سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەواڵنامەی ئەڵمانیا

وەزیری ناوخۆ :شەڕی ئێمەلەگەڵ ئیسلام نییە
لە سەروبەندی پەیدابونی مەترسیەکانی ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ئەوروپا و ڕوبەروبونەوەیان،(هۆرست زیهۆڤەر) وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە کۆبونەوەیەکی پەرلەماندا ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی هەڵمەتێک لەدژی ئیسلامییە توندڕەوەکان دەستپێدەکات و مەبەستیشیان ئیسلام نیە، بەڵکو ئەو ڕادیکال و تیرۆریستانەیە کە مەترسین بۆسەر ئەمن و ئاسایشی وڵات، هەروەها وتیشی چارەسەری تەنها ئەوەیە بیانێرینەوە وڵاتی خۆیان.

وەزیری دەرەوە:ئەوەی ئەمریکا دیموکراتیەت نییە
هایکۆماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر باسوخواسی ساختەکاری و قەبوڵنەکردنی دۆراندن لەلایەن دۆناڵدترەمپەوە لە توێکتێکدا نووسیەیەتی» بردنەوە ئاسانە، بەڵام قبوڵکرد دۆڕان قورسە»، ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەلایەن تیمەکەی ترامپەوە دەگوزەرێت مانای دیموکراسی نابەخشێت کە پەیمانیان بۆی داوە.

مووچەی منداڵان زیاد دەکرێت
پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا کەپارەی منداڵ Kindergeld بۆ یەکەم ودوەم مانگانە 15 یۆرۆ زید دەکرێت ولە 204 یۆرۆوە بکاتە 219 یۆرۆ بەڵام بۆ منداڵی سێیەم دەبێتە 250 یۆرۆ.

ژمارەی ئیسلامییە مەترسیدارەکان ڕاگەیەنرا
دوابەدوای هەردوو کاری تیرۆریستی لە فەرەنسا و نەمسا حکومەتی ئەڵمانیا چاودێریەکانی خۆی بۆ سەر ئیسلامیە ڕادیکالی وسەلەفیەکان چڕکردۆتەوە و پۆلینی کردون. بەپێی زانیاریەکان لە ئەڵمانیا، 30 هەزار ئیسلامی توندڕەو هەیە لەنێوانیشیاندا 12 هەزاریان لە سەلەفیەکانن، هەروەها 627 کەسیان مەترسیدارن و چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت هەرکاتێک بۆیان بلوێت کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن، هاوکات 300لەوانە لەماوەی ڕابردوودا لەسوریا و عێراق گەڕاونەتەوە و دەستیان هەبووە لە کوشتن و بڕین.

بەچەکی ئەڵمانی منداڵان دەکوژرێن
توێژینەوەیەکی رێکخراوی Brot fur die welt لەژێر ناوی « چەکی بچووک لەبەردەستی بچوکدایە» کە پێرێ بڵاووکرایەوە ئاماژە بەوەدەکات کە لەو ساڵانەی دواییدا هەناردەی زۆری چەکی ئەڵمانی بۆ دەرەوە بۆتە هۆی کوشتنی هەزاران منداڵ لە وڵات و شەڕگەکانی وەک سوریا و یەمەن و لیبیا و شوێنی تری پێ گەرمتر بووە، پارتە موعارەزەکانیش هەمیشە داوای ڕاگرتنی هەناردەی چەک دەکەن بۆ ئەو وڵات وناوچانەی کە شەڕیان لێیە.

مێرکڵ خرایە لیستی رەش
یانەی بەناوبانگی Standige Vertretung کە تایبەتە بە خواردنەوە کحولیەکان هەریەک لە ئەنجێلا مێرکل و وەزیری دارایی و چەند بەرپرسێکی باڵای تریشی خستە ناو لیستی ڕەشی خۆیەوە، دەشڵیت ئیدی ئەو بەرپرسانە بۆیان نیە بێن لە یانەکەی ئێمە دانیشن و بخۆنەوە، بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری یانەکەش لەبەرلین هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەسەڵات سەرکەوتوو نەبووە لە ڕووبەڕوبونەوەی کۆرۆنا و ئەوە دوو جارە شوێنەگشتیەکانیان لێ دادەخەن.

نرخی خانوویەک ریکۆردی شکاند
لەشاری برێمن خانوێکی کۆن دەفرۆشرێت کە ڕووبەرەکەی تەنها 7 مەتر چوار گۆشەیە و بە بچوکترین خانوو دادەنرێت لەهەموو ئەڵمانیا، تا ئێستا چەند کڕیارێکی لەسەرە و 77 هەزار یۆرۆیان پێداوە، ئەو نرخە بۆهەر مەتر دووجایەکی کە دەکاتە 11 هەزار یۆرۆ پێوانەییە و شتی وانەبووە.

سیحربازێک دادگایی کرا
سیحربازێکی سووری لە بەرلین دەبێتە هۆی مردنی ژنێک. ژنێکی فەلەستینی لە بەرلین بەهۆی ئەوەی لە 2015 ەوە شوی کردوە و منداڵی نەبووە، چۆتەلای سیحربازێکی سووری بۆ ئەوەی هاوکاری بکات ، ئەویش دەرمانێکی بۆ دەگرێتەوە کە بۆهەر لیترێک 24 گم خوێ تێدەکات و بۆ چەند مانگێک دەرخواردی دەدات، ئەوە گیراوەیە زیانی بەتەندروستی ژنەکە گەیاندوە و سەرەنجام کوشتویەتی، حاجی ژنی سیحرباز بەتۆمەتی کوشتن ڕاپێچی بەردەم دادگاکراوە و بڕیار وایە کۆتایی ساڵ بڕیار لەو کەیسە بدرێت، داواکاری گشتی داوای سزای 15 ساڵ زیندانی بۆدەکات.

 313 جار بینراوە