سەرەکی » ئاراستە » زۆر گرنگە مرۆڤ لە پێناوی گەلێکی چەوساوەدا خەبات بکات

لە سکرتێرەوە لە ستۆکهۆڵم بۆ پێشمەرگە لە کوردستان

زۆر گرنگە مرۆڤ لە پێناوی گەلێکی چەوساوەدا خەبات بکات

«دوای ئەوەی فڕۆکەکان بۆ جاری دووەم هاتنەوە، بە موشەک بۆردومانمان بکەن، زۆر تووڕەبووم، چونکە بەردەوام ئیزعاجیان دەکردم، من کاری رۆژانەی خۆم دەکرد، ئەوکاتە لە رێی کانی دەهاتمەوە و کەلوپەلەکانم شوشت بوو».

ئەگنێتا شێخموس «پێشتر ئەگنێتا کلینگ»بوو، ٣٨ ساڵە و لە خانەوادەیەکی بورجوازی لە ستۆکهۆڵم پەروەردە بووە، بەو شێوەیە ژیانی رۆژانەی لەگەڵ پێشمەرگە لە کوردستان بە شێوەیەکی سروشتی و ئاسایی وەسف کرد.

پێش دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو بە شێوەیەکی ئاسایی لە سوید دەژیا، بەڵام دوایی بڕیاریدا واز لە کاری سکرتێری لە نووسینگەیەکی پارێزەران بێنێت، ماڵەکەی جێهێشت و هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوید بڕی.

ئەو لە سەرکردایەتی پێشمەرگە لە شاخ لە کوردستانی عیراق دەژی، لە نزیک سنووری ئێران، فێری بەکارهێنانی چەکی کلاشینکۆف بوو «چەکێکی کلاسیکی پێشمەرگەیە». وەک لە وێنەکەیدا دیارە دەمانچەی پێیە. دەڵێت: «من بە هیچ شێوەیەک گومانم نیە، ئەگەر رووبەڕووی هێرش ببینیەوە، دەتوانم چەک بەکاربێنم و باوەڕم وایە بە شێوەیەکی باش ئامانج دەپێکم.

ئەو باوەڕی وایە مادام لەگەڵ پێشمەرگە دەژی ئاساییە کە چەکدار بێت، هەروەها دیسان ئاساییە کە تەققەش بکەیت، ئەگەر ژیانی خۆت یاخود ژیانی هاوڕێ پێشمەرگەکانت رووبەڕووی خەتەر ببێتەوە، ئەو باوەڕی وایە ئەو هەڵسوکەوتە شتێکی لۆژیکی و ئاساییە، «ئەو هەڵوێستە بە شێوەیەکی سروشتی گۆڕانکاری بەسەردادێت».

پێش سێزدە ساڵ لەمەوبەر عومەر شیخمووس-م ناسی، ئەو ساڵی ١٩٦٨ لە ئینگلتەراوە هاتبووە سوید، ئەو لە وڵاتی خۆیەوە بۆ ئینگلتەرا سەفری کردبوو، دوای ئەوەی لەوێ حوکمدرابوو، چونکە لە حزبێکی نهێنی کوردی چالاک بووە، «ئەوکاتە تەمەنی حەڤدە ساڵ بووە»، دوای ئەوەی لە بەریتانیا خوێندن تەواو دەکات، لەوێ مافی پەنابەرێتی پێنادەن، بەڵام سوید مافی پەنابەرێتی پێدەدات، عومەر زانستی سیاسی لە زانکۆی ستۆکهۆڵم خوێندووە، ئەو لە زانکۆ مامۆستا بوو، ساڵی ١٩٧٨ شۆڕشی کورد داوای لێکرد بۆ وڵات بگەڕێتەوە.

«چوار ساڵ بوو، ژیانی هاوسەریمان پێکهێنابوو، کە عومەر لە هاوینی ١٩٧٩ بۆ ماوەیەکی کورت بۆ وڵات چوو، لە چاوەڕونیدا دوودڵ و ماندوو بووم، ئایا چی بەسەر هاتووە، ئیتر لە کانوونی دووەمی ١٩٨٠ بڕیارمدا لەگەڵی بڕۆم و هەموو شتێک لە سوید بەجێبهێڵم، پێش ئەم سەفەرەش بە ماوەیەکی درێژ بەشداریم هەبوو لە کارە سیاسییەکاندا لەگەڵ عومەر، ئەمجارە دەمویست بە فعلی بەشداری بکەم. گەلی کورد چەندان سەدەیە بە شێوەیەکی زۆر خراپ دەچەوسێتەوە و چەندانجار بێ ئومێد کراوە.. هەر بۆیە بە بۆچوونی من خەباتکردن لە پێناوی مافەکانی گەلی کورد مەسەلەیەکی گرنگە.

بە قسە و جلەکانی ئەگنێتا دیارە، ئەو لە دەوروبەرێکی بورجوازی پەروەردە کراوە، باوەڕموایە ئەمە بە جۆرێک، کێشەیەکی غەریبە، ئەو لە دەوروبەرێکی بەوجۆرە لە دایک بووە و دۆخەکان فێریان کردووە، کە زۆر رادیکالانە بیر بکاتەوە.

