سەرەکی » کەلتوور » سایکۆلۆجیای رۆژانە

سایکۆلۆجیای رۆژانە

دارا ئەنوەر زۆراب / کۆمەڵناس

زیگمۆند باومان بیرمەند و کۆمەڵناسی نوێ لە کتێبی سایکۆلۆجیای رۆژانەدا، دەڵێ مەترسی کۆمەڵگەکان تەنها لەوەدا نیە کە سایکۆلۆجیای گشتی تێک دەچێت، کێشە گەورەکە تێکچونی سایکۆلۆجیای رۆژانەیە. لەم تێکستە سۆسیۆلۆجیەی باومان تێ دەگەین، سایکۆلۆجیای رۆژانە، دۆخی تایبەتی تاک تێک دەشکێنێت و بەمەش دۆخی گشتی وێران دەکات، بەمانایەکی تر ئەوەی ئینسان وێران دەکات سایکۆلۆجیای رۆژانەیە، بەشێوازێک ئینسان وەک تاک دەخاتە ناو فەزایەکی ناجێگیرەوە، بەمەش تاک و کۆمەڵگەت بەشێوازێک بۆ ئاڕاستە دەکات، کاتێک تێکچوونێک لە دۆخی سایکۆلۆجی تاکێک رووبدات، کاریگەری لەسەر گشت دەبێت و بیرو و هزری هەموان داگیر دەکات، بۆ چارەسەر نا، بۆ پرسیارکردن نا لەوەی بۆچی وا روویدا؟ بۆ هەڵوەستە کردنیش نا؟ بۆ وەرگرتنی زانیاریی و رووداوەکانیش نیە؟ ئەی بۆچییە؟

ئەمە پرسیارەکەی «زیگمۆند باومان»ە ئەوەی روودەدات بۆچی روودەدات؟ ئەگەر روونەدات چی دەبێت؟ بۆ دەبێت ئەوا رووبدات؟ ئەمەش رێک ئەم دۆخی ئێستای کوردەکانە، هەموو رۆژێک رووداوێکی تاکەکەسی ئاکت بێت یان زار بێت، خۆی نمایش دەکات کاریگەری لەسەر دۆخی سایکۆلۆجی تاکەکان دروست دەکات، هەموو شتەکان تێ دەپەڕن، بێ ئەوەی پرسیار دروست بێت، ئەم هەموو رووداوە رۆژانەیە لەکوێیەوە دێن؟ کێ دەیکات؟ بۆ وا نمایشی میدیایی دەکرێت، سودمەند و زیانمەندی ئەم رووداوانە کێن؟ ئایا دەکرێت بڵێین رووداوەکان دروست کراون یان واقیعی کۆمەڵگەی کوردین، یان ئەرکی تاک چییە؟ ئایا دەکرێت بە رووداوە رۆژانەییەکان خوێندنەوە بۆ دۆخی گشتی کوردەکان بکەین؟ لە مێژووەکەیان بپرسین؟ یان ئێستایان؟ ئەمانە لەکوێی سەردەم دان؟ ئایا لە سەدەیەکین ناوی سەدەی بیست و یەکە؟ ئایا دەکرێت بوترێت قۆناغی تێربونی ورگیان تێ پەڕاندووە بۆ عەقڵ ؟ ئایا…هتد.

ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارگەلی سۆسیۆلۆجین کە ناتوانین لە ئێستای ژیان و دەسەڵات و حکومڕانی و دۆخی تاک و رووداوەکانی سیایکۆلۆجی رۆژانەی کوردەکان وەڵامیان بدەینەوە، بەڵام گرنگە پرسیارییان لەسەر دروست بکەین. چونکە لە کۆمەڵگەی کوردی هیچ ئاکت و کردارێکی جێگیر نیە، هیچ ناو لێنانێکی زانستی ناتوانرێت بکرێت بۆ سایکۆلۆجیای رۆژانەی تاکەکان و سایکۆلۆجیای گشت، ناساندنی خودی کۆمەڵگەکە و مانەوەی لە دۆخی فیوداڵیەت و بێ شوناسی ئایندەی بۆ کرانەوەی دونیای پێشکەوتوو مۆدێرن بەمانا مەعنەوییەکەی نەک مانا مادییەکەی بونی نیە، لەگەڵ ئەوەش دا نەبونی سیستەم و حکومڕانی و بونی دەسەڵاتی نەریتی بەمانا ماکس ڤێبەرییەکەی، وای کردووە، هێشتا کۆمەڵگە و دۆخە سایکۆلۆجیا رۆژانەکەی لە دۆخی ئێستا بە دەگمەن پرسیاری دروست کردووە، چ جا ئەوەی چاوەڕوانی وەڵام بین بۆ دۆخەکە.

لێرەش ئەوەی هەیە بەمانا زیگۆند باومان، بۆ کۆمەڵگەی کوردەکان مانەوەی ئینسانە لە دۆخی سروشتی دا و هیچی تر.

 104 جار بینراوە