به‌كر حه‌سه‌ن
2-2
ئینسانی باڵا له شانۆ و رۆمانه‌وه بۆ ناو فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه
نیتشه ده‌سته‌واژه‌ی (ئینسانی باڵا/Ubermensch ) ی بۆ یه‌كه‌م جار له فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی (هیلفیتوس/ Claude Adrien Helvetius / 1715-1771) وه‌رگرتوه، كه خاوه‌نی كتێبی (ده‌رباره‌ی رۆح/ De l›esprit ) كتێبه‌كه‌ش له لایه‌ن كه‌نیسه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه به كوفر دانرا و له شه‌قامێكی پاریس‌دا سووتێنراوه، یه‌كێك له قسه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت (ئینسان به گێلی له دایك نابێت) به‌واتا ئینسانه گێله‌كان ئه‌وانه‌ن كه گێلێندراون، یان گهوجێندراون! ئا لێره‌وه نیتشه بونیادی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆی داده‌نێت و به زمانی شیعر ده‌ینووسێته‌وه و له سه‌ر زمانی زرادهشتهوه ده‌بێته ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی تا ئێستاش تێرامان و لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.
دیاره من له‌سه‌ره‌وه ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وێنه شیعریه‌كانم به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆم باس كرد، ئه‌وا له خواره‌وه‌ش چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری به نموونه باس ده‌كه‌م، ته‌ماشا:
له‌م نیشتمانه تاریكه‌ی مندا،
له جیاتی باران، گوناه ده‌بارێت!
گه‌ڵای دره‌خته‌كان…
تۆزی خه‌میان لێ نیشتووه،
ئاسمان پڕ بووه له حیكمه‌تی درۆ،
زه‌ویش كلیلێكی ژه‌نگ گرتووه و
درۆی ئه‌م قفڵانه‌ی بۆ ناكرێته‌وه!
(جه‌نگاوه‌رێكی بێ ناسنامه)
ئه‌م وێنه شیعریانه له‌كۆمه‌ڵێك وشه‌ی ئاسان و ئاسایی پێهاتوون، به‌ڵام هه‌موو وشه‌كان له‌ناو ئیقاعێكی ئیحایی جووڵاودا ده‌گه‌نه خوێنه‌ر، دیاره مه‌به‌ست لهجووڵاو ئه‌وه‌یه كه له‌ناو زاكیره‌ی خوێنه‌ردا به‌رده‌وام ده‌بێت و خوێنه‌ر راده‌كێشێته ناو چه‌ندان وێنه‌ی تر كه له‌ناو هه‌ستیدا و دوای بینینی ئه‌و وێنانه دروست ده‌بن و تا بینینی ئه‌و وێنانه له خه‌یاڵیدا نه‌بوون و زاكیره‌ی به ئاگا دێته‌وه، ته‌ماشا: (ئاسمان وه‌ك ده‌لاله‌تی هێزێكی غه‌یبی، گوناه وه‌ك ده‌لاله‌تی غه‌در، حیكمه‌تی درۆ وه‌ك ده‌لاله‌تی هێزێكی ناڕه‌سه‌نی غه‌یبی و ده‌سه‌ڵاتی درۆزن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر له‌سه‌ر نیشتمانی شاعیر) هه‌موو ئه‌م شتانه له یه‌ككاتدا و له‌نێو یه‌ك حاڵه‌تی ده‌روونی و هه‌ست و خه‌یاڵێكی چڕ و پڕی ویژدانی شیعردا له‌ناو زمانی شیعری شاعیردا به‌رهه‌م دێت و ده‌بێته هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی مه‌عریفی كه به‌هۆی زمانێكی شیعریه‌وه له ویژدانی خوێنه‌ردا ده‌كه‌ونه شه‌ڕێكی چاوهڕوانهكراوهوه. ئه‌وه‌ش ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه كه خوێنه‌ر تیایدا ده‌چێته زه‌مه‌نی شاعیره‌وه و ده‌بێته بینه‌ر، به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته‌دا كه بینه‌ره بێ ئه‌وه‌ی ئاگای له خۆی بێت به ناچاری ده‌كه‌وێته ناو شه‌ڕه‌كه‌وه و دواتر ده‌كه‌وێته رامانێكی وردی ئامانجداره‌وه، ئه‌و رامانه‌ش بهڕامانی فه‌لسه‌فه‌ی فریدریش نیتشه ناسراوه و بریتییه له‌هه‌ر دوو تێڕامانی فه‌لسه‌فه‌ی (مردنی خواوه‌ند و ئینسانی باڵا) كه ئامانج لێی دروستكردنی ئینسانی باڵایه تا دوای مردنی خودا جیهان پاك بكاته‌وه و عه‌داله‌ت بچه‌سپێنێت و قه‌ڵاچۆی ئازار بكات له‌سه‌ر زه‌وی.
