سەرەکی » کەلتوور » خوێندنگا و كتێبخانەی مەلا غەزایی لە گوندی گەناو

خوێندنگا و كتێبخانەی مەلا غەزایی لە گوندی گەناو

عومەر ئیسماعیل مارف-قەڵادزێ‌

2-2 و کۆتایی

ناوچەی بەڵات

بەشێكی بچوكە لەناوچەی پشدەرو لە (7) حەوت گوند پێكدەهات، میرە بابانیەكان لەسەردەمی فەرمانڕەوایی خۆیاندا بەمیرات بۆ بنەماڵەی (مەلا غەزایی) دەستنیشانیانكردبوو، كە بریتی بوون لەم گوندانە: (گەناو، قندۆڵ، رازان، دەوژان، ئەشكەنە، چەكوان و ئیسێوە)، هەروەها مامۆستا ئەحمەد محەمەد قندۆڵی لەبارەی ناوەكەوە دوو بۆچوونی هەیە، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە پەسەندە ئەوەیە: بەڵات وشەیەكی كوردیەو لە (بەرات) سەرچاوەی گرتووە، بەو بەڵگەیەی كاتی خۆی یەكێك لەمیرە كوردەكان دەچێتە سەردانی مەدرەسە بەناوبانگەكەی گوندی گەناوو بەچاوی خۆی گەورەیی مامۆستاكان و زۆری فێرخوازەكان و سەختی و دژواری ژیان و گوزەرانیان دەبینێت و دەستبەجێ‌ فەرمان دەدات (بەرات)ی گوندەكانی ناوچەكە كە بەشی تایبەتی میری بوو، لێرەبەدوا تەرخانبكرێت بۆ خوێندنگاو مامۆستاو فەقێیەكان، ئەو كەسەش كە سەردانی مەدرەسەكەی كردو ئەو نەریتەی داهێنا، هەندێك گوتوویانە (شێخ مارفی نۆ دێ‌ 1753-1838ز) و هەندێكی دیكە دەڵێن: میرێكی (موكری) بوو، رەنگە بۆچوونی راستیش ئەوەبێت ئەو كەسە میرێكی (بابانی) بووبێت، چونكە ئەوان زیاتر فەرمانڕەوای ناوچەكەبوون(13).

كتێبخانەی خوێندنگاكە
خوێندنگاكە خاوەن كتێبخانەیەكی دەوڵەمەندو گەورەبوو، كە بەسەدان كتێب و دەستنووسی ناوازەو دەگمەنی تێدابوو. كاتێك لەساڵی (1969ز)دا عەلی مەحمود قندۆڵی لای (مەلا ساڵحی دەرونی) كە ئەوكات مەلای گوندی گەناو بوو خوێندویەتی، كتێبخانەكەی بەچاوی خۆی بینیووەو لەڕۆژنامەی (هاوكاری)دا ئاوا باسیكردوە:

«رۆیشتم سەیری ئەو كتێبخانەی دێی گەناوم كرد، بەڵام چیم چاو پێكەوت ئەو كتێبەی ساغ بو دەست بەجێ‌ مەلایەك یان فەقێ‌ یەك دەهات هەڵیدەگرتو دەڕۆیی ئەوەی سەرەتاو كۆتایی نەمابو یان پەڕەو نامەو ئەو جۆرە شتانە بون دەیان خستە ناو گونیەوەو لەشوێنێك ئاگریان تێبەرئەدان و یەكەم جار كە چاوم بەو كتێبخانەیە كەوت زیاتر لە دو هەزار كتێبی تیا مابو ئەمە بێجگە لە كتێبی شڕو دڕاوو پەڕی كەوتوو زۆربەی ئەو كتێبانە بەزمانی ئارەبی نوسرابون و لەسەدا نەوەدو پێنجیان دەست خەت بون زۆرترینیان لە مەڕ زانیاریەكانی ئایینی ئیسلامەوە بون و زۆریش كتێبی فەلسەفەو مەنتیق و بەلاغەو مێژوو ئەستێرەناسی تیابو ئەمە بێجگە لە دیوانی شوعەراكان كە بە كوردی و ئارەبی و فارسی و توركی نوسرابونەوە. … ئەو كتێبخانەیە بێگومان كتێبی كوردیشی تیابوە و بیستومە كە دیوانی مەلا عەبدوڵڵای بێتوشی كە زۆربەی شیعرەكانی بە كوردی بوە فەقێ‌ یەك بردویەتی بۆ شنۆو لاجان نازانین ئاخۆ پاراستویەتی یاخود لەناوی بردوە. جگەلەوە، مەلا شێخ رەئوفێكی خەڵكی لای سلێمانی كە لەشەستەكان دا بە سەر كاروباری ئەوقاف راگەیشتوە لە ناوچەی پشدەر ئەویش دیوانێكی مەلا مەحمودی خواهرزادەی بردوە هەر چەند مەلایەكی پشدەری داوای لێ‌ كردوە بیداتەوە، بەڵام نەیداوەتەوە نازانین ئەویش چی لێ‌ بەسەرهاتوە؟.

