سەرەکی » راپۆرت » ئۆپەراسیۆنی نوێی توركیا لە هەرێم

شرۆڤەی رۆژ

ئۆپەراسیۆنی نوێی توركیا لە هەرێم

هەواڵ و بەدواداچوون

بەپێی ئەو هەواڵانەی بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاویانكردۆتەوە «توركیا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنێكی نوێی سەربازی لە هەرێمی كوردستان بكات». سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت «رەنگە لە پڕ شەوێك لە شنگال بین»، ئەم لێدوانەی سەرۆكی توركیا دوای سەردانەكەی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دێت بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان.

ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان نوێ نین، بەڵام ئەوەی نوێیە لەو پرسەدا ئەگەری هەماهەنگییەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە، بەم هەماهەنگییەش، توركیا بێ هیچ لاری نەبوونێكی ئەو دوولایەنە، ئەگەر ئێستا بە قووڵایی 70 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێمدا بێت، ئەوا ئەو قووڵاییە و پێگە سەربازییەكەی توركیا لە ناو قەوارەی سیاسی و جوگرافیی هەرێمدا، زیاتر دەبێت.

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لە ژێر هەر ناوێكدا بێت، دواجار ئەوان دێنە ناو خاكی هەرێم، كە ئەمە مەترسییەكی گەورەیە لە سەر قەوارەی سیاسیی هەرێم. سەرۆك كۆماری توركیا لە یەكێك لە وتارەكانیدا دەڵێت «سوپای توركیا لە هەر كوێ بێت، ئەوێ خاكی توركیایە». لە هەرێمی كوردستان، توركیا 59 بنكە و پێگەی سەربازیی هەیە. ئایا توركیا لە دوای نەمانی «مەترسی ئەمنی» لە هەرێم دەكشێتەوە؟. ئەمە پرسیارێكە دەبێت لێپرسراوانی هەرێم بیرێكی جددی لێبكەنەوە.

بەغدا بۆچی بە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا رازیی دەبێت؟ ئەم پرسیارەش دیسانەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرس و ئەگەری لاوازكردن و لەباربردنی قەوارەی سیاسیی هەرێم، لە دوای ریفراندۆمەوە، كە لە هەلومەرجێكی نالەبار و بێ پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز، كرا.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا دوای گەڕانەوەی وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی لە عیراق، هەواڵی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی نوێی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا راگەیاند. ئەم بەهارە ئەگەری هەیە ئۆپەراسیۆنەكە بە بیانووی»مەترسی ئەمنی» دەستپێبكات، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسیی زۆرە ئەوەیە، كە قەوارەی سیاسی و جوگرافیی هەرێم، لە دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە و زیادبوونی هەژموونی توركیاوە بە كوێ دەگات و ئامانجی شاراوەی توركیا لە هەرێم كەی روون دەبێتەوە؟.

 188 جار بینراوە