سەرەکی » ئاراستە » سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

بیره‌وه‌ریی شه‌ڕی دژی داعش

سەرهەڵدانی داعش لە عیراق

وه‌ستا ره‌سوڵ

ئه‌م زنجیره‌ نووسینه‌ كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ دا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا پڕۆژه‌ی كتێبێكه‌ تایبه‌ت به‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆم له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا.

به‌ پێویستی ده‌زانم داوای لێبووردن بكه‌م له‌ ئه‌گه‌ری بیرچوونی رووداوێك، یاخود هه‌رشتێكی تایبه‌ت به‌و باسه‌، بۆیه‌ داواكارم له‌ هه‌ڤاڵان و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی لەم رووه‌وه‌ هه‌ر سه‌رنج و بیرهێنانه‌وه‌و پێشنیازێكیان له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بوو، بۆم بنێرن تاكو له‌ كتێبه‌كه‌دا جێگه‌ی بكه‌مه‌وه‌.

(22)

لە (18ی نیسان) کاتژمێری (12)ی شەو تیرۆرستانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نزیک گوندی بەشیر، پاش شەڕێکی گەرم توانیان هێزەکەی دوژمن بشکێنن و شۆفڵێکی بۆمبڕێژکراویان تەقاندەوە و هەردوولایان زیانیان هەبوو.

له (‌19نیسانیش) کۆبووینەوە لەگەڵ فەرماندەی لیواکان و هەڤاڵ دکتۆر نەجمەدین و تیمی ئەمریکییەکان لەبارەگای شێخ جەعفەر کە خۆی لەسەفەر بوو، من سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەم کردو بەمشێوەیە نەخشەی رزگارکردنی بەشیرم بۆ باسکردن:

لای راستەوە لیوای (3)ی تایبەت و هێزی دژەتیرۆر..(لە دوایدا هێزەكانی دژە تیرۆر بەشداریان نەكرد).

لای چەپەوە هێزەکانی فریاکەوتن.

هێزەکانی فیرقەی عەباس و لیوای (16)ی حەشدی شەعبی دوای ڕزگارکردنی گوندەکە ئەرکیان پێ بسپێردرێت، هەمووان لەسەر نەخشەکە کۆک بووین، ئەم نەخشەیە بوو بەنەخشەی بنەڕەتی و کاری پێکرا.

لە (24ی نیسان) شەڕوپێکدادان لەناو شاری (دوز) دەستیپێکرد، دیاربوو شەڕەکە بێ بەرنامە لە نێوان حەشدی شەعبی و گەنجانی کورد و تورکمان ڕوویدا، شەو هێزەکەی شێخ جەعفەر بەرەو دوز بەڕێکەوتن، بەیانیەکەی شەڕ گەرم تربوو، شەلال عەبدول قەیمقامی دوز بەتەلەفۆن پەیوەندی پێوەکردم ووتی: بارودۆخ زۆر ئاڵۆزە، پاشان ئەبوسائیر و شێخ مەیسەم کە دوو بەرپرسی حەشدی شەعبین داوایان لێمکرد بچم بۆ دوز و هەوڵ بدەین شەڕەکە ڕابگرین، پێم ووتن، لەبەر دۆخی کەرکوک ناتوانم بێم، لەوکاتەدا هەڤاڵ ئاسۆ مامەند لە سەفەر بوو، نەمویست کەرکوک بەجێ بهێڵم، شەڕەکە گەورەتربوو، هەڤاڵ عەبدوڵا بۆر فەرماندەی میحوەری دوز هێزەکانی جووڵاند بەرەو ناو شاری دوز، تا دەهات شەڕ گەرم دەبوو، زیانی زۆری گیانی و ماڵی گەیاند بەهەردوولا و بە خەڵکی مەدەنی، (6) فەرماندە و پێشمەرگە شەهید بوون و (25) کەس لە حەشدی شەعبی کوژران.

شەڕی رزگارکردنی بەشیر
لە (26ی نیسان) تایبەت بەڕزگارکردنی گوندی بەشیر لەگەڵ تیمی ئەمریکییەکان کۆبووینەوە ووتیان، ماوەی سێ ڕۆژ بۆردومانی تەواوی سنوورەکە دەکەین،لەم کۆبوونەوەیە بڕیاردرا هێزەکانی فریاکەوتن لە قۆڵی چەپەوە لە تەلئەحمەد تا تەل چۆل پاک بکەنەوە.بۆ بینینی سنوورەکەی فەرماندەکانی هێزەکانی فریاکەوتن بە فەرماندەیی لیوا کاکەمەند حاجی کاکەرەش و لیوا رەمازان دێکۆنی و لیوا عومەر محەمەد ساڵح بەڕێ کەوتن بۆ شوێنی دیاری دراوی خۆیان .

