سەرەکی » مانشێت » ״بەم نزیكانە بودجە پەسەند دەكرێت״

گفتوگۆ بەردەوامە

״بەم نزیكانە بودجە پەسەند دەكرێت״

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە تەواوكراون و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكە بدرێت.

كۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت؟
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە تەواوكراون و بەم نزیكانە رۆژێك دیاری دەكرێت بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكە بدات، وتیشی: ئەوەی تائێستا بۆتە هۆكاری دواكەوتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، هەڵوێستی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانە بەتایبەت هەڵوێستی لایەنە شیعەكان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان و چۆنێتیی چارەسەركردنی پرسی نەوت، «بۆ ئەو مەبەستە لەماوەی رابردوودا وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم، دیدار و كۆبوونەوەی زۆرباشی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایی و لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا كردووە»، راشیگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت.

دانوستانی نێوان بەغدا و هەرێم بەردەوامە
هەروەها شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا كە كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستان، بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەداوە «دانوستانەكانی نێوان وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی عیراق بۆ رێكەوتن لەسەر پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021دا، بەردەوامە و لێكنزیكبوونەوەیەكی زۆرباش، هاتۆتە ئاراوە».

״هەوڵەكان بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم بەردەوامن״
لەلایەكی دیكەوە، هەوڵەكان بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم بەردەوامن.
د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم لە میانی كۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و داراییدا، رایگەیاند: پێویستە بە گوێرەی ئەو رۆژژمێرەی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 دیاریكراوە، پڕۆژەیاساكە تەواو بكرێت و ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.

 438 جار بینراوە