەی بكەن تا بخرێتە بەرنامەی كارەوە، هاوكات ئامانجی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2020 زیاتر بەمەبەستی وەرگرتنی قەرزە، چونكە ئەگەر حكومەتی عیراق قەرز نەكات، ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابەشبكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، لەم پڕۆژەیاسایەدا پشكی هەرێم لەماددەكانی 10 و 11 ئاماژەی پێكراوە كە بەهەردوو مادەكەوە شەش بڕگە لەخۆدەگرێت كە ناوەڕۆكەكەی بریتییە لەوە كە حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بە پێشكەشكردنی ئەو داتاو زانیاریانەی كە بوونەتە هۆی قەرزو كورتهێنان لە بوجەكەیدا لەماوەی ساڵەكانی (2014 – 2018)، هاوكات بەڕێژەش بڕی %12.67 پشكی هەرێم دانراوە لەبودجەی گشتی عیراق.

 136 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*