سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » هاوڕێکە‌ی مام جه‌لال و كورد ده‌چێته‌وه‌ كۆشكی سپی…

هاوڕێکە‌ی مام جه‌لال و كورد ده‌چێته‌وه‌ كۆشكی سپی…

هاوڕێکە‌ی مام جه‌لال و كورد ده‌چێته‌وه‌ كۆشكی سپی ئایا له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ 2009یه‌؟

جۆ بایدن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نزیكه‌كانی‌ مام جه‌لال و كورد، له‌ چه‌ندان دیداردا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لال، جۆ بایدن نه‌یشاردۆته‌وه‌ کە پێویسته‌ پرسی كورد چاره‌سه‌ربكرێت.

له‌ ساڵی 2012شدا كاتێك سه‌رۆك مام جه‌لال باری‌ ته‌ندروستی تێكده‌چێت و ده‌گه‌یه‌نرێت به‌ نه‌خۆشخانه‌، هێشتا «جۆ بایدن» جێگری‌ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكایه‌، ئه‌و كات نامه‌یه‌كی دڵته‌نگی و غه‌مباریی‌ بۆ مام جه‌لال ده‌نێرێت و به‌م تێبیینیه‌ ده‌ست پێده‌كات: «تكایه‌ هاوڕێی ئازیزم چاك ببه‌رەوه‌، ئێمه‌ پێویستمان پێته‌. نیشتمانه‌كه‌ت پێویستی پێته‌، تۆ پیاوێكی ژیریت»

ئه‌مڕۆ مام جه‌لال به‌جه‌سته‌ له‌ناوماندا نییه‌ و جۆ بایدنیش وا ده‌چێته‌وه‌ كۆشكی سپی. به‌پێی عورفی قانونی و سیاسی له‌ ئه‌مریكادا، دوای‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، هه‌ر كاندیدێك براوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت، ئه‌وا به‌ نزیكه‌ی‌ دوو مانگ و نیو له‌ دوای‌ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنەکە ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا و ده‌ستبه‌كار ده‌بێت. ئێستا به‌پێی ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مریكا‌، جۆ بایدن» كاندیدی براوه‌ی‌ دیموكراته‌كان له‌ 20/1/ 2021 وه‌ك 46هه‌مین سه‌رۆك له‌ مێژووی‌ ئه‌مریكادا ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

ده‌ستبه‌كاربوونی جۆ بایدن وه‌ك سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا چاوه‌ڕوانی‌ زۆری لێده‌كرێت و وڵاتانی‌ جیهان پێیانوایه‌ ئیداره‌كه‌ی‌ بایدن گه‌لێك جیاواز ده‌بێت له‌ چوار ساڵی رابردووی‌ ئیداره‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ، چونكه‌ یه‌كه‌میان نوێنه‌ری‌ دیموكراته‌كان و دووه‌میشیان نوێنه‌ری‌ كۆمارییه‌كان بوو، ئه‌م دوو سیاسه‌ته‌ ئه‌مریكاییه‌ش به‌درێژایی مێژوو، هه‌ڵگری‌ دوو دیدگای جیاواز بوون بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و مامه‌ڵه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ پێشهات و رووداوه‌كاندا. هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی «جۆ بایدن» بۆ كۆشكی سپی وه‌كو كه‌سی یه‌كه‌م، ئه‌وا وڵاتانی‌ جیهانیش مافی سیاسیی خۆیانه‌ به‌دیدگای‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له‌م سه‌رۆكه‌ نوێیه‌ بڕوانن، وه‌ك چۆن له‌ به‌رامبه‌ردا بایدنیش كه‌ رووی سیاسیی ئه‌مریكا ده‌بێت و له‌ لوتكه‌ی‌ هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌دا ده‌وه‌ستێت بۆ چوار ساڵ یان زیاتر، ئه‌ویش به‌دیدی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا یاخود جه‌مسه‌ربه‌ندیی سیاسی و گۆڕانكارییه‌كان ئاراسته‌ی‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا دەکات.

