سەرەکی » زانست » گڕكانەکەی كازاخستان هەموانی سەرسامكردووە

گڕكانەکەی كازاخستان هەموانی سەرسامكردووە

كەشتیی نوح

لە ناوچەی (ئەلماتی) كازاخستان جۆرە بەرزییەكی گڕكانیی لە سەهۆڵ دروست بووە كە هەموانی سەرسامكردووە.

ئەو بەرزییە بەهۆی هەڵپژانی ئاوی كانییەكی گەرمەوە دروست بووە كە لە كونێكی زەویی ئەو ناوچە ساردەوە بە خێرایی دێتە دەرەوە هەر بەهاتنە دەرەوەشی دەیبەستێت و دەبێتە سەهۆڵ، بە جۆرێك ئەو سەهۆڵە بەرزبووەتەوە و بەرزییەكەی گەیشتووەتە (١٣.٧)مەتر .

كاتێك پرژەی ئاوەكە دێتە دەرەوە بەهۆی گەرمییەكەیەوە هەڵمەكەی لە شێوەی ئەو دووكەڵەیە كە لە گەرووی چیایەكی گڕكانییەوە دێتە دەرەوە.

هەرچەندە لە ساڵی رابردوودا گڕكانی سەهۆڵین لەو ناوچەیە دروست بووە، بەڵام وەك ئەمەی ئەمساڵ تایبەتمەندیی هەڵمی ئاوی هاوشێوەی دوكەڵی نەبووە.

شوێنی قوچەكە سەهۆڵینە ناوچاڵە كە لەسەر كانییەكی گەرم دروست بووە، لە نێو دیمەنێكی دڵڕفێندایە كە چینێكی ئەستووری بەفر ئەو ناوچەیەی داپۆشیوە.

پلەی گەرمای ناوچەی ئەلماتی كازاخستان لە وەرزی زستاندا دەگاتە (سفر)ی سەدیی و ئەم سەرمایەش بەسە بۆ ئەوەی تەنانەت كانییە گەرمەكانیش هوروژم بكەنە دەرەوە و ئاوەكەی بیبەستێت.

زاناكان دەڵێن» دەكرێت ئەو جۆرە چیا گڕكانییە سەهۆڵینانە لە هەر شوێنێكی جیهاندا دروست بێت گەر هەوای هێندە سارد بێت كە ئاوی بەرزبووەوەی گەرمیش بیبەستێت».

دەشڵێن « دەكرێت لەو جۆرە چیایانە لە فەزاشدا دروست ببێت وەك ئەوەی تیمی دۆزەرەوەی هەسارەی پلۆتۆ لە ساڵی (2016)دا لەسەر ڕووی ئەو هەسارەیە سەرنجیاندابوو».

سەرچاوە: النقطە العلمیە

 78 جار بینراوە