سەرەکی » دۆسێ » سعودیە:بن سەلمان بەرەو لووتكەی دەسەڵات

ئیدارەی ئەمریكا پاڵپشتی بووە؟

سعودیە:بن سەلمان بەرەو لووتكەی دەسەڵات

لەم ماوەیەی دواییدا لە ریازی پایتەختی سعودیە، باس و خواسی ئەوە بڵاوبۆوە كە گوایە جێنشینی شاهانە كار بۆ كۆكردنەوە و قەتیسكردنی دەسەڵات دەكات لە «بازنەیەكی زۆر بەرتەسك»ی نێو خانەوادەی فەرمانڕەوای وڵاتەكە و لەو كارەشدا، گومان هەیە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پاڵپشتی بكات.
وردەكارییەكانی پشت ئەو قسە و باسانە چین؟ دەبێت لەئێستاوە هەنگاوە سەرەتاییەكانی ئەو پلانە ئاشكرا بن؟ میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی چین؟.
ماڵپەڕی (DW)ی ئەڵمانی لە 13ی كانوونی دووەمی 2018، ئاماژەی بە هەواڵێكی رۆژنامەی (العكاڤ) و پێگەی ئەلیكترۆنی (سبق) كردووە كە باسیان لە دەستگیركردنی ئەو یانزە شازادەیە كردبوو كە لە رۆژی 6ی كانوونی دووەمی 2018 لەبەردەم «كۆشكی حوكم»شاهانەی وڵاتەكەدا ناڕەزاییان بەرانبەر بە گرتنەبەری رێوشوێنی سیاسەتەكانی سكهەڵگوشین دەربڕیبوو كە راگرتنی پێدانی پارەی كارەبا و ئاو بە شازادەكانی دەگرتەوە، بەپێی میدیاكانی سعودیەش، ئەو شازادانە داوای قارەبوویان كردووە لەبەرانبەر دەرچوونی حوكمی (تۆڵەكردنەوە) لە دژی یەكێك لە كوڕە مامەكانیان.
میدیاكانی سعودیە ئەو وردەكارییە و ناسنامەی میرەكانیان نەخستبووەڕوو، بەڵام باسیان لەوەكردوو كە گروپەكە لەلایەن شازادە (س.ع.س بن مەحەمەد فەیسەڵ بن توركی) سەركرداریەتی كراوە، بەڵام رێنماییەكان روونن و تەئكید لەسەر «یەكسانی هەموان دەكەنەوە لەبەردەم شەرع، ئەوەی سیستم و رێنماییەكان جێبەجێ‌ نەكات، هەر كەسێك بێت رووبەڕووی لێپرسینەوە دەكرێتەوە».

قسەڵۆكەكان دەبنە واقیع
قسەوباس لەسەر ئەوە هەیە كە محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانەی سعودیە (33 ساڵ)، پرۆژەیەكی هەبێت بۆ ئەوەی حوكمڕانی و دەسەڵات لە دەستی كوڕەزاكانی عەبدولعەزیز بن سعود، دامەزرێنەری سێیەمین دەوڵەتی سعودیەدا قەتیس بكات».
جەمال خاشەقچی نوسەر و رۆژنامەنوسی سعودی دانیشتووی واشنتۆن لەبارەی ئەو قسانەوە بە (DW)ی راگەیاندبوو» ئەو قسانە لە ریاز دەكرێن، رووداوی كۆبوونەوەی شازادەكانیش لەبەردەم كۆشكی حوكم، و دواتر گواستنەوەیان بۆ كۆشكی عۆجە، تەئكید لەسەر راستی ئەو قسانە دەكەنەوە». دكتۆرێكی زانستی كۆمەڵایەتی سیاسیش لە زانكۆی مەلیك سعود لە لێدوانێكی زۆر كوتدا بۆ (DW)ی راگەیاندبوو»پەیوەندیدار نییە بەوەی كۆمێنتی لەسەر پێشبینییەكان هەبێت».
بەپێی زانیارییەكانی خاشەقچی»هیچ شۆڕبوونەوەیەكی سیاسی بۆ ئەو ناڕەزاییانەی باسكران نییە، بەڵكو ناڕەزاییە بەرانبەر بە «چاكسازییەكانی» جێنشینی شاهانە و «پابەندكردنی» شازادەكانە بەو رێنماییانەی كە هاوڵاتی سعودی پێوە پابەند دەكرێن لەڕووی مامەڵە و یاساكانەوە.
میدیاكانی ئەڵمانیاش جیاوازییان لەنێواندا هەبوو سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ ژمارەی ئەو شازادانە،بەڵام لەسەر ئەوە رێكەوتن كە لەنێوان 5000 بۆ 7000 شازادەدا بوون.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (النهار)ی لوبنانیش كە لە 24ی كانوونی دووەمی 2015 بڵاوكرابۆوە»ژمارەی تاكەكانی خانەوادەی شاهانەی سعودیە نزیكەی 25 هەزار كەس دەبن، ئەوانەش كە كاریگەرییان لەسەر سیاسەت هەیە، تەنیا دوو سەد كەسن».
لە راپۆرتێكی رۆژنامەی «ئیندپندنت»ی بریتانی كە لە كانوونی دووەمی 2012دا لەسەر زاری كچە شازادە (بەسمە بنت سعود بن عەبدولعەزیز) بڵاوكرابۆوە، هاتبوو»ژمارەی تاكەكانی خانەوادەی شاهانە 15 هەزار كەسن و دوو هەزارییان دەستیان بەسەر دەسەڵات و سەروەت و سامانەكاندا گرتووە».
«شازادە ناڕازییەكان سەر بەو لقەن كە پێیان دەگوترێت (العرافە)، ئەو باڵەن كە لەسەردەمی دووەمین دەوڵەتی سعودیەوە لە حوكمڕانی چونەتە دەرەوە»، ئەمە قسەی خاچەقچییە و لەلایەن محەمەد ئال زولفە دكتۆر و مێژوونوس و ئەندامی ئەنجومەنی شورا بۆ سێ‌ خول، تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە و دەڵێت» ئەو شازادانە لقی (العرافە)ن و باش دەزانن كە هیچ هیوایەكیان نییە لە گرتنەدەستی دەسەڵات».
ئال زولفە بە (DW)ی راگەیاندبوو»كێبڕكێ‌ تەنیا لەنێوان كوڕەزاكانی عەبدولعەزیزدا كۆبۆتەوە و كەسی تر لەو بارەیەوە هاوبەشیان ناكات».