یه‌كێك له‌و ناوچه‌ و میلله‌تانه‌ی‌ كه‌ چاویان له‌ جۆ بایدن و ئیداره‌كه‌یه‌تی، به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ ئه‌مریكا و سه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌یان نزیك بن، یان ته‌نانه‌ت كاری‌ سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شیشیان پێكه‌وه‌ هه‌بێت، كورده‌.

وه‌ك پێشتریش وتمان، جۆ بایدن یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تی و سیاسییه‌ ئه‌مریكییانه‌ی‌ كه‌ نامۆ نییه‌ به‌ كورد و ئاشنایه‌تییه‌كی باشی به‌ دۆزی ره‌وای‌ گه‌لی كورد هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و توندوتۆڵیشی له‌گه‌ڵ خودی سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌بووه‌. به‌وپێیه‌ی‌ ساڵانێك وه‌ك جێگری‌ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆشكی سپی كاری‌ كردووه‌، زۆر پرسی له‌ یاداشته‌كانیدا تۆماركردووه‌ و له‌ كات و ساتی دیكه‌دا له‌باره‌یه‌وه‌ دواوه‌ یاخود لینكی ئه‌و پرسانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كۆشكی سپی گرێداوه‌ و خۆی وه‌ك خه‌مخۆرێكی گه‌لانی‌ جیهان و ماف و ئازادییه‌كانیان بینیووه‌ و رێزی له‌ خه‌باتی هه‌موو ئه‌و گه‌ل و میلله‌تانه‌یش گرتووه‌ كه‌ له‌ژێر ته‌پوتۆزی سوپای داگیركه‌راندا كه‌وتوونه‌ته‌ په‌له‌قاژێی مه‌رگ.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كورد له‌ رابردوودا «ته‌نها چیاكانی به‌ هاوڕێی خۆی زانیووه‌«، به‌ڵام جۆ بایدن به‌ته‌نیشتی ئه‌م بڕوایه‌دا، دۆستێكی دیكه‌ش بۆ كورد زیاد ده‌كات و له‌ ساڵی 2009 دا وه‌ك جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ یه‌كێك له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لال – دا ده‌ڵێت: «ته‌نیا چیاكان دۆستی كورد نین، به‌ڵكو ئه‌مریكای‌ به‌توانا و به‌هێزیش دۆستی كورده‌«.

كوردستانی‌ نوێ له‌ ژماره‌ 4918 ی ر‌ۆژی 9/ 7/ 2009 له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی‌ لاپه‌ره‌ی یه‌كه‌مدا به‌مانشێتێكی گه‌وره‌ و به‌ناونیشانی (جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا: «ته‌نیا چیاكان دۆستی كورد نین، به‌ڵكو ئه‌مریكای‌ به‌توانا و به‌هێزیش دۆستی كورده‌)، هه‌واڵه‌كه‌ی‌ به‌مجۆره‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ (له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق، رۆژی 7/7، جۆ بایدن جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ته‌نیا چیاكان دۆستی كورد نین، به‌ڵكو ئه‌مریكای‌ به‌توانا و به‌هێزیش دۆستی كورده‌».

له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا، سه‌رۆك مام جه‌لال و جۆ بایدن ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر بایه‌خی په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی‌ نێوان ئه‌مریكا و عیراق و پته‌وكردنی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌.

هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا، جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ به‌بیر هێنایه‌وه‌، كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆك تاڵه‌بانی وتبووی، گه‌لی كوردستان به‌ ته‌نیا چیاكانی‌ كوردستان دۆستیانن، له‌وباره‌یه‌وه‌ جۆ بایدن به ‌سه‌رۆك تاڵه‌بانی وت: من ئێستا بۆتانی‌ دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا چیاكان دۆستی كورد نین، به‌ڵكو ئه‌مریكای‌ به‌توانا و به‌هێزیش دۆستانن).

