سەرەکی » دۆسێ » 11 رێگەچارە بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی دەخرێنەڕوو

باجی نوێ‌ و فرۆشتنی خانووبەرەی دەوڵەت لەخۆدەگرن

11 رێگەچارە بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی دەخرێنەڕوو

بەشی سێیەم

سەنتەری عیراق بۆ گەشەپێدانی یاسایی ‌‌ICLD‌‌، 11 رێگەچارە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی ئێستا، پێشكەش بە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە دەكات كە سەپاندنی باج بەسەر مووچەی دوو توێژ و فرۆشتنی تەلار و خانووبەرەی دەوڵەت لەخۆدەگرن.

سەنتەری گەشەپێدانی یاسایی لە 2ی تشرینی دووەمی 2020 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند»پێشنیارەكان باس لە رێگەچارە و چارەسەری بەسود دەكەن بۆ قەیرانی دارایی كە لەئێستادا وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پوكانەوەی ئابوری جیهان لە ئەنجامی بەردەوامبوونی هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا كە كاریگەریی نەرێنیان لەسەر عیراق دروستكردووە».

سەنتەرەكە لەڕێی نوسراوێكی رەسمییەوە بۆ سێ‌ سەرۆكایەتییەكە»رێگەچارەكان بۆ كێشە داراییەكان و كاریگەرییان لەسەر كەرتە جیاجیاكانی دەوڵەت شیكردۆتەوە، ئەمەش بەپێی دیدی یاسایی و دەستوری»، باسی لە پاكێجی سپیش كردووە بۆ چاكسازیی ئابوری و دارایی كە لەلایەن حكومەتەوە خراوەتەڕوو، بەڵام بە بۆچوونی سەنتەری ‌‌ICLD‌‌ «زۆرێك لە بڕگەكانی ئەو پاكێجە، لەڕووی پراكتیكییەوە قورسە جێبەجێ‌ بكرێن و زۆرێك لە ئەنجامی جێبەجێكردنی بڕگەكانیش كاتی زیاتری دەوێت».

لە بەیاننامەكەدا پێشنیار كراوە»رێژەی 10%ی پارەی حەواڵەكراو لەڕێی بانكە تایبەتەكان لە فرۆشتنی ئاشكرای دراو ببڕدرێت، وەك دڵیایی و باجی گومرگی، و سود وەرگرتن لە جیاوازیی نرخ لەڕێی فرۆشتنی دۆلار بە بانكەكان بە بڕی (1250) دینار بۆ دۆلارێك، و بەدواداچوونیش بۆ داهاتی سوتەمەنی فرۆشراو بكرێت لەلایەن وەزارەتی نەوت و وێستگە گشتی و تایبەتییەكانی فرۆشتنی سوتەمەنی، و سەپاندنی باجی جێهێشتنی فڕۆكەخانە بە بڕی (100) دۆلار بۆ هەر تاكێك، و سەپاندنی باجی دڵنیایی بەسەر كۆمپانیاكانی كۆبایل بە بڕی 20% كە پێشەكی وەربگیرێت، و بەسەر كۆمپانیاكانی نەوتیش بە بڕی 10%، و بە تایبەتكردنی هەموو كۆمپانیاكانی وەزارەتی پیشەسازیی، ئەو بڕەی لەڕێی ئەم رێكارانەشەوە بۆ حكومەت فەراهەم دەبێت، دەگاتە زیاتر لە (23) ملیار دۆلار لە ساڵێكدا».

ئەمەی خوارەوە لەو 11 پێشنیارە پێكهاتووە كە لەلایەن سەنتەری گەشەپێدانی یاسایی عیراقییەوە پێشكەش بە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە كراوە:-

1-فرۆشتی ئاشكرای دراو لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، تاكە دەرچەیە بۆ نەختینەی نیشتمانی، وێڕای ئەوەی پرۆسەكە تێبینی زۆری لەسەرە، بەڵام لەئێستادا قسەی لەسەر ناكەین، وێڕای ئەوەی ئیدارەی نوێی بانكەكە هەندێك لە گرفتەكانی چارەسەر كردووە، بەڵام ئێمە پێشنیار دەكەین، رێژەی 10% ببڕدرێت وەك باجی دڵنیایی و گومرگی بەسەر ئەو بڕە حەواڵەكراوەكان لەڕێی بانكە تایبەتەكانەوە، لەدوای هەڵسەنگاندە نزیككراوەكانیش بۆ فرۆشتنەكانی بانكی ناوەندی لەو رێگەیەوە، ئەوا خەزێنەی دەوڵەت لەو رووەوە نزیكەی شەش ملیار دۆلار لە ساڵێكدا قازانج دەكات.