هەردوو نمونەی مەغریبی و ئوردنی
بەپێی زانیارییەكانی خاشەقچی» بۆ دوو ساڵ دەچێت پرۆسەی لەبێژنگدان لەسەر ئاستی سیاسی و دارایی بۆ میرەكان كراوە، لەمڕۆشدا سعودیە قۆناغی پێكهێنانی دەسەڵات لە ئاسۆییەوە بەرەو ستونی بەخۆوە دەبینێت: قەتیسكردنی دەسەڵات لە دەستی پادشا و جێنشینی شاهانە لەسەر هەردوو نمونەی ئوردنی و مەغریبی. پاشماوەی شازادەكانی تر هاوشێوەی فەرمانبەری دەوڵەت دەبن و هاوبەش نابن لە حوكمڕانی».
محەمەد ئال زولفە دكتۆر و مێژوونوس و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی شورا لە سعودیە، لای خۆیەوە پێیوایە»پێویستە كاروبارەكان لە دەستی كەمینەیەك لە میرەكاندا بهێڵرێنەوە، تا پارێزگاریی لە یەكێتی نیشتمانی و حوكم و سەلامەتی بكرێت و رێگە لە كێبڕكێ‌ و دوژمنكاریی بگیرێت».
«مێژوونوسێكیش بۆ پەرەسەندنی حوكمڕانی لە سعودیە پێموایە، ئەو هەنگاوە شتێكی نوێ‌ نییە لە شانشینی عەرەبی، چونكە دامەزرێنەری سێیەمین دەوڵەتی سعودیە، هەموو دەسەڵاتەكانی لە چنگی خۆیدا بووە و كوڕەكەیشی بە جێنشینی شاهانە سەپاندبوو، بەبێ‌ ئەوەی لەلایەن هیچ كام لە براكانییەوە رێگریی لێبكرێت».
لەماوەی دەیان ساڵی رابردوو، لە تەنیشت هەموو پادشایەكی سعودی، یەكێك یان دوان لە براكان، یان كوڕەكانی یان برازاكانی هەبوون، و راوێژییان پێشكەش دەكرد و بەشدارییان لە حوكمڕانیدا دەكرد. بەڵام پاش ئەوەی شا سەلمان چووە سەر عەرشی شاهانە، زۆربەی دەسەڵاتەكانی لە دەستی محەمەدی كوڕیدا كۆكردەوە و لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی جێنشینی شاهانەیە، پۆستەكانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری و سەرۆكی «ئەنجومەنی كاروباری سیاسی و ئەمنی»و سەرۆكی «ئەنجومەنی كاروباری ئابوری و گەشەپێدانی» لە دەستیدایە.
خالیدی برایشی (29 ساڵ) لە پۆستی باڵێوزی شانشینی عەرەبی سعودیەدایە لە واشنتۆن. جێنشینی شاهانە زۆر پشت بە كوڕە مامەكانی نابەستێت، بەڵكو پشت بە تیمێك لە راوێژكاران دەبەستێت كە لە بنەڕەتدا سعودین، هەرچەندە هەندێكیان لە ولایەتە یەكگرتووەكان، یان بریتانیا مەشقیان پێكراوە.