ساڵی 2009 كه‌ «جۆ بایدن» ته‌له‌فۆن بۆ سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌كات، ئه‌وكات جێگری باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووتری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا بووه‌ و بێگومان ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بووه‌ بڕیاری گران و چاره‌نووسساز له‌باره‌ی‌ پرسی كورده‌وه‌ بدات، به‌ڵام ئیدی جۆ بایدن ده‌بێته‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ هه‌موو جۆره‌ بڕیارێك بدات له‌باره‌ی‌ پرسی كورده‌وه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستاندا. له‌و ماوه‌یه‌دا تائێستا، جۆ بایدن پرسی كوردی له‌ بیرنه‌كردووه‌ و له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكادا له‌هه‌ر كوێیه‌ك جۆ بایدن پرسی داعشی‌ بوروژاندایه‌، ده‌یوت: «ده‌بێت ئێمه‌ كورده‌كان له‌بیر نه‌كه‌ین كه‌ هاوكارێكی باشی ئه‌مریكا بوون له‌ تێكشكاندنی داعشدا»، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای‌ پرسیاره‌ و ده‌كرێت تا ئه‌ندازه‌یه‌ك وه‌ك دوو دڵی وه‌ریبگرین ئه‌وه‌یه‌: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال ژیانئاوایی كردووه‌ و لێره‌نییه‌، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی‌ له‌گه‌ڵ جۆ بایدن بكات و پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی لێبكات، ئه‌ی‌ ئایا جۆ بایدن له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ 2009ی خۆیه‌تی كه‌ خۆی و كۆشكی سپی به‌ دۆستی دووه‌می كورد بزانێت؟

ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی‌ كه‌ جۆ بایدن وه‌ك جێگری‌ سه‌رۆك له‌ كۆشكی سپی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا كه‌ خودی بایدن سه‌رۆكه‌، مێژوویه‌كی زۆر كه‌وتۆته ‌نێوانیانه‌وه‌ كه‌ 12 ساڵه‌، ئه‌گه‌ر گریمانه‌یه‌ك دابنرێت كه‌ جۆ بایدن ئه‌م قسه‌یه‌ی‌ بیرنه‌چووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌دۆستی كورد ده‌زانێت، ئه‌وا هێشتا بۆ كورد به‌س نییه‌ به‌ خۆشخه‌یاڵی و هه‌مان دیدی 12ساڵ پێش ئێستاوە چاوه‌ڕێی جۆ بایدن بكات تا په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورده‌وه‌ بكات و دۆستایه‌تی‌ ئه‌مریكا بۆ كورد دووپات بكاته‌وه‌.

كێشه‌ی‌ كورد له‌زه‌مه‌نی‌ جۆ بایدندا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لینكی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییەكانی‌ كورد به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ و ئه‌مریكاوه‌ بڕاوه‌ و ئێستا كورد خاوه‌ن هه‌مان لینكی جاران نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كه‌ زه‌مه‌نێك هه‌بوو له‌ سایه‌ی‌ دپلۆماسییه‌ت و سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی مام جه‌لال دا هه‌یبووه‌. بچڕانی ئه‌م لینكه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ له‌دوای‌ ژیانئاوایی مام جه‌لال، كورد ماكینه‌ی‌ سیاسه‌تێك ده‌ئاژوێت پێچه‌وانه‌یه‌ به‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا.

رەنگە ئه‌مڕۆش كورد بتوانێت پەیوەندیی بۆ پیرۆزبایی لە سەرۆک بایدن بکات بەڵام رەنگە وەک سەردەمی سەرۆک مام جەلال نەبێت کە بەدەم پیرۆزباییەوە ئەو بیره‌وه‌رییه‌‌شی بیربخاته‌وه‌، بۆیە دەبێت بەرلەوەی گلەیی لە بایدن بکەین، کورد بۆخۆی سەرۆکێکی وای هەبێت کە پیرۆزباییشی لێبکات و ئەو گفتەشی بیربهێنێتەوە.