(ئاسمان پڕ بووه له حیكمه‌تی درۆ)
(زه‌ویش كلیلێكی ژه‌نگ گرتووه و)
درۆی ئه‌م قفڵانه‌ی بۆ ناكرێته‌وه! )
(جه‌نگاوه‌رێكی بێ ناسنامه)
شاعیر له‌م وێنه شیعریه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ناڕاسته‌وخۆ ئاماژه به دوو شت ده‌كات یه‌كه‌میان بریتییه: له مردنی خوداوه‌ند له وێنه‌یه‌كی شیعریی ئاماژه‌یدا به هاوكاری وشه‌ی ئاسمان و حیكمه‌تی درۆ، هه‌موو وشه‌كان ساده و رۆژانه‌ن به‌ڵام له وێنه‌كه‌دا له ناو فه‌زایه‌كی مه‌عریفی فه‌لسه‌فیدا كار ده‌كه‌ن. كاتێك كه (ئاسمان پڕ ده‌بێت له حیكمه‌تی درۆ و گوناه ده‌بارێنێت)، دووه‌میان بریتییه له بانگه‌وازێكی پێویست و خێرا بۆ له‌دایكبوونی (ئینسانی باڵا) تا بتوانێت گۆی زه‌وی له گوناهه‌كانی خوداوه‌ندی مردوو پاك بكاته‌وه.!
یان ته‌ماشا له‌م كۆپله‌یه‌دا:
به‌ر له‌وه‌ی زیندهبهچاڵبكرێن…
كیژۆڵه‌یه‌ك له‌نێو هاتوهاواری رهشپۆشهكاندا،
قه‌ڵه‌مێكی به ده‌ست تارماییهكهوه بینی..
كه به خه‌تێكی خۆش و ره‌وان،
له‌سه‌ر به‌رگی قورئانه‌كه ده‌ینووسی:
– بۆ ئه‌نفال، نه‌ك بۆ ژیان!(نیگای مردن)
لێره‌دا وشه‌كانی (زینده‌به‌چاڵ كردنی بوونه‌وه‌ری ئینسانی، كیژۆڵه‌یه‌ك، ره‌شپۆش، قه‌ڵه‌مێك له تارمایی به مانا قه‌ڵه‌مێكی غه‌یبی نه‌بینراو، به‌رگی قورئان و سوره‌تی ئه‌نفال وه‌ك كتێبی قورئان، مردن و فه‌نابوونی یه‌كجاری له‌بری ژیان و به‌رده‌وامی ژیان). ئه‌وه ئه‌و وشانه‌یه كه له چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعریدا چه‌ند وێنهییكی زهنی (جوڵاو) ی به‌خشیوه به‌خه‌یاڵی خوێنه‌ر. به‌وه‌ش شاعیرخۆی له‌پاوانخوازی له فه‌رزكردنی وێنه‌یه‌كی شیعری له قاڵبدراو به خوێنه‌ر پاراستوه. ئه‌وه‌ش به بڕوای من شتێكیتره له تایبه‌ت مه‌ندییه‌كانی وێنه‌ی شیعری ده‌وه‌ن چونكه به‌وه توانیویه‌تی له لایه‌ك رێز له تێفكرینی تایبه‌تی خوێنه‌ر بگرێت و له لایه‌كی تره‌وه توانیویه‌تی خوێنه‌ر هان بدات كه بۆ جارێكی تر له‌ناو ئاه و ناڵه‌ی خۆی و له‌ناو برینه رۆحییه‌كانی خۆیدا و به تێفكرین و چێژی خۆی درۆ باڵداره‌كانی ئاسمان ره‌تبكاته‌وه و نه‌هامه‌تیه‌كانی خۆی بخوێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌زیفه‌یه‌كی تری وێنه‌ی شیعری نوێیه له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له شیعری كوردیدا كه‌مه.
