سەرەکی » ئابووری » لیژنەی دارایی دەستكاری پشكی هەرێم لە بودجەدا دەكات؟

وەفدی هەرێم داتا و زانیارییەكان بۆ لیژنەی دارایی دەخاتەڕوو

لیژنەی دارایی دەستكاری پشكی هەرێم لە بودجەدا دەكات؟

راپۆرتی: ئەركان جەبار

وە‌فدی حكومە‌تی هە‌رێم تەواوی داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران. هاوكات بەپێی زانیاری میدیا عیراقیەكان، لیژنەی دارایی بڕیاری داوە كە بودجەی گشتی لە نزیكەی 173 تریلیۆن دینارەوە بۆ 130 تریلیۆن دینار كەم بكاتەوە.

هەرێم داتاكانی خستۆتە بەردەم لیژنەكە
سە‌میر هە‌ورامی وتە‌بێژی رە‌سمی جێگری سە‌رۆكی حكومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگە‌یاندوە، لە‌كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، بە ‌وردی گفتوگۆ لە‌بارە‌ی داهات و خە‌رجییە‌كان بە‌ ژمارە‌ كراوە.

وتیشی: «هە‌موو ئە‌و داتا و زانیاریانەی كە تایبەت بوون بە هە‌رێمی كوردستان، بۆ لیژنە‌ی دارایی خراونە‌تەڕوو. كۆبوونە‌وە‌كانیش بە‌ردە‌وام دە‌بن بۆ ئە‌وە‌ی رێكە‌وتنی مانگی 12ی 2020ی حكومە‌تی هە‌رێم و فیدراڵ لە‌ بودجەی 2021دا بچە‌سپێت».

داواكارییەكانی لیژنەی دارایی
سەبارەت بە چارەنووسی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی 2021ی عیراق، پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە لە لیژنەی دارایی چەند داواكارییەكیان هەیە، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە هەموو دۆسێی نەوتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی كێشە و گرفتەكانیەوە رادەستی بەغدا بكرێت، بەڵام ئەو داواكارییە لەلایەن هەرێمەوە رەتكراوەتەوە. هاوكات داوایان كردووە رادەستكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی هەرێم بە سۆمۆ بۆ بڕی زیاتر لە 350 هەزار بەرمیل زیاد بكرێت، چونكە بەوتەی ئەوان توانای هەرێمی كوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوت زیاترە لەو بڕە.

لە 173 تریلیۆن دینارەوە بۆ 130 تریلیۆن
هاوكات، سەبارەت بەو گۆڕانكارییانەی كە لە ناوەڕۆكی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021دا لەلایەن لیژنەی داراییەوە كراون، میدیا عیراقیەكان بڵاویانكردۆتەوە، لیژنەی دارایی چەند گۆڕانكارییەكی لە پڕۆژەیاساكەدا كردووە، لەوانە: بڕیاری داوە بودجەی گشتی لە نزیكەی 173 تریلیۆن دینارەوە بۆ 130 تریلیۆن دینار كەم بكاتەوە.

ئاشكراشكراوە، هەرچەندە حكومەتی عیراق بەهای بەرمیلێك نەوتی لە پڕۆژەیاساكەدا بە 42 دۆلار دیاری كردبوو، بەڵام لیژنەی دارایی ئەو نرخەی بۆ 45 دۆلار بەرز كردۆتەوە. هاوكات بڕیاردراوە كە بڕی كورتهێنان لە 73 تریلیۆن دینارەوە كەم بكرێتەوە بۆ (15 – 18) تریلیۆن دینار.

دەربارەی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار كە ماوەیەك لەمەوبەر لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بە (1450) دینار بۆ یەك دۆلار دیاریكراوە، میدیا عیراقیەكان ئاماژە بەوە دەكەن، نرخی دۆلار لە دەسەڵاتی لیژنەی دارایی نوێنەران نییە و ناتوانێت دەستكاری بكات، بۆیە نرخی یەك دۆلار هەر وەكو خۆی بەو بەهایە دەمێنێتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
هاوكات وسام تەمیمی، ئابووریناسی عیراق رایگەیاندوە، حكومەتی عیراق دەتوانێت بەبێ ئەوەی لە مووچەی فەرمانبەران كەم بكاتەوە، كورتهێنانی بودجە بە بەرزبونەوەی نرخی نەوت چارەسەر بكات.

ئەو ئابووریناسە روونیدەكاتەوە، ئێستا نرخی نەوت لە سەرووی 55 دۆلارەوەیە، ئەمەش 10 دۆلار زیاترە لەو نرخەی كە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر كراوە.

دەشڵێت: «ئەگەر ئەو 10 دۆلارە رۆژانە هەڵبگیرێت ئەوە بۆ سێ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دەكاتە 30 ملیۆن دۆلار و دەتوانرێت بەوە كورتهێنانی بودجە چارەسەر بكرێت».

بەوتەی ئەندامانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا لیژنەی دارایی كۆتایی بە راپۆرت‌و داڕشتنەوەی نوێی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دەهێنێت و دەنێردرێت بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە.

 116 جار بینراوە