سەرەکی » زانست » بەرپرسیارێتی خێزان لەبەرامبەر مناڵەكانیاندا!!پەڕە 27

بەرپرسیارێتی خێزان لەبەرامبەر مناڵەكانیاندا!!

راژان قوربانی – بۆكان

یەكێك لە هۆكارەكانی خۆكوژی كچان یان هەڵاتنیان لە ماڵ و پەنابردنیان بە كوڕی خەڵكیی، لە بەرچاونەگراتنیانە لە نێو بنەماڵە، بێ متمانەیی و گرنگی نەدانە پێیان، ئەگەر دایك و باوك فێرببن پشتیوانی لە منداڵەكانی خۆیان بكەن و هەمیشە پەنا و پشتیوانی ئەوان بن هیچ منداڵێك پەنا بۆ پیاوێك نابا و پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی كوڕێك نابێ…. بەڵام مخابن ئەوان تەنیا بیر دەكەنەوە بەدابینكردنی پێداویستییە ماددییەكان دەتوانن منداڵەكانی خۆیان خۆشحاڵ بكەن بەڵام هەر مرۆڤێك سەرەڕای پێویستی ماددی، پێویستیشی بە خۆشەویستی و سۆز هەیە و دایك و باوك دەبێ هەمیشە پشتیوانی منداڵەكانیان بن، ئەوان بەرەو ئامانجی گەورە ڕێنوێنی بكەن و هەركات هەستیان كرد، كچەكەیان لە ناوخۆیدایە و چاوەكانی سووڕ هەڵگەڕاوە… بەو نەڵێن كە بۆچی خەمباری یان بۆچی گریاوی، من لە چی كەمم بۆت كردووە كە خۆت خەمبار دەكەی، هەرشتێكت ویستووە بۆتم كڕیوە….. بەڵام ئەو دەیهەوێ لە ئامێزی بگرێ و بڵێت كچەكەم باشی؟ ئەگەر گرفتێكت هەیە دەتوانی پێم بڵێیت من تا بەیانی گوێ لە ڕازو نیازەكانت دەگرم.

بۆ ئەوەی نەیكاتە بارگرانی لە دڵی خۆیدا و پەنا بۆ كوڕی خەڵكی نەبا و قسەی دڵی بەو نەڵێت و ئەویش كەڵكاژۆی لێ وەربگرێ.

هەركات كوڕەكەیان خەمبار بوو، پی نەلێن ها وەرە سویچی ماشینەكە بگرە و بڕۆ لەگەڵ هاوڕێیەكانت خولێك لێبدە، باشتر دەبی. ئەویش دەڕوا دەردە دڵ لەگەڵ هاوڕێیەكانی دەكا، ئەوانیش پیدەڵێن وەرە سیگاریەك یان كەمێ ماددەی سڕكەر بكێشە تا ماوەیەك هەموو شتێكت لە بیر ئەچێ. كوڕەكەیش لەبەر ئەوەی كە هەر لە منداڵییەوە فێرت كردووە كە كوڕ نابێ بگری، لەبەر ئەوەی ئەو پیاوە و پیاوەكان ناگرین… ئەویش ناچار دەبێ سیگارەكە قەبووڵ بكا و گیرۆدە بێ….

ئێستا كورێكی گیرۆدە بە ماددەی سڕكەر هەر كارێك كە پێی خۆشە لەگەڵ كچی خەڵكی دەیكا و تەنانەت هێندێكجار كچەكە لەگەڵ كوڕدا هەڵدێن، لەبەرچی؟؟ لەبەر ئەوەی بنەماڵەی زانیویانە خۆشەویستی هەیە، ناچار دەبێ لەگەڵ وەها پیاوێك بچێتە نێو ژیانەوە.. كەسێك كە كاتێك مادەەی سڕكەر بەكاردێنێ جیاوازی نێوان ژن و دایكی خۆی نازانێ.

ئێستا ئەم ژیانە هەر تا ماوەیەك بەردەوام دەبێ لەبەر ئەوەی كە هیچ كەسێك ناتوانێ لەگەڵ وەها مرۆڤێك هەڵبكا. كچەكە دەچێ بە بنەماڵەی دەڵێت، مێردەكەم گیرۆدەی ماددەی سڕكەرە، دەمەوێ جیا ببمەوە، ئەوەندە لۆمەی دەكەن و دەڵێن ژنێك كە جیاببێتەوە چیدیكە كەسێك ئامادە نییە لەگەڵی ژیان پێك بێنێ، تۆ بە جیابوونەوە ئابڕووی بنەماڵەمان دەبەی، بەشێك لە ژنان دەتوانن خۆڕاگری بكەن یان لەبەر منداڵ یان لەبەر بێ پەنایی، هێندێكیش خۆیان دەكوژن لەبەر ئەوەی كە ناتوانن وەها ژیانێك درێژە بدەن و یان دەچێتەوە بۆ لای مێردەكەی و خیانەتی پێدەكا….