له‌م ئانوساته‌دا كه‌ جۆ بایدن ده‌گاته‌ كۆشكی سپی، كێشه‌ی‌ كورد ئه‌وه‌یه‌ كه سەرکردایەتییەکەی‌ هەوڵبدات لەجیاتی هەڵهێنانی هەنگاوێکی نا مەدروسی وەک ریفراندۆم، هانی ئەمریکا بدات كه‌ راستگۆیانە لەخەمی دۆزینەوەی چارەسەرێکی واقعیدا بێت بۆ دۆزی کورد بە جۆرێک کە ئیحراجی بۆ خۆشی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی دروست نەکات کە دراوسێی عیراقن و مافی کوردیش لە ناوچەکە گەرەنتی بکات و ئەو دەستەواژە تەقلیدییانە تێپەڕێنێت کە لە سەدەی رابردووەوە سەبارەت بە کێشەی کورد دەوترێتەوە، بەڵام ئاخۆ بایدن ئه‌و تێگه‌شتنه‌ی‌ بۆ كورد هه‌یه‌ کە سه‌ره‌ڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ نامه‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ كورد سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم، جارێكیتر ئەو چانسە دەداتەوە بەکورد تا بگەڕێتەوە ناو گەمە سیاسییە هه‌رێمایه‌تی و جیهانییه‌كان و له‌ شانسی كورد یارییه‌كی قورس بكات؟

كارێكی قورس نییه‌ بردنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ پرسی كورد له ‌ئیداره‌كه‌ی‌ جۆ بایدن-دا، له‌كاتێكدا پرسی كورد پێشتر له‌ كۆشكی سپیدا گه‌نگه‌شه‌كراوه‌ و جۆ بایدن خۆی به‌ لایه‌نداری‌ ئه‌و پرسه‌ زانیووه‌ و ویستوویه‌تی بۆچۆنێكی نزیک لە كوردی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌ستكاری بكات كه‌ كورد به‌س چیاكان دۆستی بن، كه‌واته‌ بۆ ئێستا هه‌مان قورسی سێ بۆ چوار ده‌یه‌ پێشتری‌ نابێت تا ئه‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ نوێیه‌كه‌ی‌ كۆشكی سپی باس بكرێت.

ده‌ركه‌وتنی جۆ بایدن له‌ كۆشكی سپی و فره‌ ناوهێنانی‌ كورد له‌ وتارەکانیدا و په‌یوه‌ندیی پته‌وی مێژوویی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مام جه‌لال و به‌م دواییانه‌ش پیشاندانی‌ كورد وه‌ك پاڵه‌وانی‌ شه‌ڕی داعش و هاوكارێكی به‌رده‌وامی‌ ئه‌مریكا، له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌ستبه‌كاربوونی چه‌ند كه‌سایه‌تیی و دپلۆماتكارێكی ئه‌مریكی نزیك له‌ كورد له‌ ئیداره‌كه‌ی‌ بایدن دا، ده‌رفه‌تێكه‌ و ده‌كرێت كورد به‌گشتی سوود له‌م ئیداره‌ نوێیه‌ وه‌ربگرێت، ده‌كرێت ئه‌وه‌ی‌ به‌ هه‌ڵه‌ی‌ سیاسی یاخود به‌ حیساب بۆ نه‌كردنی ئه‌مریكا له‌ ئیداره‌ی دۆناڵد ترامپدا كورد ئه‌نجامی دا وه‌ك مه‌سه‌له‌ی‌ «ڕیفراندۆم»و باری‌ سیاسی كوردی له‌ عیراق و لای ئه‌مریكا لاركرد له‌ئیداره‌كه‌ی‌ جۆ بایدندا ڕاست بكرێته‌وه‌ و له‌ مه‌نفه‌زی جیاواز و ده‌رگای جیاوازی‌ پرسه‌ هه‌ستیار و باوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ كورد بچێته‌وه‌ كۆشكی سپی!

 290 جار بینراوە