لە (28ی نیسان) بۆمن رۆژێکی خۆش بوو لەلایەک یادی لەدایکبوونی شکاری کوڕم بوو، لەلایەکی تر بڕیارماندابوو کە رەنای کچی عەمید نوری، کە هاوڕێیەکی دێرینی خۆم بوو فەرماندە و پێشمەرگەیەکی ئازابوو، لەڕزگاری شاری کەرکوک دووبرای قارەمانی شەهید ببوون، کە ئەوانیش شەهید (عەبدولرەزاق) ئەندامی فەرماندەی گشتی و لێپرسراوی رێکخراوی دووی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوو، لە گوندی باجوان شەهیدبوو، هه‌روه‌ها شەهید (خولە)ی برای فەرماندەی تیپ لەهێزەکانی بروسک لەکەلی سێکانیان شەهیدبوو، بۆمن شەرەفێکی گەورەبوو ژنم لەو خێزانە بۆ شکاری کوڕم خواستووە، لەبەرئەوەی شەڕی بەشیرمان لێ نزیک دەبووەوە، دەبوو کاری گواستنەوەکە بەزووی جێبەجێ بکەین، هەربۆیە بڕیارماندا بەئاهەنگێکی خێزانی بچووک شەوەکەی ڕەنا خان بگوازینەوە بۆ شکاری کوڕم کە بەڕاستی زۆرم خۆشدەوێت.

له‌ (29 نیسان) گەڕاینەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی فیرقەی عەباس و فەرماندەکانی لیوای (16)ی حەشدی شەعبی، کە بەندە و لیوا هیوا رەش و عەمید ڕوکن ئاراس بووین.

1 ـ بەڕاشکاوی پێم ووتن، ئێوە بەشداری شەڕەکە ناکەن.

2 ـ نابێت هیچ جۆرە ئاڵایەکی حزب هەڵدەن.

3 ـ دوای ڕزگارکردنی ئێوە دەچنە ناو گوندەکەوە.

4 ـ پێکەوە گوندەکە دەپارێزین.

ئەوان بەلایانەوە قورس بوو کە دوای (24) کاتژمێر بچنە ناو گوندی بەشیرەوە، پاشان بەوەش ڕازی بوون، هەر ئەو رۆژه‌ دوایین کۆبوونەوەمان لە سەر رزگارکردنی گوندەکە لەگەڵ فەرماندەکان کرد، بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر و تیمی ئەمریکییەکان. هەندێ گۆڕانکاری هاتەپێشەوە لە بەشداریکردنی هێزەکان و هێزی دژەتیرۆر بەشداری شەڕیان نەکرد.

بەمشێوەیە بڕیاری کۆتایی درا، کە وەستا رەسوڵ سەرپەرشتی قۆڵی چەپ بکات.

هێزەکانی لیوای (3) و هێزە تایبەتەکەی شێخ جەعفەر و هێزە تایبەتەکەی مەڵبەندی کەرکوک و هێزی تایبەتی میحوەر و بەشێک لە هێزەکانی پشتیوانی دوو، لە قۆڵی ڕاستەوە بۆ گوندی مەزرەعەی دەولە و لەوێوە بەرەو گوندی ئەلبومەفرەج و لەسەرووی گوندی بەشیرەوە بچنە ناوەوە.

لە قۆڵی ڕاستەوە لیواکانی (3)ی پاسەوانی سلێمانی بە فەرماندەیی لیوا عومەر و لیوای شارەزوور بەفەرماندەیی لیوا ڕەمەزان دێکۆنی، بەرگری و فریاکەوتن بە فەرماندەیی لیوا کاکەمەند حاجی کاکەرەش هێرش بکەن.

بڕیاردرا ڕۆژی (30ی نیسانی 2016) کاتژمێر (5:30) بەیانی هەموو هێزەکان لەشوێنی خۆیان ئامادەبن، هەڤاڵ ئاسۆ مامەند و هەڤاڵانی مەڵبەند، ئەرکی هێنانی شۆفڵ و حەفارەیان گرتبووە ئەستۆ، جگە لەوەی هێزە بەشداربووەکانیش شۆفڵی خۆیان پێبوو.

عەقیدێکی هێزەکانی ئەمریکا کە لەبەغدادەوە هاتبوو لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوو، زۆر سوپاسی کردین کە رێگەمان داوە لەو شەڕە بەشداربێت، ووتی، ماوەی سێ رۆژ فڕۆکەکان لە ئاسمانی ناوچەکە دەبن، ئەمریکییەکان بەگشتی لە شەڕەکە زۆر لەدڵەڕاوکێدابوون، پێیانوابوو زیانی گەورە دەکەین، بەتایبەت لەگوندی ئەلبومەفرەج شەڕی قورسمان تووش دەبێت.

هەر هەمان ڕۆژ کاتژمێر چواری بەرەبەیان بەهێزەوە چوومە سەنگەرەکانی پێشەوە لەگوندی قەرەیاڵ، کاتژمێر (5:30) بەیانی هێزەکان سەنگەری خۆمانیان بڕی و بەرەو سەنگەرەکانی دوژمن بەڕێ کەوتن، لە دوو قۆڵەوە هێزەکانمان جووڵاند:

1 ـ لە سەر ڕێگای قەرەیاڵ بۆ مەزرەعەی دەولە.