هەروەها مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ لەو كاتەی كە مامۆستا مەلا ساڵحی بێژوەیی لەدێی گەناودا ئیمام و مودەریس بوە داوای كتێب و زانیاری لێ‌ كردوە كە بۆی رەوانەكات بۆ سلێمانی بە تایبەتی وەڵامی ناردوە بۆ لای ملا ساڵح كە لە بارەی مەلا عبداللەی بێتوشی یەوە چی لایە لەكتێبخانەی گەناودا بۆی بنێرێ‌ … كتێبەكانی كتێبخانەی مەلا غەزایی زۆر بە كەمی لە ناو پشدەردا ماونەتەوە بەڵكو بە زۆری بە ناوچە جۆر بەجۆرەكانی كوردستان دا پەرتو بڵاوبوون، بەڵام بەلای منەوە زۆرترینی ئەو كتێبانە لە كتێبخانەی بێتوشو بێژوەدا پارێزراون كە دو گوندن لە ناوچەی ئالان سەر بە قەزای سەردەشت لە كوردستانی ئێران دا»(14).

لەلایەكی دیكەوە، مامۆستا ئەحمەد محەمەد قندۆڵی لەگۆڤاری (بابان)دا ئاوا باسی كتێبخانەكەی كردوە:

«هەتا ئەم دواییانەش نزیكەی دوو هەزار دەسنوسی زۆر بەنرخ و بەسوودی تێدا بوو لە خانویەكی گەورەی گڵدا هەڵگیرابوو … هەموو ئەو كتێبە گەورانە لەوەرزی زستانا شەڵاڵی دڵۆپە دەبوون و لەوەرزی هاوینیشدا مەیلەو وشك دەبوونەوە سورو زەرد هەڵدەگەڕان و تاكو ساڵێكیان هێنرانە دەرەوەو خرانە بەر هەتاو بۆ وشك بوونەوە لەو ناوەدا خرابوونە سەریەك بەبێ‌ خاوەن هەركەسێ‌ دەهات دەستی خۆی دەگەیاندە نێو ئەوەی پێویستبایە هەڵی دەگرت هەندێكیشی كە پەڕەپەڕە ببو رەشەبا دەیبرد تاكو سەرئەنجام هیچی لێنەما ئەوەی برابراو ئەوەی مایەوە فرۆشراو كۆیەكیش كتێبی ناتەواو پەڕەپەڕە مابوو ئاگردران»! سەرئەنجام ئەو گەنجینە كەموێنەیە فەوتاو لەناوچوو(15).

ئەوەی زانراوە لەناو ئەو دەستنووسە دەگمەنانەدا، كتێبی (مەلا محەمەدی ئیبن ئادەم 1747-1836ز) هەبوو كە لەناوچەی (باڵەكایەتی)ەوە هاتووەو سەردانی خوێندنگاكەی كردوە، كتێبی (نور الابصار)ی بەدیاریهێناوە(16).

سەرچاوەکان:
13- عەلی مەحمود پشدەری: لقێكی نامەخانەی …، س.پ، ل3؛ ئەحمەد مەلا صالح مەلا نەجیب: مەولانا غەزایی …، س.پ، ل15؛ احمد محمد قندۆلی: تیشكێك بۆ مێژوی …، س.پ، ل34.
14- عەلی مەحمود پشدەری: لقێكی نامەخانەی …، س.پ، ل3.
15- ئەحمەد محمد قەندۆلی: بەهاو رەوشی رۆشنبیری میرانی بابان، گۆڤاری بابان، ژمارە (11) تشرینی دووەم (2009)، ب3، ل6؛ ئەحمەد محەمەد قندۆڵی: بنەماڵەی لەبیركراوی غەزاییەكان …، س.پ، ل14.
16- چاوپێكەوتن لەگەڵ كۆچكردو مەلا سەلام حەیدەری: رۆژی یەكشەممە (28/1/2007)، گوندی (دواوە)ی بێتواتە.

 95 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*