سەرەکی » راپۆرت » له‌ ئه‌نتیكه‌خانه‌ی قه‌ڵا كه‌لوپه‌لی 600 ساڵ پارێزراوه‌

له‌ ئه‌نتیكه‌خانه‌ی قه‌ڵا كه‌لوپه‌لی 600 ساڵ پارێزراوه‌

هه‌ولێر، كوردستانی نوێ

كاتێك سه‌ردانی ئه‌نتیكه‌خانه‌ی قه‌ڵا له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌یت، به‌شێكی زۆر له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ به‌رچاو ده‌كه‌وێ كه‌ له‌لایه‌ن باوباپیرانمانه‌وه‌ به‌كارهێنراون و ئه‌مڕۆش وه‌ك كه‌ له‌پورێكی كۆنی كورده‌واری و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق سه‌یر ده‌كرێن، به‌شێكیان كاری ده‌ستی ناوچه‌كه‌ خۆیان بووه‌ وه‌ك پێداویستییه‌كانی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌كارده‌هێندران، له‌وانه‌ مافوور و به‌ڕه‌ و تیره‌ و هه‌گبه‌ و ئامێره‌كانی تۆماركردن و بڵندگۆ و چه‌ندانی دیكه‌.

وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌نتیكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌ڵێ: ماوه‌ی زیاتر له‌ په‌نجا ساڵه‌ شار به‌ شار و دێ به‌ دێ ده‌گه‌ڕێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی كۆنی كورده‌واری، هه‌ندێك له‌ كه‌لوپه‌له‌كان ته‌مه‌نیان له‌ شه‌ش سه‌د ساڵ زیاتره‌، ئه‌م كاره‌ ده‌كات به‌ ئامانجی پاراستنیان له‌ فه‌وتان و ئاشناكردنیان به‌ میلله‌تانی جیهان له‌كاتی هاتنی گه‌شتیاران و میوانان بۆ شاری هه‌ولێر

كه‌لوپه‌له‌كان وه‌ك شوێنه‌وار نییه‌
خالس یونس مسته‌فا سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌نتیكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، له‌باره‌ی چۆنیه‌تی كۆكردنه‌وه‌ و پاراستنی كه‌لوپه‌له‌ كۆنه‌كان و نمایشكردنی بۆ گه‌شتیاران و رزگاركردنیان له‌ فه‌وتان، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی كوردستانی نوێ ده‌داته‌وه‌ و سه‌ره‌تا له‌باره‌ی ناوی ئه‌نتیكه‌خانه‌كه‌وه‌، وتی: ئه‌نتیك وشه‌یه‌كی كۆنی یۆنانیه‌، هه‌موو میلله‌تیك به‌كاری ده‌هێنێت، كه‌لوپه‌له‌كانی ناو ئه‌نتیكه‌خانه‌كه‌ وه‌ك شوێنه‌وار نییه‌و ته‌مه‌نیان بۆ هه‌زاران ساڵ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ند سه‌د ساڵێكه‌ له‌لایه‌ن باب و باپیرانمان به‌كارهێنراون، بۆیه‌ لێره‌ له‌ ئه‌نتیكه‌خانه‌كه‌ گرنگی به‌ته‌مه‌ن نه‌دراوه‌، به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ندی به‌و كه‌لوپه‌له‌ كۆنانه‌ ده‌دات پێشتر به‌كارهێندراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه‌لوپه‌لمان هه‌یه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌دان ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌باره‌ی ئامانجی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پیشه‌یه‌ وتی: هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ خولیای كۆكردنه‌وه‌ و پاراستنی كه‌له‌پووری كوردستان بووم و توانیوومه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا كه‌لوپه‌لێكی زۆری كۆنی كورده‌واری و نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌ شوێنێك كۆبكه‌مه‌وه‌ و له‌فه‌وتان بیپارێزین، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بیانی و نه‌وه‌كانی ئێستا بزانن مێژوو و كه‌لتوری ئێمه‌ چۆن بووه‌ و باو باپیرانمان چۆن ژیاون.

