سەرەکی » راپۆرت » سەرۆكی شارەوانی: تەنیا 200 ملیۆن دینار بۆ هەڵگرتنی خۆڵ و خاشاك تەرخانكراوە

«بەغدا بە هیچ شێوەیەك هاوكاری كەركوك ناكات»

سەرۆكی شارەوانی: تەنیا 200 ملیۆن دینار بۆ هەڵگرتنی خۆڵ و خاشاك تەرخانكراوە

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

شاری كەركوك بە دەست كەڵەكەبوونی خۆڵ‌و خاشاكەوە گیرۆدە بووە، بە شێوەیەك سیمای شارەكەی بە تەواوەتی شێواندوەو بەهۆی سووتاندنیشیەوە دوكەڵ‌و بۆنێكی ناخۆش گەڕەكەكانی تەنیوە.

سەرۆكی شارەوانی كەركوكیش روونكردنەوە لەسەر ئەو كێشە دەدات‌و رایدەگەیەنێت، «بەغدا بە هیچ شێوەیەك بودجە بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ‌و خاشاك دابین ناكات».

دەشڵێت: «پێشووتر بڕی ملیارێك‌و 200 ملیۆن دینار بۆ شارەوانی كەركوك تەرخانكرابوو، بەڵام ئێستا تەنیا 200 ملیۆن دینار بۆ پاككردنەوەی شارەكە تەرخانكراوە»

سەرجەم پارێزگاكان دەسەڵاتیان پێدراوە
ئەندازیار فەرەیدون عادل زەنگەنە، سەرۆكی شارەوانی كەركوك بە كوردستانی نوێی، رایگەیاند، دوای دروستبوونی قەیرانی كەڵەكەبوونی خۆڵ‌و خاشاك لەسەرجەم گەڕەكەكانی شاری كەركوك، وەك سەرۆكی شارەوانی سەردانی بەغدام كرد، بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو گرفتە، چونكە لە سەرجەم عیراق دەسەڵات دراوە بە پارێزگاكان، بەڵام كەركوك بێبەش بووە لەو دەسەڵاتە، ئەمەش وایكردووە بۆ هەر پێداویستییەكی شارەوانی سەردانی بەغدا بكەین، پێشووتر بڕی ملیارێك‌و 200 ملیۆن دینار بۆ شارەوانی كەركوك تەرخانكرابوو، بەڵام ئێستا تەنیا 200 ملیۆن دینار بۆ پاككردنەوەی شارەكە تەرخانكراوە، ئەو 200 ملیۆن دینارەش بەشی شەش لەسەر یەكی كەركوك ناكات لەبەر ئەوەی كەركوك دابەشكراوەتە سەر شەش كەرت، بۆیە ناكرێت شارەوانی كەرتێك پاك بكاتەوەو كەرتەكانی دیكە فەرامۆش بكات.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا لەڕێگەی شەش پەرلەمانتارە كوردەكانی كەركوكەوە سەردانی وەزارەتەكانی دارایی‌و شارەوانیەكان‌و ئەو شوێنانەی كە پارەی پاككردنەوە بۆ شارەوانی كەركوك تەرخان دەكەن كردووەو گرفتەكانمان بۆیان خستۆتەڕوو، ئەوانیش لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانن‌و لایەنی كەمتەرخەمیشمان ئاگاداركردۆتەوەو سكاڵاش لەسەریان تۆمار دەكەین، چونكە پاككردنەوەی ئەو خۆڵ‌و خاشاكانە پارەیەكی زۆری پێویستەو دەبێت لانیكەم بڕی ملیارێك دینارمان بۆ تەرخان بكەن.

بەڵێنی تەرخانكردنی پارەیان داوە
بەوتەی سەرۆكی شارەوانی كەركوك، لە داهاتوویەكی نزیكدا دووبارە سەردانی بەغدا دەكاتەوە‌و ئەگەر كێشەكانی پاككردنەوەی ناوشاری كەركوك چارەسەر نەكرێت یاخود پارەی پێویست تەرخان نەكرێت، ئەوە بۆ هەموو لایەكی روون دەكاتەوە كە بەغدا بە هیچ شێوەیەك لە خەمی شارەكەدا نییە.

وتیشی: «بەردەوام چاوم بە هەموو ئەو لایەنانە كەوتووە كە دەسەڵاتی تەرخانكردنی پارەیان هەیە بۆ شارەوانی كەركوك‌و بەڵێنم لێیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی پارەمان بۆ دابین بكەن‌و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا گرفتی كەڵەكەبوونی خۆڵ‌و خاشاك چارەسەر دەكەین».