«بەڵێ ئەزموونێکی گرنگ و زۆر بەسوودە کە مرۆڤ لەگەڵ خەڵکی گوندە بچووکەکان لە کوردستان بژیت، ژیانی هەقیقیان ببینیت، روانینیان بۆ رزگاری بۆتە شتێکی ئاسایی، بە تایبەتیش مرۆڤ کە ئەو چەوسانەوە توندە بەرامبەریان دەبینێت».

ئەگنێتا دەڵێت: راستە گۆڕانکارییەکی سەختە لە ژیانی سویدەوە بۆ ژیان لەگەڵ پێشمەرگە و گوندییەکانی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر کورت مرۆڤ لەگەڵ ئەو ژیانە رادێت.

«ئێمە لە خانووی قوڕ دەژیاین، ئاوێکی زۆر هەبوو، بارەگای سەرکردەکان لە رووبەرێکی فراواندا دابەش ببوون، تا بۆردومانی فڕۆکەکان کاریگەرییان نەبێت، هەر بارەگایەک خۆی بەرپرسی زەخیرە و خواردن بوو، پێشمەرگە بە نۆرە چێشتیان لێدەنا، بەڵام هەندێکجار خۆمان خواردنمان بۆ خۆمان ئامادە دەکرد، بە تایبەتیش ئەوکاتەی کە لە خواردنی برنج و سەوزەوات بێزار دەبووین، زۆبەی خواردنەکان لە قاپی پلاستیک یاخود فافۆن دەکران، قاپەکان لەسەر کانی بە نۆرە دەشۆردران.

«زۆربەی بارەگاکان حەمامی بچووکیان لە بەرد و قوڕ درووست کردبوو، خۆمان ئاومان گەرم دەکرد، ئەمەش شتێکی غەریب نیە».

ئەگنێتا دەڵێت؛ کە گەیشتۆتە بارەگاکانی سەرکردایەتی لە کوردستانی عیراقدا پێنج ژن لەوێ بوو، بەڵام کە ئەوێ جێدێلێت ژمارەیان دەبێت بە ٨٠ ژن. عومەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-ە، خەباتی چەکداری دەکات بۆ رووخانی رژێمی سەربازیی و دیکتاتۆری لە بەغدا، تا رژێمێکی دیموکراتی لە عیراق بێتە سەر دەسەڵات و لە سایەیدا کورد بە مافی ئۆتۆنۆمی بگات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حەوت ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەیە، سێ کەسیان زانستی سیاسیان خوێندووە، یەکێکیان پارێزەرە، هەموویان کۆکن لەسەر مافەکانی ژنان، بەڵام پێشمەرگەکان زۆربەیان جوتیارن و بۆچوونیان بەرامبەر بە بە ژن کلاسیکییە، تا ئێستاش وادەزانن ژن هاوڵاتی پلە دووە، هەر بۆیە بەهیچ شێوەیەک تەوقە لەگەڵ ژن ناکەن، ئەمەش کارێکی ئیزعاجکەرە، کە وابزانی بەرامبەرەکەت فەرامۆشت دەکات، «ئەمەش جیاکارییە بۆ ژن»، هەربۆیە لەگەڵ ژنەکانی تردا بڕیارماندا لەوێ رێکخراوێک درووست بکەین و داوای مافەکانمان بکەین.

عومەر پێدەکەنێت و ئەوە باس دەکات، کە چۆن ژنەکان تۆڵەیان لێکردوونەتەوە و داوای شوێندەستی خۆیان کردووە لە شۆڕشدا. ئەوان بە پۆزەتیڤ وەڵامی داواکەیان داوەتەوە و ئەرکیان لە نەخۆشخانە و چاپخانە و سکرتاریەت پێسپاردوون، بەڵام دوای ماوەیەک لەسەر بڕیاری خۆمان بۆ کاروبارەکانی ماڵ گەڕاینەوە، بە تایبەتیش دوای هاتنی منداڵەکان، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، هیوادارە کە ژنان بە شێوەیەکی جدی خۆیان رێکبخەن و لەپێناوی مافەکانیان خەبات بکەن.

سوپای عیراق ساڵی ١٩٧٨ و ١٩٨٠ هەوڵیدا بارەگای سەرکردایەتی بگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە تەمووزی ١٩٨٠ بە شێوەیەکی دڕندانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە رێگای هەشت فڕۆکەی رووسی بە بۆمب و موشەک بۆردومانی بارەگاکانی کرد، دوای ئەمە بە بیرم نایەت کە هێرشی تری کردبیت.

«ژنەکانی تر لە کونە تەیارە بوون، منیان راکێشا تا لە بۆردومانەکە پارێزراوبم، بەڵام من خۆم لەسەر زەوی درێژ نەکرد، چونکە دەمویست سەیری فڕۆکەکان و بۆردومانەکانیان بکەم» ئەگنێتا بە سەرسامییەوە ئەو رووداوە دەگێڕێتەوە و بە هیچ شێوەیەک ناترسێت».