جارێكی تر. (ره‌شپۆشی ئاماژه‌یه بۆ ئاماده‌بوونێكی هه‌میشه‌یی مردن له‌سه‌ر گۆی زه‌مین، زینده به‌چاڵكردنی ژیان جارێك وه‌ك تۆڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران جارێكیش وه‌ك هه‌قێكی خودایی و جارێكی تریش وه‌ك پیرۆزكردنی ئازار له‌پێناوی پاداشتی دنیای ئاخره‌ت!) هه‌موو ئه‌م وشانه له ده‌روونی شاعیره‌وه چه‌ند وێنه‌یه‌كی شیعری دیكه‌ی جوڵاو ده‌به‌خشێت به‌خوێنه‌ر ته‌نها هیوای شاعیریش له‌م كاره‌ی ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر به‌ره‌و لای راستییه‌كان راكێشێته‌وه و له درۆباڵدارهكان رزگاریان بكات، لێره‌دا شاعیر وه‌ك په‌یامبه‌رێكی بێلایه‌ن له‌گه‌ڵ زهن و خه‌یاڵی خوێنه‌ردا مامه‌ڵه ده‌كات و هه‌ستی خوێنه‌ر بۆ خۆی قۆرغ ناكات تا به ئاره‌زووی خۆی وێنه‌ی تێدا دروست بكات و به‌سه‌ریدا بیسه‌پێنێ، چونكه خۆ سه‌پاندن له شیعری نوێ‌دا شیعر له نامه ئینسانییه‌كه‌ی به تاڵ ده‌كاته‌وه و وه‌ك ئه‌وه وایه به‌ناوی ئازادی هه‌ست و خه‌یاڵه‌وه ئازادی و هه‌ستی خه‌یاڵی خوێنه‌ر زیندانی بكه‌یت. وێنه‌ی شیعری جوڵاو ئه‌و وێنه‌یه‌یه كه له جوڵه‌یه‌كی ده‌ربڕینی به‌رده‌وامدا له‌ناو هه‌ستی خوێنه‌ردا ده‌مێنێته‌وه و به‌هۆی دیمه‌نه ئیحائیهكانیهوه خوێنه‌ر ده‌باته ناو زهن و تاقیكردنه‌وه و زاكیره‌ی خۆی و خودی خۆی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ئازاد نه‌ك وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی رۆح كوێر و ده‌سته‌مۆی واقیعی به زۆر سه‌پێنراو. ئیتر خوێنه‌ر لێره‌دا ده‌بێته‌وه به‌خاوه‌نی زاكیره و تێڕوانین و خه‌یاڵی خۆی و ده‌ست ده‌كات به‌دروستكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ په‌یوه‌ندی نوێ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بیروباوه‌ڕیدا، باشتر بڵێم خوێنه‌ر ده‌بێته‌وه به شاعیرێكی تر یان شاعیری دووه‌می ده‌قه‌كه بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه به‌پێی چیژ و هوشیاری خۆی. ته‌ماشا :
(له‌سه‌ر به‌رگی قورئانه‌كه ده‌ینووسی: – بۆ ئه‌نفال، نه‌ك بۆ ژیان!)
