سەرەکی » وەرزش » بیلاروسیا مۆندیالی هۆكی لێسەندرایەوە

بیلاروسیا مۆندیالی هۆكی لێسەندرایەوە

دواجار یەكێتی نێودەوڵەتی هۆكی سەر سەهۆڵ چووە ژێر باری گوشاری وەرزشكاران و سپۆنسەرانی مۆندیالی هۆكی سەر سەهۆڵ و مافی میوانداری كردنی مۆندیالی 2021ی لە بیلاروسیا سەندەوە كە بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەستپێبكات.

یەكێتییەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە ئەستەمە لەمساڵدا بتوانرێت سەلامەتی وەرزشكاران و هاندەران لە كاتی مۆندیال لە بیلاروسیا دابین بكرێت.

وابڕیاربوو مۆندیال لەنێوان 21/5 تا 6/6 لە بیلاروسیا و لاتفیا بەڕێوەچێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئەو وڵاتە لە رووی ئەمنی سیاسی دواجار بڕیاردرا مافی میوانداریكردن لە بیلاروسیا بسەنرێتەوە.

لەدوای هەڵبژاردنەوەی ئەلیكساندەر لۆكاشنكۆ بە سەرۆكی وڵاتەكە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو رۆژانە دەیان هەزار كەس خۆپیشاندان دەكەن بۆ ئەوەی دەستلەكاربكێشێتەوە و ئۆپۆزسیۆنیش لەو وڵاتە بڕیاری یەكێتییەكە بە سەركەوتن ناودەبات.

لەماوەی رابردووش سەرۆكی بیلاروسیا داوای لە یەكێتییەكە كرد گوێ لەو گوشارە نەگیرێت كە بۆ لێسەندنەوەی مافی میوانداریكردن لەسەر یەكێتییە دروستبووە، بەڵام وەرزشكار و سپۆنسەرەكان كاریگەرتر بوون.

چەندین كۆمپانیای سپۆنسەر بە یەكێتیەكەیان راگەیاندوە ئەگەر بێت بیلاروسیا میوانداری مۆندیال بكات ئەوا لە سپۆنسەری كردنی پاڵەوانێتییەكە دەكشێنەوە چونكە پێیان وایە ئەو وڵاتە مافی مرۆڤی پێشێل كردوە.

 83 جار بینراوە