سوپای عیراق، لە ئەنجامی جەنگی بەردەوامیان لەگەڵ ئێراندا زۆر لاواز بووە، هەروەها مەعنەویاتیان رووخاوە. ژمارەی سوپای عیراق لە هەشتا هەزار سەرباز، بۆ بیست و چوار هەزار سەرباز لە کوردستاندا کەم بۆتەوە، لە رەبایە عاسێکان لەسەر خاڵە ستراجییەکاندا دیسان کەم ببوونەتەوە. زۆربەی دێهاتەکان لە کوردستاندا لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەیە، سوپای عیراق بۆ جولە و جێگۆڕکێیان هێلیکۆپتەر بەکاردەهێنن، هێزی بەرەنگاری بە تایبەتیش هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی دیار ژمارەیان زیادیکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای عیراق لە جەنگدا لەگەڵ ئێران لاواز بووە.

«ئێمە ئێستا لەناوچە دەشتاییەکانیشدا چالاکیین (خوارووی هەولێر و خوارووی کەرکوک)، لە هەموو شارەکانی کوردستانی عیراقدا، رۆژانە ٤-٥ چالاکی لە هەر شارێکدا ئەنجام دەدرێت، سێ بەشی رووبەری کوردستانی عیراق لەژێر دەسەڵاتی ئێمە دایە».

پێشتر خەڵک بە نهێنی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا گوێی لە ئێستگەی رادیکەمان دەگرت، بەڵام ئێستا دەتوانن لە چایخانەی شارەکان و گوندەکانی کوردستانی عیراقدا گوێ لە ئێستگەکەمان بگرن، سوپا و جاشەکانی رژێم لە ئایندەیان دەترسن، بە نهێنی پەیوەندیمان پێوە دەکەن، تا عەفویان بکەین یاخود پەیوەندی بکەن بە هێزی پێشمەرگە، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ لاوازبوونی رژێم و گۆڕانکاریی لە هاوسەنگی هێزدا. لە سەرەتادا سوپای ناشەعبی ژمارەیان نزیکەی ١٧٠٠٠ هەزار کەس بوو، ئێستا هەر سێ هەزار کەس دەبن.

بەمدواییە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی دەزگای ئەمنی عیراقی دەستکەوت، دەیسەلمێنن کە یەکێتیی کۆنترۆڵی شارەکانی کردووە، لە راپۆرتەکەدا فەرمان بە فەرمانبەران و سەربازەکان دەکات کە بەشەو هاتوچۆ نەکەن، بەڕۆژیش بە شێوەی کاروان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنیکی تر بچن، هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە دەدات بە چەوساندنەوەی توند دژی کورد و دەستگیرکردنی خانەوادەی پێشمەرگە.

هەر لە ساڵی ١٩٧٦- تا ئەمڕۆ ٩٠٠ ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سێدارەدراون، دا تەنیا لە ئەیلولی ١٩٨١دا ١٤٠ ئەندامی تری یەکێتیی لە زیندانەکانی موسڵ و ئەبوغرێب لە سێدارەداوە .

بەرەیەکی نیشتمانیی نەتەوەیی دیموکراتی هەیە، کە لە رێکخستنی جیاواز پێکهاتووە، وەک؛ شیوعی، کورد، سۆسیالیست، عەرەب و بەعسییە ئۆپۆزسیۆنەکان، هەروەها ئۆپۆزسیۆنێکی مەزهەبیش دژی رژێمی سەربازیی سەدام حوسێن هەیە.

عومەر شێخمووس باوەڕی وایە، کە رژێمی ئێستا بەمزوانە دەڕوخێت، هیوادارە «جەوقەد» دەسەڵات وەربگرێت و سیستەمێکی دیموکراتی پێرەو بکات، بەڵام ئەگەری روودانی کودەتایەکی سەربازیش لەناو سوپادا هەیە، بەڵام ئەگەری سێیەم بریتییە لە «بە لوبنانکردنی عیراق» دۆخەکەی وەک لوبنانی لێ بێت، واتە عیراق رووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆ لە نێوان هێزە چەپ و هێزە مەزهەبییەکان ببێتەوە ( ئەمەش دوای رووخانی رژێمی سەدام).

«ئەمەو من نیگەرانم لە رێککەوتنی نێوان عیراق و ئێران و وەستانی جەنگ بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد. ئەگەر ئولف پاڵمێ وەک نێوەنگیر ئەو کارە بکات، ئەوە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ مانەوەی دوو رژێمی دیکتاتۆری لە جیهاندا، ئەمەش لەسەر حیسابی گەلی کورد دەبێت. دەوروبەری نۆ ملیۆن کورد لە هەردوو وڵاتەکەدا هەیە، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، ئەگەر هەر ئاشتبوونەوەوەیەک لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بکرێت، ئەوە نابێتە ئاشتیێکی راستەقینە».

سەرچاوە:
رۆژنامەی DAGENS NYHETER سویدی، ١١/١/١٩٨٢

 

 

سازدانی: پێتەر برێت

 64 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*