سەرەکی » دۆسێ » هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر هێرشە مووشەكییەكانی سەر ناوچەی سەوز

بە تێكدانی سەقامگیریی ناویان دەبات

هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر هێرشە مووشەكییەكانی سەر ناوچەی سەوز

رەوتەكان-

جارێكی تر بە مووشەك هێرش دەكرێتە سەر ناوچەی سەوزی نێوجەرگەی بەغدای پایتەخت كە زۆربەی فەرمانگە حكومییەكان و باڵیۆزخانەكانی وڵاتی تێدایە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە سەرهەڵدانەوەی ئەو هێرشانە دەردەبڕێت.

سەرلەئێوارەی 20ی كانوونی یەكەمی 2020، ناوچەی سەوزی نێوجەرگەی موشەكباران كرا.

سەرچاوەكان دەڵێن، لانی كەم بە چوار مووشەك ناوچەی سەوز و دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا كە لەڕێی سیستمە بەرگرییەكەیەوە وڵامی دایەوە كرانە ئامانج.

بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆییش كە لە میدیاكاندا بڵاوكرایەوە، بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز و مامەڵەی سیستمی بەرگری سیرام لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەگەڵ ئەو مووشەكانەی باڵۆزخانەكەیان كردبووە ئامانج دەردەكەوێت.

هەڵوێستی ئەمریكا
لەبەرانبەر هێرشە مووشەكییەكەی سەر ناوچەی سەوز، مایك پۆمیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە 21ی كانوونی یەكەمی 2020، داوای لە عیراق كرد رێگە لەو هێرچانە بگرێت و و بە مایەی لەقكردنی سەقامگیریی وەسفی كردن.

پۆمپیۆ لە ئەكاونتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاویكردەوە»میلیشیاكانی سەر بە ئێران جارێكی تر بەشێوەیەكی بێ‌ شەرمانە و بە شپرزەیی هێرشێكیان لە بەغدا ئەنجامدا كە برینداربوونی ژمارەیەك مەدەنی عیراقی لێكەوتەوە».

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا»گەلی عیراق شایەنی ئەوەیە دادگایی هێرشبەرەكان بكات، دەبێت ئەو تاوانبارە توندڕەوە گەندەڵانە دەست بەو كارانە هەڵبگرن كە مایەی لەقكردنی سەقامگیرییە».

بەیاننامەی شانەی میدیای ئەمنی
شانەی میدی ئەمنی وردەكاریی هێرشە مووشەكییەكەی سەر ناوچەی سەوزی بڵاوكردەوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لە دوای هێرشەكە لەلایەن شانەی میدیای ئەمنییەوە بڵاوكرایەوە» ژمارەیەك مووشەك بەرەو ناوچەی سەوز لە بەغدا هەڵدران و كەوتنە نێو كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێی لە هەندێك ناوچەی قادسیە، ژمارەی ئەو مووشەكانەش هەشت مووشەك بوون».

بەپێی بەیاننامەكە»مووشەكێك كەوتە شوقەی ژمارە 6 لە نهۆمی یەك لە ئاپارتمانی ژمارە 1، مووشەكی دووەم لە ئاپارتمانی ژمارە 3 نهۆمی یەكەم و شوقەی ژمارە 1 كەوتە خوارەوە، مووشەكی سێیەم بەسەر هەمان ئاپارتمان و لە نهۆمی حەوتەم كەوتە خوارەوە، چوارەم مووشەك لەبەردەم ئاپارتمانی 26 كەوتە خوارەوە، پێنجەم مووشەك بەسەر ئاپارتمانی ژمارە 18دا بوو، مووشەكی شەشەم لەبەردەم ئاپارتمانی ژمارە 14 و لە نزیك بازاڕی خۆجێی كەوتەخوارەوە، مووشەكی حەوتەم لە یەكێك لە دەریاچەكاندا كەوتەخوارەوە، هەشتەم لە نزیكی یەكێك لە بازگەكان كەوتەخوارەوە».