نیتشه به‌كۆمه‌ڵگای مه‌سیحیه‌ت ده‌ڵێت ئێمه خوداوه‌ندمان كوشت: كوا خوداوه‌ند؟ من پێتان ده‌ڵێم كه خوداوه‌ندمان كوشت، من و ئێوه پێكه‌وه خوداوه‌ندمان كوشت! ئیتر خوداوه‌ند مردووه. باشه ئه‌ی چۆن چۆنی ئێمه‌ی ترسناكترین بكوژ دڵی خۆمان بده‌ینه‌وه… كێ ده‌ستی خوێناویمان ده‌سڕێ و كام ئاو له‌و گوناهه پاكمان ده‌كاته‌وه؟… باشه ئه‌ی پێویست ناكات كه ئێمه‌ی بكوژ بۆ بیانووهێنانه‌وه بۆ كوشتنی خوداوه‌ند ئیتر خوداوه‌ندی خۆمان رابگه‌یه‌نین؟!!
ده‌وه‌ن مه‌عروفیش له بانگه‌وازه‌كه‌یدا بۆ درووستبوونی ئینسانی باڵا ده‌ڵیت: ئه‌و پێنووسه‌ی كتێبه ئاسمانییه‌كه‌ی ئێمه‌ی پێ نووسراوه كوێره و راستیه‌كانی له زه‌مه‌نێكی تاریكی‌دا نووسیوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌تا ئه‌نفالی كردووین و زینده به چاڵی كردوین. هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێت و ئیتر هه‌موو لێكدانه‌وه‌كانی تر بۆ خوێنه‌ر به‌جێده‌هێڵیت و خوێنه‌ر تووشی شه‌ڕێك ده‌كات له‌ناو خۆیدا چونكه خوێنه‌ر هه‌ر خۆی به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڵگر و موتیعی په‌یامی زینده به چاڵكردنه جارێكی تر ته‌ماشا شاعیر پرسیار ناكات و رامان ده‌كێشێته ناو شه‌ڕێكه‌وه:
به‌ر له‌وه‌ی زینده به چاڵبكرێن…
كیژۆڵه‌یه‌ك له‌نێو هاتو هاواری رهشپۆشهكاندا،
قه‌ڵه‌مێكی به‌ده‌ست تارماییهكهوه بینیی. (نیگای مردن)
لایه‌نێكی تری گرنگ و جیاوازی ئه‌م وێنه شیعریه له‌وه‌دا كه شاعیر بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك پرسیاریشمان لێبكات ئێمه‌ی خوێنه‌ر ده‌نێرێته ناو تێڕامانێكی فه‌لسه‌فیه‌وه كه ته‌واو بریتیه له په‌یوه‌ندییه‌كانی بوونی ئێمه به شته پیرۆزه‌كانه‌وه. شاعیر ته‌واوی ئه‌و په‌یوه‌ندییه تێكده‌شكێنێ و ده‌مانخاته ناو په‌یوه‌ندیه‌كی تر له‌گه‌ڵ شته‌كاندا. گرنگی و جیاوازی سیمای ناوه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌یه ئه‌وه‌یه كه پێمان ده‌ڵیت ئێمه مێژوویه‌كین له‌تارمایی. لێره‌دا شاعیر بێ ئه‌وه‌ی پرسیار له ئێمه‌ی خوێنه‌ر بكات ناچارمان ده‌كات وه‌ڵامی كۆمه‌ڵێك پرسیار بده‌ینه‌وه كه له‌وانه‌یه هه‌رگیز له خۆمان نه‌كردبێت یان له خۆمان كردوه و وه‌ڵامه‌كه‌مان رازی بوون بووه به قه‌ده‌ری نه‌هامه‌تیه‌كان یان رازی بوونمان بووه به ئازاری پیرۆز و مردنی پیرۆز له پێناوی پاداشتی ئه‌و دنیادا كه پێی ده‌ڵێین ئاخیره‌ت!! باشتر بڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وێنه شیعرییه‌كان ئاماژه‌یین و به‌وهۆیه‌وه ده‌رگا له‌سه‌ر تێفكرینی خوێنه‌ر ده‌كاته‌وه تا كۆمه‌ڵێك پرسیار له خۆی بكات و به دوای ئه‌و نهێنیانه‌دا بگه‌ڕێین كه له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا خۆی حه‌شار داوه. من پێموایه شاعیر به ده‌ستی ئه‌نقه‌سه‌ت پرسیار له خوێنه‌ر ناكات. ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ وشه‌كانی شاعیردا كه بریتییه له‌گوناه و درۆی ئاسمان و بێده‌نگ بوونی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌مان و چاوپۆشینی گوێ زه‌وی و دانیشتوانه‌كه‌ی له‌گوناهه‌كانی ئاسمان ئێمه‌ی خوێنه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ناو زیهنی و مه‌عریفه‌ی خۆمان تا له بوونی ئینسانی خۆماندا بتوانین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌ینه‌وه كه شاعیر لێی نه‌كردووین. به‌ڵام ئاماژه‌ی پێداوه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و پێمان بڵێت:(بگه‌ڕێنه‌وه ناو خۆتان ئایا ئه‌و نهێنیه چییه و بۆچی و له‌به‌رچی ئێمه‌ی دانیشتوانی راسته‌قینه‌ی سه‌ر گۆی زه‌مین وه‌ك ئه‌وه‌ی بوونه‌وه‌رێك بین بۆ ئازار چه‌شتن و كوشتن و رقلێبوونه‌وه و تۆڵه و مردنی پێش وه‌خته مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت یان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ین؟ ئه‌ی بۆ بێده‌نگین له‌و هه‌موو درۆیانه‌ی له‌ئاسمانه‌وه وه‌ك گوناه به‌سه‌رماندا ده‌بارێت؟ باشه ئێمه بۆ له‌و ئاسمانه ده‌پاڕێنه‌وه كه بۆته سه‌رچاوه‌ی گوناه و له‌بری به‌زه‌یی گوناهمان به‌سه‌ردا ده‌بارێنێ؟ یان بۆ راناپهڕین تا دنیا له‌و درۆیانه پاك بكه‌ینه‌وه كه جه‌سته و رۆحمان له‌ژێر زه‌بری ئازاری پیرۆزدا پێشكه‌ش به‌مه‌رگ ده‌كه‌ین؟
ئه‌وه ئه‌و وێنه شیعریانه‌یه كه بۆ جارێكی تر له‌چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا كۆمه‌ڵگه‌ی ئینسانی رادهچڵهكێنێت تا به‌خۆیدا بچێته‌وه و بپرسێت ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئاسمان جوگرافیای بوونی خودا و هه‌موو بهزهیهكانی خودایه و پێویسته پاكی و جوانی و به‌زه‌یی و خێر و یه‌كسانی و ئاشتیمان به‌سه‌ردا ببارێنێ ئه‌دی ئه‌ی بۆ گوناهبارمان ده‌كات؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر زه‌مین موڵكی خودایه. ئه‌ی بۆچی پڕ بووه له حكیمهتی درۆ :
له‌تاو بێ خوداوه‌ندیی…
چنگ ده‌كه‌م به زه‌وییدا…
ئێسكی مرۆڤ دێت به ده‌ستمه‌وه!
