كۆمپانیای گازپرۆمی روسی پلانێكی تایبەتی بۆ گەشەپێدانی كار و پڕۆژەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان ئامادە دەكات و ئاشكرای دەكات، هێشتا هەرێم و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكەونە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتیژیەكانی كۆمپانیاكەیانەوە.
لەوبارەیەوە فادیم یاكو فلیف جێگری بەڕێوەبەری دۆزینەوەو بەرهەمهێنان لە كۆمپانیای گازپرۆم رایگەیاند: وێڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا توانیویانە بەردەوامبن لە جێبەجێكردنی كار و پڕۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستان و ئێستاش كار لە بیری ژمارە چواری كێڵگەی سەرقەڵادا دەكەن بەو ئامانجەی بتوانن ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزبكەنەوە.
وتیشی: «پاش ئەوەی بنەمایەكی پتەویان بۆ كاركردن داڕشتووەو توانیویانە شارەزایی باشتر لە چینە جیۆلۆجیەكانی زەوی ناوچەكە بەدەستبهێنن دەتوانن بژاردەی زیاتریان بۆ گەشەپێدانی كارەكانیان و زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان لەبەردەستدابێت.
باسی لەوەشكردوە، ئێستا توانیویانە ئاستی بەرهەمهێنانی بازرگانیان لە كێڵگەی سەقەڵادا بگەیەنێتە 4 ملیۆن تۆن و بەنیازیشن كاری زیاتر لە بیری ژمارە 4ی كێڵگەكەدا بكەن تا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 4 ملیۆن و 100 هەزار تۆن بەرزبكەنەوە كە لە نیوەی یەكەمی ساڵی داهاتوودا بەڕەسمی دەخرێتەكار.
جێی ئاماژەیە، كۆمپانیای گازپرۆم لە دوو پڕۆژەی كێڵگە گازی سروشتی (شێخاڵ و گەرمیان) لە هەرێمی كوردستان كار دەكات و لەكێڵگەی شێخاڵ پشكی سەدا 80 و لە كێڵگەی گەرمیانیش پشكی رێژەی سەدا 40ی هەیە.
83 جار بینراوە