له‌ ماوه‌ی په‌نجا ساڵی رابردوودا هه‌وڵمداوه‌ به‌سه‌دان هه‌زار پارچه‌ كه‌لوپه‌لی كۆنی ناوچه‌كانی كوردستان و كاری ده‌ستی كۆبكه‌مه‌وه‌، له‌وانه‌ مافور و به‌ڕه‌ و تیره‌ و هه‌گبه‌ و ئامێره‌كانی تۆماركردن و بڵندگۆ و پێداویستییه‌كانی كاری جووتیاری و ئاژه‌ڵداری كه‌ به‌شێكیان كاری ده‌ستی ناوچه‌كه‌ خۆیان بووه‌ و بۆ ژیانی رۆژانه‌یان به‌كارده‌هێنران، ئێستا زۆربه‌یان له‌ ئه‌نتیكه‌خانه‌كه‌ نمایشكروان بۆ میوانان و گه‌نجانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ شاره‌كانی خۆمان، ئه‌وسه‌رپه‌رشتیاره‌ وای وت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: زۆر كتێب هه‌یه‌ ده‌ستنووسه‌ و ئه‌رشیفی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌، هاوكات ئامێری كۆنی میوزیك و چه‌ك و شێوازی ئه‌وكاته‌ی سینه‌ما و ئامێری چاپ و رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن پارێزراون، له‌گه‌ڵ خه‌نجه‌ر و تیغ و تیروكه‌وان، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش بۆ فرۆشتن نییه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی مێژوویه‌كی زۆركۆنیان هه‌یه‌.

شار به‌ شار و دێ به‌ دێ گه‌ڕاوم
خالس یونس له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ كۆنانه‌ وتی: وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد نزیكه‌ی په‌نجا ساڵه‌ كار بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ شار به‌ شار و دێ به‌ دێ گه‌ڕاوم، هه‌مووشیانم به‌ پاره‌ كڕیووه‌، هیچ شتێك به‌ ئاسانی نه‌هاتووه‌، داواده‌كه‌م ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌لوپه‌لیان له‌ماڵه‌وه‌ هه‌یه‌ و شوێنیان نییه‌ بیپارێزن، ده‌توانن بیهێنن بۆ من و منیش لێیان ده‌كڕم، بۆئه‌وه‌ی نه‌فه‌وتێ و نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: نه‌مانی گونده‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی فه‌وتانی زۆربه‌ی كه‌لوپه‌له‌ كۆنه‌كان بوون له‌ كوردستان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر دێهاته‌كان وه‌ك خۆی بمایه‌ زیاتر گرنگی به‌ كه‌له‌پوور و كه‌لوپه‌له‌ كۆنه‌كان ده‌درا و نه‌وه‌ی ئێستا زیاتر پێی ئاشناده‌بوون.

باسی له‌وه‌شكرد: جگه‌ له‌ كه‌لوپه‌له‌ كۆنه‌كانی كوردستان كه‌ هه‌موویان به‌ پاره‌ ده‌كڕین، هانی خه‌ڵكی ده‌ستڕه‌نگین ده‌ده‌ین له‌سه‌ر هه‌مان شێوازی كۆن كاری ده‌ستی بكه‌ن و ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌مان بۆ دروست بكه‌نه‌وه‌، وه‌ك به‌ڕه‌ و مافور و ئه‌وانه‌شی له‌ دار دروستده‌كرێن، زۆر له‌ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ داوا ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت وه‌ك سیمبولی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌نه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌یان.

پێویستمان به‌هاوكارییه‌
سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌نتیكه‌خانه‌كه‌ راشیگه‌یاند: كه‌لوپه‌له‌ كۆنه‌كان هی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌كانه‌، وه‌ك كورد و جوله‌كه‌ و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب و توركمان و سابیئه‌، به‌ڵام به‌هۆی بچووكی شوێنه‌كه‌ نه‌توانراوه‌ وه‌كو پێویست نمایشبكرێن، بۆیه‌ پێویستمان به‌هاوكاری حكومه‌ته‌ تاكو چه‌ندین به‌شی تری بكه‌ینه‌وه‌.

له‌باره‌ی چۆنیه‌تی شیكردنه‌وه‌ و وه‌سفكردنی ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ كۆنانه‌ بۆ میوانان خالس یونس وتی: جگه‌ له‌ كڕیاران، رۆژانه‌ خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هه‌ست ده‌كه‌م به‌ بینینی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ تام وچێژ وه‌رده‌گرن، زۆربه‌یان وێنه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌گرن، هه‌ر بۆیه‌ به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌ پێشوازیان لی ده‌كه‌ین و به‌چه‌ند زمانێك باسی كه‌لوپه‌له‌كانیان بۆ ده‌كه‌ین.

 152 جار بینراوە