2 ـ لای ڕاستی گوندەکەوە بۆ مەزرەعەی دەولە، هێزەکان لە مەزرەعەی دەولە تووشی شەڕبوون، بەتایبەتی چەند مەفرەزەیەک بەفەرماندەیی عەمید ڕوکن زاتیار شەقڵاوەیی لەلیوای (3) ی تایبەت و هێزێکی لیوای دوکان، من لەگەڵ لیوا شەمسەدین و عەمید عیماد چووینە لایان، بە ئالیات و زرێپۆش و تانکەوە، لە ڕێگا بۆمبمان پیاتەقییەوە و چەند بریندارێکمان دا. لەکۆتاییدا توانیمان کاتژمێر (نۆ)ی بەیانی ئەو گوندە ڕزگاربکەین و دوژمن تێکبشکێنین، پاشان بەرەو گوندی ئەلبومەفەرج کەوتینە ڕێ، زۆر دواکەوتین لەبەرئەوی ڕێگامان هەڵەکرد، بۆ ئێوارە کاتژمێر (حەوت) گەیشتینە نزیکی گوندەکە.

لە قۆڵی ڕاستەوە هێزەکانی فریاکەوتن گەیشتنە ناو گوندی بەشیر، بەشیر گوندێکی زۆر گەورەبوو، لاکێشەیی هەڵکەوتبوو، لە پێشەوە و لای ڕۆژئاوای گوندەکە شەڕ بەردەوام بوو، فڕۆکەکان ناو گوندەکەیان بەچڕی بۆردومان دەکرد، ئەمڕۆ ئامانجەکانمان پێکا، ئەگەرچی لەگەڵ هەڤاڵ ئاسۆ مامەند تووشی دەنگەدەنگ بووین، لەڕاستیدا من باجی عەمید ئەیوب فەرماندەی لیوای (3)مدا، وەکو پێویست نەبوون ئەو رۆژە، من سووربووم لەسەر ئەوەی شەڕە گەورەکە بخەینە ڕۆژی دوایی، پاشان هەروامان کرد و عەمید ئەیوب و هێزەکەیان دەوری قارەمانەیان گێڕا، هه‌ڤاڵ شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌مه‌یدانی جه‌نگه‌كه‌دا سه‌رپه‌رشتی هێزه‌كانی خۆیانی ده‌كرد.

لە (1ی ئایاری 2016) کاتژمێر (6)ی بەیانی هێزەکانم جووڵاند بەرەو گوندی ئەلبومەفرەج، کە نزیکەی یەک کاتژمێر دەبوو فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لێیان دەدا، شەوەکەی چوومەلایان و داوام لێکردن بۆردومانی چڕوپڕی سەنگەرەکانی دوژمن بکەن، لەبەرئەوەی دەوری گوندەکەیان کردبوو بەژێرزەمین و لە ناو خانووەکانەوە بەتونێلا هاتووچۆیان دەکرد.

هێزەکانمان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک جووڵەیان دەستپێکرد، کاتژمێر (7)ی بەیانی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان لەڕێگای ابو مفره‌ج بۆ ناو گوندەکە ڕووبەڕووی هێزەکانمان کردەوە، مولازم ئاکام فەرماندەی هێزی کۆماندۆ سەرپەرشتی دەکرد، هێزێکی پشتیوانی دوو بەفەرماندەیی لیوا روکن شەمسەدین و عەمید سیروانە رەش لەقۆڵی ڕاستەوە بەپشتی مەزرەعەی جاسم ئەلوردیەوەو لیوای (3) و هێزێکی پشتیوانی دوو بەفەرماندەیی لیوا ئەیوب و عەمید سوبحی چوونە پێشەوە، کاتژمێر (8) هێزەکانمان بەبێ زیان کۆنترۆڵی گوندی ئەلبومەفرەجیان کرد، سەرکەوتنی یەکجاریم لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ڕاگەیاند.

لەم شەرەدا بۆم دەرکەوت کە هێزەکانمان شارەزایی زۆر باشیان لە شەری داعش هەیە کاتێ ئۆتۆمبیلی بۆمبرێژکراویان بۆ هات بە سێ چەک توانیان بیشکێنن.

ڕزگارکردنی گوندەکانی (بەشیر، ئەلبومەفرەج، مەزرەعەی دەولە، مەزرەعەی جاسم وەردە، ئیمام رەزا)، دەنگ و سەدایەکی گەورەی دایەوە، بەتایبەتی لە ئەلبومەفرەج تەرمی (12) کەس لە شیعەکانمان دایەوە دەستی کەسوکاریان کە سەر بەفیرقەی عەباس بوون پێشتر لەهێرشێکدا بە جێیان هێشتبوو، ئەم شەڕە جگە لەهێزی پێشمەرگە هیچ هێز و لایەنێکی تر بەشدارییان تیانەکرد، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە بەشداربوون.

 219 جار بینراوە