له تینوێتیدا ده‌چمه كه‌نار ده‌ریایه‌ك،
چنگ ده‌كه‌م به قووڵایی ئاودا…
سه‌رپۆشی ژنێك سه‌رئاو ده‌كه‌وێت. (ئه‌م جیهانه كه‌ی ته‌واو ده‌بێت)
یان :
نامه‌وێت وه‌ك ئه‌م جیهانه جه‌نجاڵه،
له تاوانی كائینهكان بێده‌نگ بم…
مرۆڤ ئه‌وی دیی ده‌كوژێت! (ئه‌م چیهانه كه‌ی ته‌واو ده‌بێت)
* * *
دواتر له‌م كۆپله‌یه‌دا رۆحی ئینسانی باڵا ده‌چیته ناوعارفێكهوه. عارفێك كه بتوانێت ره‌گی حه‌قیقه‌ته داكوتراوه راسته‌قینه‌كه‌ی ئینسان كه په‌یوه‌نده به بوونیه‌وه له قووڵایی په‌یوه‌ندییه‌كاندا له‌گه‌ڵ گۆی زه‌وی و مهخلوقاتهكاندا بدۆزێته‌وه! ئه‌وه‌ش جارێكی تر دووباره‌كردنه‌وه‌ی بانگه‌وازی شاعیره بۆ به‌رهه‌م هێنانی ئینسانی باڵادا به‌ناوی عارفێكهوه كه یاساكانی ژیان له‌ناو په‌یوه‌ندی راسته‌قینه‌ی ئینسانهكاندا له‌ناو ماڵی ئینسان خۆیدا (گۆی زه‌مین) نه‌ك رووبه‌ره‌كانی بۆشایی ئاسمان به‌ده‌ست بێنێت. ته‌ماشا:
به‌و مه‌خلوقه بڵێن…
چی دی به‌نێوی خوداوه‌نده‌وه،
هه‌ڕه‌شه‌م لێ نه‌كات!
من كه‌سێك ده‌په‌رستم…
هه‌موو رۆژێك له‌نێو دڵما،
گۆرانی بۆ بوونم ده‌چڕێت.(نزا)
* * *
جاره‌كی دیی به‌و رێگه‌یه‌دا هه‌نگاو نانێم…
كه تووله رێگه‌كانی پڕن له هه‌ورازی درۆ،
به ئاوی كانییه‌ك تینوێتیم ناشكێنم…
كه به به‌ردی درۆ چوارده‌وری هه‌ڵچنراوه،
ده‌مم ده‌نێم به سكڵی ئه‌و عیرفانه‌وه.
كه ره‌گی له هه‌قیقه‌تدا چاندووه! ( ره‌گ)
* * *
ته‌ماشا له خواره‌وه چۆن ده‌وه‌ن مه‌عروف پێمان ده‌ڵێت له‌به‌ر كام هۆكاری ئینسانی ئێمه پێویستمان به ئینسانی باڵایه!
ئێمه كێین؟
شانۆكارێكی تهنبهڵین له‌نمایشی ژیاندا!
وێنه‌یه‌كی بێ ره‌نگین له تابلۆكاندا…
ده‌نگێكی ناشازین له ئۆپێراكاندا،
هه‌موو ده‌مێك هه‌ر ده‌ڵێین ئێمه و
وه‌لێ هه‌ر بچووك ده‌بینه‌وه!
وه‌ك تابلۆی (خه‌و) نووستووین و
خه‌به‌رمان نابێته‌وه!
به ده‌م پێكی شه‌رابه‌وه جوانییه‌كانی
ژیان ده‌كوژین…
باوه‌ش ده‌كه‌ین به‌تفه‌نگه شكاوه‌كاندا و
ماچیان ده‌كه‌ین،
بۆنی پێكه به‌تاڵه‌كانی شه‌راب ده‌كه‌ین و
خوێن ده‌ڕێژین!
زه‌مه‌نی عه‌تربازه هاوڕێ…
چه‌ند سه‌خته ژیان له‌گه‌ڵ كرم و ئه‌سپێدا،
ئه‌و ده‌مه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت
گۆرانی بچڕین سه‌ما بكه‌ین…
عهتربازهكان هه‌ر خه‌ریكی،
كاڕنهڤاڵی خوێن و كوێر كردنی چاوهكانن.
ئێمه چین؟
سه‌رچاوه‌كان:
* كۆمه‌ڵه شیعری ملوانكه‌ی پرته‌قاڵ/ ده‌وه‌ن مه‌عروف/ 2019
*. إذن ما هو الإنسان الاعلی؟ نادر أبازید
* الإنسان الخارق.. أیقونه التحول في الاخلاق والسلوك
* Friedrich Nietzsche: Du sollst werden, der Du bist!
Mathias Balzer
* Nietzsches Ubermensch. Gefahr oder Chance?
Tanja Stramiello
دەوەن مەعروف
375 جار بینراوە