بۆ هەر رۆژێك 30 بۆ 40 دۆلار
باسی لەوەشكرد، رۆژانە لە كەركوك هەزار و 200 تۆن خۆڵ‌و خاشاك لە شارەكە كەڵەكە دەبن، كە بەپێی ستانداردی جیهانی كۆكردنەوەی هەر تۆنێك خۆڵ‌و خاشاك‌و گواستنەوەی بۆ شوێنی تایبەت بۆ هەر رۆژێك بڕی 30 بۆ 40 دۆلاری بۆ خەمڵێنراوە، بەڵام بۆ شارەوانی كەركوك تەنیا 200 ملیۆن دینار تەرخانكراوە، ئەمە لەكاتێكدا هیچ كۆمپانیایەك بۆ كۆكردنەوەی خاشاك لەكەركوك كار ناكەن، چونكە پارەی كۆمپانیامان نییە ئەمەش گەورەترین گرفتە كە بۆ شارەوانی دروستبووە، بۆیە لیژنەیەكمان لە شارەوانی پێكهێناوە‌و رۆژانە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە كرێ دەگرین بۆ كۆكردنەوەو فڕێدانی خاشاكی شارەكە.

هۆشداریش دەدات كە ئەوان وەكو شارەوانی بەرپرسیار نین لەو كۆمپانیانەی كە رۆژانە لەگەڕەكەكان بە پارە خۆڵ‌و خاشاكی هاووڵاتیان كۆدەكەنەوەو سكاڵایان لە دژیان تۆمار كردووە، چونكە بارگرانی بۆ دروستكردون‌و كارەكانیان هێندەی دیكە زەحمەت كردوە.

كێشەی كەمی فەرمانبەر
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئەندازیار فەرەیدون عادل زەنگەنە باسی لە كەمی فەرمانبەر و كارمەند لە فەرمانگەكەی كردو رایگەیاند، ماوەی هەشت ساڵە هیچ فەرمانبەرێك بۆ شارەوانی كەركوك دانەمەزرێنراوە، لەبەرامبەریشدا كۆمەڵێك فەرمانبەر خانەنیشین بوون یان كۆچی دواییان كردووەو تائێستا شوێنەكانیان بە بەتاڵی ماوتەوە، ئەمەش گەورەترین كێشەی بۆ دروستكردون‌و چەندین جاریش داوایان لە وەزیری شارەوانیی عیراق كردووە كە شۆفێریان بۆ دابمەزرێنن، چونكە شارەوانی كەركوك كێشەی میكانیكی نییە، بەڵكو كێشەی كەمی فەرمانبەری هەیە.

پڕۆژەكانی شارەوانی لە كەركوك
لەبارەی پڕۆژەكانیانەوە، سەرۆكی شارەوانی كەركوك روونیكردەوە، لەئێستادا چەندین پردی مۆدێرن دروست دەكرێن‌و زۆربەی شەقامەكان نۆژەن دەكرێنەوەو ئەو پڕۆژانەش راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراقەوە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە شاری كەركوك تەنیا شارە لەعیراق كە تائێستا دەسەڵاتی پارێزگاكانی پێنەدراوە بۆ ئەوەی لەپارەی ئەو پڕۆژانە بودجە بۆ پاككردنەوەی ناو شارەكە گلبداتەوە.

سەبارەت بە باخچەو سەوزایی لەسنوورەكەدا، ئەو بەرپرسەی كەركوك وتی: «لە شارەكە 184 باخچە هەیە كە هەزار و 50 كارمەندی پێویستە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كارمەندو باخەوانەوە تەنیا 47 كەسمان بۆ دابینكردووە، ئەمەش گەورەترین گرفتە بۆ شارەوانی بەمەبەستی خزمەتكردنی باخچەكان».

خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكە تازەكان
لەبارەی ئەو گەڕەكانەی كە لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە دروستكراون، ئەندازیار فەرەیدون عادل زەنگەنە وتی: «دوو ساڵ لەمەوبەر نووسراوێكمان لەلایەن شارەوانی بەغداوە پێگەیشت كە بە هیچ شێوەیەك بۆمان نییە خزمەتگوزاری بەو گەڕەكانە بگەیەنین كە لەدوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە دروستكراون، بە بیانووی ئەوەی زیادەڕۆن، بەڵام لەگەڵ چوونم بۆ بەغدا داوا دەكەم ئەو نووسراوە هەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە بەپێی ئەو نووسراوە ناتوانم خزمەتگوزاری بەو گەڕەكانە بگەیەنیم، بەڵام وەك سەرۆك شارەوانی تەنیا توانیومە رێگە سەرەكیەكانیان بۆ قیرتاو بكەم بۆ نموونە رێگە نەخۆشخانە یان رێگەی قوتابخانەكان ئەویش بەپێی پێویست نییە».

 46 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*