سەرەکی » زانست » كۆڤید -19 دەبێتە هۆی نابیستیی

كۆڤید -19 دەبێتە هۆی نابیستیی

نابیستیی دەبێتە یەكێكیتر لە پاشهاتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

یەكەمین حاڵەتی لەدەستدانی هەستی بیستن لەخانمێكی بەریتانییدا تۆماركرا كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بەمەش حاڵەتێكی تر چووە سەر ئەو لیستە دوورودرێژەی ئەو پاشهاتانەی كە دوای چاكبوونەوە لە نەخۆشانی تووشبوو بە پەتای كۆرۆنادا دەردەكەوێت.

پزیشكانی بەریتانیی هۆشدارییان داوە لەوەی ڕەنگە ئەوانەی تووشی پەتای كۆرۆنا دەبن، دوای چاكبوونەوەیان بۆ ماوەیەك یان بۆ هەمیشە هەستی بیستن لەدەست بدەن، ئەمەش دوای ئەوەی یەكەمین حاڵەتی لەو جۆرە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی بەریتانیا تۆماركراوە.

بەپێی ناوەندە پزیشكییەكانی بەرتانیا، لەگەڵ ئەوەی حاڵەتی لەدەستدانی هەستی بیستن بە شێوەیەكی كاتی یان بۆ هەمیشە یەكێكە لەو حاڵەتانەی تازە تۆماركراوە، بەڵام دەكرێت بە پاشهاتی دوای چاكبوونەوە لە پەتای كۆرۆنا دابنرێت و پێویستیشە توێژینەوەی زیاتر لە بارەیەوە بكرێت، بەمەبەستی دۆزینەوەی پەیوەندیی نێوان ڤایرۆسی (كۆڤید-19) و تووشبوون بەو حاڵەتە.

ئێستاش لە زۆربەی نەخۆشخانەكانی بەریتانیادا پسپۆران چاودێریی حاڵەتەكان دەكەن بۆ ئەوەی لە كاتی پێویست و گونجاودا چارەسەری بكەن و بۆئەمەش زۆربەی پزیشكان كۆكن لەسەر ئەوەی باشترین چارەسەر بۆ گەڕانەوەی هەستی بیستن (ستیرۆیدات)ە.

پسپۆڕانی(قوڕگ وگوێ و لووت)یش لەو بڕوایەدان لاوازیی یان لەدەستدانی هەستی بیستن ساڵانە بە تێكڕای (5- 160) حاڵەت بۆ هەر ( 100) هەزار كەسێك تۆمار دەكرێت،ئەوان دەڵێن» هەرچەندە تائێستاهۆكارە سەرەكییەكانی ئەم حاڵەتە كتوپڕانە دیار نییە، بەڵام زۆربەی كات داخرانی دەمارە خوێنەكان یەكێكە لە هۆكارەكان و تووشبوون بە پەتا ڤایرۆسییەكانیش وەك ئەنفلۆنزا یان ڤایرۆسی فراوانكەری خانەكان دەكرێت هۆكارێكی تربن».

هەرچەندە حاڵەتەكانی نەمانی هەستی بیستن لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی (كۆڤید-19)ەوە لە جیهاندا زۆر كەمن، بەڵام بە پێی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستا لەسەر ئەو حاڵەتە كراوە پسپۆڕان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی كە ڕەنگە چۆن ڤایرۆسەكە بەماوەیەكی كەم خۆی دەگەیەنێتە خانەی سییەكان، بەهەمان شێوەیەش خۆی بگەیەنێتە هەندێك خانەی هاوشێوەی گوێ وببێتە هۆی هەوكردن و زیادبوونی ماددەكانی(سیتۆكینات) كە ئەویش لای خۆیەوە دەبێتە هۆی لە دەستدانی هەستی بیستن.

سەرچاوە: elaph

 78 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*