سەرەکی » وەرزش » ستادیۆم-ێك بۆ هه‌مووان

ستادیۆم-ێك بۆ هه‌مووان

عەبدولرەحمان ئەحمەد

ئه‌گه‌ر پێوانه‌ی‌ ناسین و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی ستادیۆم وه‌ك بڵاوكراوه‌یه‌كی‌ وه‌رزشیی، له‌لایه‌ك بۆ زۆری ئه‌و ئاپۆره‌ خه‌ڵكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌جیاوازی كه‌ناڵه‌ وه‌رزشییه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵییان له‌گه‌ڵ وه‌رزشدا هه‌یه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بۆ چۆنایه‌تی رۆژنامه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ڕێی دیزاین و ده‌رهێنانی هونه‌ری و نه‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ی، ئه‌مه‌ش له‌هه‌ردوو باردا راستیه‌ك ده‌سه‌لمێنێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بڵاوكراوه‌یه‌ توانیویه‌تی وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك راستییه‌ وه‌رزشییه‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات و بشبێته‌ زمانحاڵی وه‌رزشكاره‌ جدی و موحته‌ریفه‌كان.

لێره‌دا به‌پشت به‌ستن به‌چۆنایه‌تی پۆزه‌تیڤی رۆژنامه‌كه‌ و به‌رفراوانی بڵاوبوونه‌وه‌ی، ده‌خوازم پێشنیازێك بخه‌مه‌ به‌رده‌م(ستادیۆم)، به‌تایبه‌تی‌ بۆ ساڵیادی(كوردستانی نوێ) ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌زیاتر هه‌وڵبدات رۆژنامه‌كه‌ له‌پاڵ ره‌هایی هه‌واڵ و ریپۆرتاژه‌ وه‌رزشییه‌ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كاندا، هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌لێكی تری په‌یوه‌ست به‌وه‌رزش بده‌ن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌رایه‌ڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی و ده‌رونییه‌كانەوە.

وه‌ك ده‌زانرێت وه‌رزش به‌گشتی هه‌ر چالاكی جه‌سته‌یی و كرده‌‌ بینراوه‌كان ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌په‌نایاندا وه‌رزشی ده‌رونی و رۆحیش هه‌یه‌ كه‌وا ده‌كات مرۆڤ ماوه‌ ماوه‌ ناخ و ده‌رونی له‌ناشیرینیه‌كان پاك بكاته‌وه‌ و ببێته‌وه‌ به‌كه‌سێكی مه‌عسوم، بۆیه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زنجیره‌ بابه‌تێك له‌روانگه‌ی كاریگه‌ری وه‌رزش له‌سه‌ر ده‌ورنی و ده‌رخستنی سووده‌كانی وه‌رزش بۆ رایه‌ڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تییه‌كان كارێكی باش ده‌بێت، هه‌روه‌ها واش باشتره‌ بایه‌خ بدرێت به‌ وه‌رگێرانی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ده‌مێكه‌ له‌وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و دونیادا بایه‌خیان پێ ده‌درێت له‌روانگه‌ی پیشه‌سازی دروستكردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیدا، یه‌كێك له‌كه‌ره‌سته‌كانی بریتییه‌ له‌وه‌رزشی ده‌رونی و به‌هێزكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ روحیه‌كانی مرۆڤ له‌ژیاندا .

 79 جار بینراوە