سەرەکی » وتار » د.عیزه‌دین مسته‌فا » دیسان بۆ هەمەوەند

ئه‌م كونجه‌ش

دیسان بۆ هەمەوەند

-2-
ساڵی 1948 قوتابیانی (كۆلێجی فەیسەڵ) لە بەغدا مانیان گرتبوو. ئەو كۆلێجە بۆ قوتابی یە یەكەمەكانی هەر(پارێزگا- لیوا)یەكدا بۆوە‌و دەرسیان بە ئینگلیزی بوو ‌و كابرایەكی ئینگلیزی بە دەسەڵات سەرپەرشتیی دەكرد. كەچی لەجێی ئەوەی ببن بە ئینگلیز خوا زۆربەیان بوون بە نیشتمانپەروەر‌و مانیان پێگیرا. كە مانیان گرت دەرگای كۆلێجەكە داخرا‌و ئەو منداڵ یا مێرمنداڵانە كەوتنە سەرجادە. هەندێ ماڵ جێگەی هەندێكیانیان كردەوە. بەڵام زۆر بوون بێ جێگە بوون. كاك رەحیم رەشیدی هەمەوند لە بەغدا ئوتێلی دانابوو. ئۆتێل (فیردەوس) كە لە ئوتێلە هەرزانەكان بوو. كاک رەحیم چووبوو هەموو قوتابی یەكانی بردبووە ئوتێلەكەی خۆی‌و هەرچەند قوتابی یەكی لە ژورێكدا جێگە كردبۆوە- دیارە بەخۆرایی.
ئەم هەواڵە- رەحمەتی مەلا ئەحمەد دەروێش بۆ باوكمی گێڕابۆوە كە ئەویش هەمەوەند بوو. باوكم دەیووت: مەلا ئەحمەد دەڵێ: ئەوەیە هەمەوەند.
كاك رەحیم دوو كوڕی هەبوو- كە زۆر دۆستم بوون. قادر ‌و عەبدولوەهاب، ئەمەی دووەمیان لێپرسراوی حساباتی كۆلێجی ئادابی بەغدا بوو. زۆر خزمەتی بەشی كوردیی كرد.
شێخ رەزای تاڵەبانی چوارینێكی هەیە. بەداخەوە بە نووسراوی نەمدۆزی یەوە بەڵام ئەو جۆرەی كە لەبەرمە ئەمەیە:

شێخی هەمەوەندێكی ئەدا وەعز‌و نەسیحەت
چاك ئەو قوربەسەرەی دابووە بەر فەحش‌و فەزیحەت
خۆش هاتە جەواب ووتی: شێخم من
قوتاعی تەریقم، نەكو قوتتاعی تەریقەت

برایەكی هەمەوەند بە تەلەفون پێی ووتم: كە كاك (سەڵاح سالار) بوو فەرمووی: هەمەوەند- تیرە نین- ئەوە ناوی هەموو عەشرەتەكەیە. برایەكی ئەو چەند برایە ناوی یادگار بووە. بۆ مەسەلەی (تەرابلوس)ی ئەفەریقا‌و تەرابلوسی لوبنان. هەمەوەندەكان دەڵێن: مەرقەدی فەقی قادر لە (بنغازی) یە‌و بەڵگەیان بۆ ئەوە هەیە. هەرچی باسی شەهید (قەزافی) یە كە گوایە لەو هەمەوەندانەیە كە نەفی كراون بۆ لیبیا. بەڵام ئەمە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نی یە. هەر ئەوەندەیە قەزافی- وەك دەڵێن: عەرەبێكی قەومیی ڕاستگۆ بوو، لای وابوو كە كورد دەوڵەتی هەبێ. دەبێ بە پشت بۆ عەرەب. لەبەرئەوە هەمیشە پشتی ئەوەی گرتووە كە كورد دەوڵەتی هەبێ. بە پارەش یارمەتیی سەركردەكانی بزووتنەوەی كوردایەتیی داوە.
هاتنەوەی هەمەوەند لە ئەفەریقا دیسان داستانێكی قارەمانانە‌و ئازایانەیە- بۆ ئەو تیرەیە تۆمار دەكرێ.
وابزانم زۆرم ماوە لەسەر (هەمەوند) كە بینووسم. بەڵام با ئێستا ئەم دوو كونجە بەس بێ. هێز بمێنێ‌و تەمەن بمێنێ جاریتر. لەم كونجانەدا بێت. یا لە یادداشتدا بێت دێمەوە سەری. سەربەرزی بۆ هەمەوەند‌و بۆ پیاوە دیارەكانی كە زۆرن.

 222 جار بینراوە