لە كۆتاییدا بە ڕای من، گریانەكانی كچ و شەو تا بەیانی نەخەوتن و سیگاری بوونی كوڕو كەڵكاژۆ وەرگرتن لە كچی خەڵكی، هێندێكیان پێوەندی بە بنەماڵەكانەوە هەیە.بۆیە هەمیشە ئاگاداری بنەماڵەی خۆتان بن و چرای بنەماڵە هەمیشە گەرم و پڕ لە سۆز رابگرن.

یەكێ لەگرفتەكانی دیكەی بنەماڵەكان سێكسە كەبووەتە كەمایەتی ژیانی زۆر كەس تەنانەت ئازیزتر لە هاوسەر و منداڵ. پیاو كە لە ژنەكەی ماندوو دەبێ خۆ بە سەڵت دەناسێنێ تا بتوانێ لە كچ و ژنانی دیكە نیزیك ببێتەوە، ژنەكەیشی لەبەر ئەوەی ئاگاداری گەنكاریەكانی مێردەكەیەتی بۆ هێوەركردنەوەی خۆی دەچێ لەگەڵ كەسانێك دەخەوێ كە نیوەی تەمەنی ئەویشیان نییە.

تەنیا بۆ پرسیارە كە ئەو منداڵانەی بەهۆی ئەم گەنكارییەوە دێنە دونیا چ تاوانێكیان كردووە. بە ڕای من ئەگەر ژن و مێرد بتوانن لەیەكتر تێبگەن ئیتر پێویست بە خیانەت و درۆ ناكات. هەر ئەوەندەی ژن دەبێ تێبگات، پیاویش دەبێ تێبگات. هەر بەو ڕێژەیە كە ژن هەبوونی دەوێ، پیاویش متمانەی دەوێ. هەر بەو ڕێژەیە كە دەبێ خۆ بە قوربانی ڕووخساری بێ ئارایشی ژن بكەی، دەبێ فیدای ماندووبوونەكانی پیاویش بی. هەر بەو ڕێژەیە كە دەبێ خۆڕاگر بی لە هەمبەر بێ تاقەتیەكانی ژنان، دەبێ لە وەڕەسی پیاوانیش تێبگەی. بە كورتی پیاو و ژنی بۆ نییە، كە گەیشتی بە خاڵی « ئێمە» بوون وا باشە بۆی فیدكاری بكەی و تێبگەێنیت كە كەس وەك ئەو لێی تێناگات. بەمشێوەیە هەم پێوەندییەكان پاقژ دەبن و هەمیش بنەماڵە بەختەوەر دەبێ و شتێك بە ناوی جیابوونەوە نامێنێ تاكوو منداڵەكان لە دایك یان باوكیان جیا بكاتەوە و نەبوونی سۆز وابكات كە ژیانیان هەر وا تێپەڕێت.

من لە پێكهێنانی ژیانی هاوبەش دەترسم، دەترسم لەوەی كە وەك دایكم و كچەكانی دیكە پەشیمان ببمەوە، دەترسم لەوەی كە نەڕێگەی بەرەو پێشم هەبێ و نە ڕێگەی گەڕانەوە لە ساردی هاوسەرەكەم… دەترسم لە نەبوونی سۆزی و لەوەی كە هەموو تەمەن و جوانیم لە پێناو پیاوێكدا بێ بەڵام دیسان منی قەبووڵ نەبێ، من دەترسم… دەترسم لە خیانەت لە پاسۆردی موبایلی هاوسەرەكەم كە خێرا خێرا دەیگۆڕێ، دەترسم لە شەڕ و هات و هاوار…. لە شوێنی شینبوونەوەی ژێر چاوم و لە گەرمی زللەی هاوسەرم لە سەر ڕووخسارم دەترسم…. راستیتان بووێت لە خانووی تاریك و بێدەنگ و لەوەی كەهیچ كات هەموومان پێكەوە لە تەنیشت یەكتردا نەبین و لە ژووری جیا جیا دەترسم….. من لە تەنیایی دەترسم، دەترسم بۆ منداڵەكانم، ئەو منداڵانەی كە لە ماڵەوە خۆیان دوور دەگرن، ئەو منداڵانەی كە دەبێ تاوانی ژیانێكی هاوبەشی هەڵەی من و باوكیان بدەنەوە، منداڵانێك كە خەفەتی ژیانی دەوروبەری خۆیان دەخۆن دەمترسێنێ. دەترسم لە ئەو… لە ناوی كە لە ناسنامەی مندایە، من دەترسم كە خۆیشم ببمە پەند بۆ كەسانی دیكە، دەترسم ئازارێك بە ئازارەكانی دایكم زیاد بكەم.

هەر بەڕاست زۆر دەترسم ڕۆژێك بە خۆم بڵێم، بریا ژنی فڵان كەس بوومایە و من بێزارم لەم بریا بریا…. من تەنیا دەترسم… دەترسم لە سووتان و قەبووڵكردن…. دەترسم… و هیچشم پێ ناكرێ….. تەنیا دەتوانم بڵێم خوا بكا كەمتر بترسم.

 517 جار بینراوە