2-بۆ رێگرتن لە گەمەكردن بە دراوی قورس و سودوەرگرتنی دەوڵەت لە جیاوازیی نرخ، پێشنیار دەكەین دۆلار بە بڕی (1200) دیار بۆ دۆلارێك بفرۆشرێت بە بانكەكان، ئەمەش نزیكەی سێ‌ ملیار دۆلار بۆ دەوڵەت فەراهەم دەكات.

3-بەدواداچوون بۆ داهاتەكانی فرۆشتنی سوتەمەنی (بەنزین و گازاویل) كە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە دەفرۆشرێت لەڕێی وێستەگانی سوتەمەنی گشتی و تایبەت كە ماوەی چەندان ساڵە كەس نازانێت چارنوسیان نازانرێت، ئەمەش لەلایەن زۆرێك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی عیراقەوە پێشتر هۆشداریی لەبارەوە دراوە، ئەو داهاتانەش بە نزیكەی پێنج ملیار دۆلار لە ساڵێكدا مەزەندە دەكرێت.

4-سەپاندنی باج بەسەر مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشنان، ئەوانەی مووچەكانیان لە (500) پێنج سەد هەزار دینار زیاترە بە رێژەی 10%، پێشبینیش دەكرێت لەو رێگەیەوە پێنج ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت فەراهەم بكرێت.

5-رەسمی جێهێشتنی فڕۆكەخانە بسەپێنرێت، ئەمەش لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا كاریی پێدەكرێت كە دەكرێت بڕی (100) دۆلار وەربگرێت، ئەمەش نزیكەی پێنج ملیار دۆلار لە ساڵێكدا بۆ داهاتەكانی دەوڵەت زیاد دەكات.

6-سەپاندنی باجی دڵنیایی بەسەر كۆمپانیاكانی مۆبایل بە رێژەی 20% كە پێشەكی وەربگیرێت و لەكاتی تەواوزبوونی ساڵی دارایی تەسویە بكرێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی بەردەستن، لەو رێگەیەوە ساڵانە ملیارێك دۆلار دەچێتە سەر خەزێنەی دەوڵەت.

7-سەپاندنی باجی دڵنیایی بەسەر كۆمپانیا نەوتییەكان بە رێژەی 10%، بەپێی زانیارییە بەردەستەكانیش، لەو رێگەیەوە خەزێنەی دەوڵەت نزیكەی سێ‌ ملیار دۆلار لە ساڵێكدا قازانج دەكات.

8-بە تایبەتكردنی هەموو كۆمپانیاكانی وەزارەتی پیشەسازیی لەڕێی وەبەرهێنان یان بەشداریی لەگەڵ كۆمپانیا چینییەكان، بەو پێیەی لەم جۆرە رەوشەدا لە عیراق كاردەكەن، لەو رێگەیەشەوە دەكرێت لەلایەكەوە دەستی كاریی بێكار بخرێتەگەڕ، لەلایەكی ترەوە پارێزگاریی لە دراوی قورس بكرێت لە دوای دەركردنی بڕیاریی رێگرتن لە كاڵا بەرهەمێنراوەكان.

9-رێگە لە هاوردەكردنی هەموو بەروبومە كشتوكاڵییەكان بگیرێت، ئەمەش كشتوكاڵی عیراقی هاندەدات و گەشەی پێدەكات و پارێزگاریی لە دراوی قورس دەكرێت.

10-پشتبەستن بە سەرچاوە مرۆییەكان بۆ هەموو وەزارەتەكان و بە تایبەت وەزارەتی بەرگری و حەشدی شەعبی بۆ بنیاتنانی رێگەوبان و پردەكان و پرۆژەكانی ئاودێری و كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون، و سود وەرگرتن لە ئەزمونی كۆماری میسریش باشترین بەڵگەیە لەو رووەوە، بە تایبەت كە هەموان دەزانیین زیادەی ئەو داهاتانە دەگاتە لانی كەم 50%ی هەموو وەزارەتەكان.

11-فرۆشتنی هەموو ئەو خانوبەرە و زەویانەی دەوڵەت كە بەكارهێنرێن لەلایەن دەوڵەتەوە لەنێو شارەكان، بە تایبەتیش بازرگانییەكان.

 71 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*