سەرەکی » راپۆرت » هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت؟

شرۆڤەی رۆژ

هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت؟

تەحسین تەها چۆمانی

لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانی عیراق جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا دەكاتەوە، بەڵام ئاماژەكان بەوجۆرەن «پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، خۆی لە بەردەم چەندین گرفت و كێشەدا دەبینێتەوە».

تائێستا یاسای هەڵبژاردن بەهۆی ئەو كێشانەی لە چەند مادەیەكی یاساكەدا هەیە، هەموار نەكراوە و رۆژ بە رۆژیش بۆچوون و روانینی لایەنەكان لەسەر ئەو یاسایە زیاتر بەرەو لێك دووركەوتنەوە و جیاوازیی دەچێت، ئەمەش وایكردووە، پەسەندكردنی یاساكە یەكێك بێت لە كێشە سەرەكییەكان.

ئێستا نەك بە تەنیا یاسای هەڵبژاردن، بەڵكو كێشەی دیكەش لە ئارادان كە ئاماژەن بۆ گرفت خستنە بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی نیوەی ساڵی داهاتوو. ئەویش وەك لە هەندێك لێدواندا ئاماژەی پێدەدرێت «رێكەوتنی چەند لایەنێكی سیاسییە بۆ دواخستنی پڕۆسەكە بۆ كۆتایی ساڵی 2021»، بەڵام راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن دەڵێت: «ئێمە ئاگامان لەو بابەتە نییە كە چەند لایەنێك لە هەوڵی دواخستنی پڕۆسەكەدا بن، ئەوەی هەیە ئەوەیە حكومەت لە هەوڵی خۆی بەردەوامە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت».

چەندین هۆكار هەن كە لەم ساتەوەختەدا رێگرن لە بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوانیش خۆیان لە كێشەی نێوان هێزە سیاسییەكاندا دەبینێتەوە لەسەر یاسای هەڵبژاردن، هاوكات ناكۆكی لەسەر یاسای دادگای فیدراڵی و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان، لەو هۆكارانەن كە گرفتیان بۆ پڕۆسەكە دروستكردووە.

دیاریكردنی كات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێك بوو لە خواست و داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، بۆیە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ئەگەر هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا بەڕێوەنەچێت، دووبارە خۆپیشاندان دەستپێبكاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە عیراق ئێستا بەجۆرێك لە جۆرەكان، بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستیپێكردووە.

لەلایەكی دیكەوە، خودی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، چەند مەرجێكی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە هەیە، لەوانە پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردن، پەسەندكردنی دادگای فیدراڵی و دابینكردنی بودجەی تایبەت و هەڵبژاردنی دەستەی هەڵبژاردنی حكومەت و هاوكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان.

 109 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*