سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ژەنراڵی پاییز؛ ژەنراڵی شیعر!

چراكانی نیشتمان

ژەنراڵی پاییز؛ ژەنراڵی شیعر!

توخوا گەر مردم گەڵا کفنم بێ
دەمیشم پڕکەن لە گەڵای وەریوو
تابووت و گۆڕم چڵی پاییز بێ
تەرمم مەنێنە ناو خاکی تەزیوو

محەمەد عومەر عوسمان ناسراو بە (ژەنراڵی پاییز)، شاعیرێكی دیار‌و هەست ناسك‌و یاخیی كوردستان بوو، خاوەنی ستایڵێكی تایبەتی شیعری خۆی بوو، هێندە شیعرەكانی جوان‌و ناسك بوون، جێگەی سەرنجی روناكبیران بەگشتی‌و هونەرمەندان بەتایبەتی بوو، هەر بۆیەش چەند هونەرمەندێكی ناودار شیعرەكانی ئەویان كردووە بە گۆرانی، بەوەش شیعرەكانی ئاوێتەی موزیك بوون‌و بوونەتە بەرهەمێكی جوان‌و ناوازە.

ژەنراڵی پاییز لە ساڵی 1957 لەگەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایك بووە.

هەر لەو شارە خراوەتە بەرخوێندن‌و هەموو قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو كردووە.

هەر لەسەردەمی مێرمنداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بووە، دواتر چۆتە ناو دنیای نووسین‌و سەرەتا بەچیرۆك دەستی پێكردووە‌و بایەخیشی بەهونەری نیگاركێشان داوە.

دواتر گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی كە بە چیرۆك‌و تابلۆ ناتوانێ‌ تەعبیری تەواو لەخەم‌و خولیا‌و خەونەكانی بكات، هەر بۆیەش چۆتە ناو دنیای ئەفسوناوی شیعر‌و لەوێوە‌و لەگۆشەنیكای شیعرە جوان‌و بەرزەكانییەوە، تابلۆی خەم‌و خەونەكانی لەدەقە ئەدەبییەكاندا نەخشاندووە.

ساڵی 1985 بۆ یەكەم جار شیعرەكانی لە دووتوێی دیوانێكدا بەناوی (لەغوربەتا) چاپكرد، دیوانەكەی دەنگدانەوەیەكی زۆر هەبوو، هەر بۆیەش چەند جارێكی ئەو دیوانەی چاپكرایەوە.
لەبەر بەرزی شیعرەكانی، چەند نامەیەكی ماستەر‌و دكتۆرای لەسەر نووسراون.

شیعرەكانی بۆ زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.

ژەنراڵی پاییز لەچەند رێكخراوێكی پیشەیی ‌و ئەدەبی‌و رۆشنبیریدا كاری كردووە‌و لەرێی ئەو رێكخراوانەوە خزمەتی زۆر پێشكەش بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە.

بەداخەوە ئێوارەی 22ی تشرینی یەكەمی 2019 ئەم شاعیرە ناودار‌و خۆشەویستەی كوردستان، لەماڵەكەی خۆیدا كۆتایی بەژیانی خۆی هێناو لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا. درود بۆ رۆحی سپی‌و پاك‌و بێگەردی ژەنراڵی پاییز، كە هەمیشە لەپاییزی خەمناكدا لەڕێی شیعرەكانییەوە، بەهارێكی جوان‌و رازاوەی ئەنەخشاند.

خەلیل عەبدوڵڵا

 82 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*