شانەی میدیای ئەمنی ئاماژەی بە برینداربوونی سەربازێكی عیراقی و كەوتنەوەی زیانی ماددی بەو تەڵارانە كردووە، دوای ئەوەی مووشەكەكان چوبوونە نێو هەندێك لە شوقەكانی نیشتەجێبوون كە هاووڵاتیان تێیدا نیشتەجێن، وێڕای زیانگەیاندن بە 14 ئۆتۆمبێلی مەدەنی و موەلیدەیەكی كارەبا و ژمارەیەك كەرەڤانە».

شوێنی هەڵدانی مووشەكەكان
هەر لە بارەی بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوزی نێوجەرگەی بەغدا، بە ژمارەیەك مووشەك، میدیای ئەمنی بەیاننایەكی تری بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاندبوو»روونبۆتەوە ئەو ناوچەیەی مووشەكەكانی لێوەهەڵدراوە، لە سەربازگەی رەشیدەوە بووە و بەسەر كۆمەڵگەی نیشتەجێی و ژمارەیەك لە ئاپارتمانەكانی قادسیەدا كەوتوونەتە خوارەوە، بەو هۆیەشەوە زیانێكی ماددی زۆر بە تەلارەكان و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی مەدەنی گەیشتووە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ قوربانییەكی لێكەوتبێتەوە».

پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاماژەی بە كەوتنەخوارەوە سێ‌ مووشەك كردبوو بەسەر كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سەز كە نزیك بووە لە باڵۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدای پایتەخت.

سەرچاوەكە بە میدیاكانی رایگەیاندبوو»سێ‌ مووشەك بەسەر ناوچەیەكی جێنیشتەجێی هاووڵاتیان لە نزیك بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكا كەوتوونەتەخوارەوە، یەكێك لەو مووشەكانەش بەسەر شوقەیەكی نیشتەجێبووندا كەوتۆتە خوارەوە، و مووشەكێكی تر لە گەراجی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەكە كەوتبووەخوارەوە، پارچەی مووشەكان گەیشتبووە دەوروبەری ناوچەی جادریە».

میدیای جەنگی دەڵێت»ئەو شوێنەی مووشەكەكانی لێوە هەڵدراوە بەرەو ناوچەی سەو، لە تیمارگەی سەربازگەی رەشیدەوە بووە».

هەڵوێستی حكومەتی عیراق
هەر لە بارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر ناوچەی سەوز، لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، بەیاننایەكی بڵاوكردەوە.

رسوڵ لە بەیاننامەكەدا رایگەیانووە»باندەكانی تاوان جارێكی تر بە مووشەك هێرشیان كردەوە ماڵانی هاووڵاتیان لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئەمەش بووە مایەی زیانگەیاندن بە ژمارەیەك تەلاری نیشتەجێبوون و ئۆتۆمبێلی مەدەنی و تۆقاندنی دانیشتوان».

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەڵێت»ئەو جۆرە تاوانانە هاووڵاتی و ئاسایشی دەكەنە ئامانج و هەوڵێكە بۆ شكاندنی شكۆی دەوڵەت و تێكدانی سەقامگیریی، لە هەمان كاتیشدا پەیامێكی نەرێنییە بۆ جیهان، بۆیە دەڵێین رێگە بە زیانگەیاندن بە ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەكان نادەین لە بەغدای پایتەخت و نایەڵین هەڕەشە لەسەریان دروستببێت و پابەندیش دەبین بە پاراستنیان».

هەر لە بەیانناكەدا هاتبوو»هێزە ئەمنییە بەجەرگەكانمان وەك پێشتر بەڵێنییان بە گەلی عیراق داوە، لێناگەڕێن لە یاسادەرچووەكان بە خواستی حۆیان تەراتێن بكەن و سورن لەسەر ئەوەی دەبێت دەستگیربكرێن و رادەستی دادپەروەریی بكرێن، رێگەش بە كەس نادەبن بە ناوی عیراق و سەروەریی وڵاتەوە، ئیرادەی خۆی بسەپێنێت».

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*