سەرەکی » دۆسێ » لە دوای ئەلیسۆ توركیا دوو بەنداوی نوێ‌ لەسەر رووباری دیجلە دروست دەكات

مەترسی لەسەر پشكی ئاوی عیراق دروستدەكەن

لە دوای ئەلیسۆ توركیا دوو بەنداوی نوێ‌ لەسەر رووباری دیجلە دروست دەكات

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان لە حكومەتی فیدراڵ، هەوڵەكانی توركیا بۆ دروستكردنی دوو بەنداوی نوێ‌ ئاشكرا دەكات كە بە وتەی ئەو»كاریگەریی گەورە لەسەر پشكی ئاوی عیراق لە رووباری دیجلە دروستدەكەن».

عەون زیاب، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند»بەنداوی ئەلیسۆی توركیا لە مەودایەكی نزیكدا كاریگەریی لەسەر سامانی ئاو لە عیراقدا دروست ناكات، چونكە بۆ دابینكردنی وزەی كارەبایە، بۆیە ڕێكی زۆر ئاو ڕەوانە دەكات و ئەو ئاوەش دەڕژێتە بەنداوی موسڵەوە».

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق دەڵێت»دوو بەنداوی تر هەن كە یەكێكیان دەكەوێتە ناوچەی باكووری دیاربەكر و ناوی سلد (سیلبان)ە، ئەو بەنداوە كاریگەریی لەسەر پشكی ئاوی عیراق دروست دەكات، بەو پێیەی بۆ دروستكردنی پرۆژەی ئاودێرییە لە ناوچەی دیاربەركر، ئەوی ترییان بەنداوی جەزرەیە كە بۆ مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكان لە ناوچەی ماردین بەكاردەهێنرێت كە دەكەوێتە نزیك سنورەكانی عیراق توركیا».

زیاب پێیوایە»ئەو دوو بەنداوە، بابەتێكی نیگەرانبەخشن سەبارەت بە پشكی ئاوی عیراق، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی عیراق دەیەوێت لەگەڵ حكومەتی توركیادا بگاتە رێكەوتنێكی رۆشن و راشكاوانە لەبارەی دابەشكردنی ئاوی رووبارەكان بەشێوەیەكی شیاو و دادپەروەرانە».

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق، ئاماژەی بە سەردانەكەی ئەم دواییەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش كرد بۆ توركیا كە تێیدا «باس لەو كاروبارانە كراوە و هەردوولا بڕیاریانداوە زنجیرەیەك چاوپێكەوتن سازبكەن كە لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی داهاتوووە دەستپێدەكات».

مستەفا كازمی سەرۆك وەزرانی عیراق، لە 18ی كانوونی یەكەمی 2020، بڕیاریدا مەهدی ڕەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان وەك نوێنەری خۆی بۆ دۆسێی ئاو لەگەڵ لایەنی توركیا، دیاریی بكرێت.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»لە سۆنگەی بەشداریكردنی مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان لە كۆبوونەوەكانی وەفدی وەزاری بەسەرۆكایەتی كازمی لە توركیا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان بكاتە نێردەی تایبەتی خۆی بۆ دۆسێی ئاو، هاوشێوەی لایەنی توركیا».

هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراقدا هاتبوو»وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان، رێكەوتنێكی لەگەڵ لایەنی توركیادا راگەیاند بۆ سازدانی كۆبوونەوەیەك لە 15ی كانوونی دووەمی داهاتوو، تا دانوستان لەسەر پرۆتۆكۆڵی هەماهەنگی لەبارەی ئاوی دیجلەوە بكرێت كە لەلایەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراقەوە پێشكەشكراوە و رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەر وەرگیراوە و پشكی ئاوی عیراق لە روباری سەرەكی دیجلە لەخۆدەگرێت».

لەم ماوەیەی دواییدا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە یاوەری وەفدێكی وەزاری سەردانی توركیای كرد و چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و ژمارەیەك لە گەورە بازرگانان و وەبەرهێنەرە توركەكان كەوت لە چاوپێكەوتنەكانیشدا، گفتووگۆ لەسەر پرسە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و توركیا كرا لە هەموو بوارەكاندا.

لە مانگی شوباتی 2018، توركیا بەنداوی ئەلیسۆی كردەوە كە بەنداوێكی پیشەسازی زەبەلاحە و لە مانگی حوزەیرانی هەمان مانگدا عەمبارە ئاوییەكانی بەنداوەكەی پڕ كرد.

بەنداوەكە وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد، لەسەر رووباری دیجلە و لە نزیك گوندی ئەلیسۆ دروستكراوە كە دەكەوێتە سەر سنورەكانی پارێزگەی ماردین و شەرناخ لە باكووری كوردستان، و بە یەكێك لەو 22 بەنداوە دادەنرێت كە لەچوارچێوەی پرۆژەی باشووری خۆرهەڵاتی ئەنداوڵدا دەستنیشان كراوە و ئامانج لە بەنداوەكەش بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆلیكییە لەكاتی لافاوەكان و عەمباركردنی ئاو، بە تەواوبونیشی بەنداوەكە بڕی 3.833 كیلۆ وات لە كاتژمێرێكدا فەراهەم دەكات و رووبەرەكەشی 10.4 بلیۆن مەتر سێجایە.

بەنداوی ئەلیسۆ لە ساڵی 2008وە دەست بە دروستكردنی كرا، سەرەتا وابڕیار بوو لە ساڵی 2014دا تەواو ببێت.

وەك بەشێك لە پرۆژەكەش، بەنداوی جەزرە بە هەمان شێوە لەسەر رێڕەوی دیجلە دروستدەكرێت بۆ مەبەستی ئاودێری و فەراهەمكردنی وزە، ئەم بەنداوەش وەك باس دەكرێت، كاریگەریی نەرێنی زۆری دەبێت، بەو پێیەی شورای كیفا دادەپۆشێت و دەبێت دانیشتوانیش چاوچەكە چۆڵ بكەن، لەبەر ئەم هۆكارانەش بەنداوەكە پارەداركردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2008دا لەدەستدا.

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*