بەرەو چوارەمین دەوڵەتی سعودیە
حوكمڕانی خانەوادەی شاهانە بە قۆناغەكانی هەڵكشان و داكشاندا تێپەڕیوە. یەكەمین دەوڵەتی سعودیە (میرنشینی درعی) لە ساڵی 1744 بە هاوپەیمانی خێڵەكی- ئاینی لەنێوان محەمەد بن سعود و پیاوی ئاینی محەمەد بن عەبدولوەهاب، دامەزراوە. لە ساڵی 1818 سوپاكەی ئیبراهیم پاشا، حاكمی بەهێزی میسر،(كوڕی محەمەد عەلی پاشا)، لەسەر فەرمانی سوڵتانی عوسمانی، كۆتایی بە دەوڵەتەكە هێنا و پایتەختەكەیشی روخاند.
دوای شەش ساڵ لەو رووداوە، توركی بن عەبدوڵڵا بن سعود بن عەبدولعەزیز بن محەمەد بن سعود، جڵەوی كاروبارەكانی گرتەدەست و «دووەمین دەوڵەتی سعودیە»ی دامەزراند و ریازی كردە پایتەخت. بە مردنی فەیسەڵ بن توركی، كوڕەكانی كەوتنە وێزەی یەكتر و هەندێكیان لەگەڵ ئال رەشید (میرەكانی حائیل) هاوپەیمانیان بەست. ئەوەش رێخۆشكەر بوو بۆ ئال رەشید تا لە ساڵی 1819دا دەوڵەتەكە بڕوخێنێت.
لە ساڵی 1902 عەبدولعەزیز بن سعود، ریازی لە چنگی ئال رەشید دەرهێنا و دەستیكرد بە دامەزراندنی دەوڵەتی «سێیەمی سعودیە»،تەواوی نەجد و حیجاز و پاشماوەی زەوییەكانی «شانشینی عەرەبی سعودیە»ی ئێستای خستە سەر دەوڵەتەكەی.
لەمڕۆدا و پاش نزیكەی نەوەد ساڵ بەسەر راگەیاندنی دامەزراندنی «شانشینی عەرەبی سعودیە»، محەمەد ئال زولفە ئەكادیمست و مێژوونوسی سعودی، بڕوای تەواوەتی بەوە هەیە كە وڵاتەكەی بەرەو «چوارەمین دەوڵەتی سعودی» دەچێت.

كەتیبەی «السیف الاجرب»- باڵی راپەڕاندنە؟
میدیاكانی سعودیە كە ئاماژەیان بە هەواڵی دەستگیركردنی ئەو شازادانە كردبوو كە لەبەردەم كۆشكی حوكم كۆبووبونەوە و لەلایەن پاسەوانەكانەوە دەستگیركران، باسیان لەوەش كردووە، پاسەوانەكان سەر بە كەتیبەی «السیف الاجرب»ی پاسەوانی شاهانەن و لە ژمارەیان لە پێنج هەزار كەس زیاترە و راستەوخۆ فەرمان لە جێنشینی شاهانە وەردەگرن.
چەندان میدیای تریش، ئەو هێزەی بە هێزی تایبەت وەسفكردووە كە لەگەڵ هاتنەسەر حوكمی شا سەلمان پێكهێنراوە.
ئەركی هێزەكە خۆی لە پاسەوانی پادشا و جێنشینی شاهانە و كۆشكەكانی شاهەندا دەبینێتەوە. ناوەكەیشی لە شمشێرەكەی توركی بن عەبدوڵڵا بن محەمەد ئال سعود، دامەزرێنەری دووەمین دەوڵەتی سعودیە وەرگرتووە كە شمشێرەكەی بە «الاجرب» وەسفكردبوو. خاشەقچی هاوڕایە لەگەڵ ئال زولفە و پێیوایە بوونی «بەكرێگیراوانی بیانی» لەنێو ریزەكانی ئەو كەتیبەیە، درۆیە و دوورە لە راستییەوە.

ترەمپ «پیاوەكەی» گەیاندۆتە لوتكە؟
لە 6ی كانوونی دووەمی 2018، پێگەی ئەلیكترۆنی بەشی ئینگلیزی «دەزگای رادیۆی بریتانی»پەرەگرافێكی لە كتێبەكەی «ئاگر و توڕەیی: لەنێو كۆشكی ترەمپی سپی» مایكڵ وۆڵف وەرگرتبوو كە باس لە قسەكانی ترەمپ دەكات بۆ هاوڕێكانی سەبارەت بەوەی كە خۆی و زاواكەی نەخشەیان بۆ كودەتایەك لە سعودیە داڕشتووە: پیاوەكەیان (محەمەد بن سەلمان جێنشینی شاهانە)یان لە لوتكەدا داناوە.
محەمەد ئال زولفە دكتۆر و مێژوونوس و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی شورا لە سعودیە، ئەو قسانە بە «پوچ» وەسف دەكات و پشتیوانییەكانی ئەمریكاش لە محەمەد بن نایف، وەك بەڵگە دەهێنێتەوە.
بەڵام لە كۆتاییدا بە گوتەی ئەو، بڕیارەكە بە تەواوەتی سعودی بووە، لەو رووەشەوە جەمال خاشەقچی نوسەری سعودی هاوڕای ئال زولفەیە و دەڵێت»ئەو جۆرە كاروبارانە تەنیا لە نێو بازنەی سعودیەدا دەمێننەوە».

print

 125 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*